ناتۆ: ئەرکەکانمان لە عێراق زیادیان کردووە

ليست هناك تعليقات


 

نێردەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) رایگەیاند، ئەرکەکانیان لە عێراق زیادیکردووە و لە بوارەکانی راوێژکاری و بونیادنانی تواناکان کارەکانیان زیاتر دەبێت، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو زیادکردنی ئەرکانە لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە، ئەوە لەکاتێدایە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە و هاتوچۆی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بڵاوبوونەتەوە کە بەرپرسانی وڵاتە رەتیانکردووەتەوە.

نێردەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە"ناتۆ" رایگەیاند لەسەر داوای عێراق و بەبڕیاری ئەنجوومەنی هاوپەیمانێتییەکە لە رۆژی 17ـی ئابی 2023، ئەرکەکانی هێزەکانیان لە عێراق زیاددەبێت کە جگە لە ئەرکەکانی پێشوویان ئەرکی راوێژکاری و بونیادنانی تواناکانیان بۆ پشتیوانیکردنی وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی زیاددەبێت.

فەریق خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئۆگوێرۆ ماتنیس، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە"ناتۆ" رۆژی پێنجشەممە، 17-8-2023، سەردانی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی کرد و لەوچوارچێوەیەدا بەپێی هەردوولا چالاکی زیاتر بەتەواوکاری و پشتیوانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە پێشکێشدەکرێت.

ناتۆ دەڵێت سەرجەم کارەکانی لەسەر داوای عێراق و لەچوارچێوەی رێزگرتنی تەواوی سەروەرەیی ئەو وڵاتە و دروستیی هەرێمایەتیی دەکرێت.

نێردەی ناتۆ لە عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018ـەوە لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزراوە، راوێژکاری دەداتە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی عێراق لەو وەزارەتە، جگە لە نووسینگەی راوێژکارێتیی ئاسایشی نەتەوەیی و سەنتەری ئۆپەڕاسیۆنەکانی نیشتمانی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی پێشکێشدەکات. 

ئەو راگەیێندراوەی ناتۆ لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا، ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەتەوە گوایە هێزەکانی ئەمریکان و لە عێراق هاتووچۆ دەکەن و دەگوێزرێنەوە بۆ ژمارەیەک لە پارێزگاکانی زۆرینە سونە و بەسرە و چەند ناوچەیەکی دیکە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا رەتیانکردووەتەوە هیچ هێزێکیان لە عێراق زیادکردبێت.

14ـی ئابى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى سەربازیی عێراق رایگەیاند عێراق پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، گەیشتوونەتە ئاستێکى پێشکەوتووى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى پەیوەندى و هاریکاریی داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif