ناکۆکی و شەڕی باشور، سروشت و وێرانکاری

ليست هناك تعليقات


 ئەبوبکر کاروانی
-
(١٥)
ناکۆکی و شەڕی باشور و بەڕووكەش هێشتنەوەی نوێبوونەوەی سیاسی

ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین مۆدێرنە، مۆرك بەشتەكانی دەبەخشێت. بەگشتی مۆدێرنیتە واتە نوێبوونەوەی ماددی، سەراپای جیهانی گرتۆتەوە. جیهان بە ئاستی جیاواز لە بەرهەمەكانی ژیاری نوێ‌ سوودمەند‌و لە هەمان كاتدا باجیشی داوە‌و دەدات. بەڵام ئامادەیی مۆدێرنیتە واتە نوێبوونەوەی ماددی، بوونی دام و دەزکاو پەیکەرو کەرەسەو ئامرازەکان، بەتایبەتیش لەبوواری سیاسیدا، یەکسان نییە بوونی مۆدێرنە و نووێبوونەوەی ڕۆشنبیری و پیادەکردنێکی نوێ و دامەزراوەو ئەخلاقیانەی سیاسەت. واتا مەرج نییە بەمانای وشە نوێبوونەوەی فیكری‌و سیاسیی بە دیوە ئەرێنییەکەدا بگەیەنێت، بەڵکو زۆر جار ئاماژەیە بە ڕووکارە تاریك و نائەخلاقییەکەی مۆدیرنەو نوێبوونەوەی سیاسی کەلە دەوڵەتی هۆبزی و دکتاتۆرییەت و ستەمکاریدا خۆی دەردەخات. ئەگەر بکرێت مرۆڤ لەڕووی شکڵ و شێوەی ژیانکردن و بەکارهێنانی بەرهەمەکانی تەکنەلۆجیاوە ، بە عەقڵێكی قەیراناوی‌و كۆنەوە، نوێترین دەسكەوتەكانی زانست‌و تەكنۆلۆژیا‌ بەكاربهێنێت، بەدیوە سیاسییەکەشدادا، دەسەڵاتدار دەتوانێت، بە ڕواڵەت خاوەنی دامەزراوە نوێکانی دەوڵەتی نیشتیمانی نوێ بێت، لەهەمان کاتدا پەیوەندی بە هاوڵاتیەکانییەوە، بەرجەستەی فۆرمێکی دوواکەوتووی سیستمی سوڵتانی بکات! یەکێ لەو کێشانەی دووچاری هەرێمی کوردستان و بەگشتی باشووریش هاتووە و بووە بە بەربەست لەبەردەم گەشەکردنیدا، شێوانی نوێبوونەوەی سیاسییە، کە نەخۆشییەکە کۆی ناوچەکە بەئاستی جیاواز بەدەستیەوە دەناڵێنێت، و بەڵام رەنگدانەوەکانی لە کوردستاندا، بەهۆکاری جۆراوجۆرو لەوانەش نەبوونی دەوڵەت، کارەساتبارترە.

مەبەستیشمان لە نوێبوونەوەی سیاسی، بەشێوەیەکی گشتی، دووبارە بیناکردنەوەی چەمك وکایەی سیاسەت و دەسەڵات و حوکمڕانییە لە ڕووانگەی بەهاو پێوەرو دامەزراوە سیاسییەکانی دنیای نوێ لە بەرگە دیموکراس و مافخوازو مرۆڤ سەنتەرەکەیدا.

ئەوەش لانی کەم لە چەندین شتدا رەنگ دەداتەوە، لەوانەش:

١- تێپەڕاندنی ناسنامە فەرعی و دابەشبوونە کۆنەکان بە قازانجی ناسنامەیەکی نیشتیمانی هاوبەش و کۆکەرەوە و خەمڵاندنی چەمکی گەل و هاوڵاتێتی یەکسان و ئازاد.

٢- بەدامەزراوەیی کردنی دەسەڵات، واتە پیادەکردنی دەسەڵات لە ڕێی چەند ڕێسایەکی بابەتی و جیاکردنەوەی دەسەڵات لە شەخسی دەسەڵاتدار، کە دەستکارییەکی قوڵی چۆنێتی دروستکردنی بڕیاری سیاسی و پیادەکردنی دەسەڵات دەکات.

٣- بەهێزی دامەزراوە نیشتیمانییەکان و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ناوەندی سەرو ناوچەیی و کۆتایهێنان بە هەموو ڕواڵەتێکی فرە دەسەڵاتی، کەلە بنەرەتدا ڕوواڵەتێکی قۆناغی دەرەبەگایەتی و پێش سەرهەڵدانی دەوڵەتە نوێکانە.

٤- ڕێکخستی کۆمەڵگەی سیاسی و بە دیموکراتیزەکردن و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتی و حکومەتی قانوون، لە ڕێی بوونی دەستوورێکی مەدەنی سازان لەسەرکراوەوە.

٥- بوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کارا.

ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە گرنگترین ڕوواڵەتەکانی مۆدێرنە یاخود نوێبوونەوەی سیاسی پێکبهێنن، ئەوا سەرجەمیان لە هەرێمدا دووچاری شێوان و ئاسەنگ و ئاڵنگاری هاتوون.

ناكۆكی‌ و سەرو دابەشبوونە مێژووییەکە بۆتە هۆی شێواندنی ناوەرۆكی چەمکەکانی نەتەوەو ناسیونالیزمی كوردی، پەكخستن یاخود ناكاراكردنی پرۆسەی نیشتمان‌و نەتەوە‌و حكومەت و دیموکراسی سازی.

هەروەها کارێکیان کردووە، تەنها نوێبونەوەیەكی شكڵی‌و رواڵەتیمان هەبێت. واتە رواڵەت ‌و دیوی دەرەوەی دام‌ و دەزگا مۆدێرنەكانی وەكو: حكومەت‌ و پەرلەمان‌ و دەسەڵاتی داوەری‌ و حیزب ‌و كۆمەڵگەی مەدەنیمان هەبێت، هەروەها نیشتمان‌و نەتەوە‌و حكومەتسازی لە گوتاری سیاسیماندا ئامادە بێت، بەڵام لە حەقیقەت‌و قوڵاییدا، هیچ كام لەوان رۆڵی خۆیان وەك ئەوەی پێویستە نەبینن و ئەو بەرەنجامانەیان لێنەکەوتۆتەوە کە لە دۆخێکی ڕاستەقینەی نوێبوونەوەو ئامادەبوونێکی بەهایی و کارایی ئەم دەستکەوتانەی مۆدێرنەی سیاسی دەکەونەوە.

بۆیە بە پلەی یەكەم بونەتە دەزگا‌و بەهای رەوایەتیدان بە دۆخی لەئارادابوو، کەدۆدخی شێواوی رەوتی گەشەکردنی کۆمەڵ و گێژاوی کۆمەڵگەی سیاسییە. ئەوەش وایکردووە دام و دەزگا بەڕوواڵەت نوێکان، توانای ئەنجامدانی دابڕانێکی جددی و قووڵیان لە گەڵ قۆناغی پێش خۆیان نەبێت، بەڵکو زیاتر ڕۆڵی رازاندنەوەی رووی دەرەوەی سیستم و پەردەدان بەسەر واقیعێکی نەخوازراو بگێڕن؟!. هەموو ئەوەش پێمان دەڵێت: ناكۆكی‌و شەڕی ناوخۆی كوردی باشوور هۆكارێكی بنەڕەتی شێواندنی ڕەوتی گەشەكردنی سروشتی كۆمەڵگە‌و پرۆسەی نوێبوونەوەی سیاسی بووە.

شێوانی پرۆسەی بە مۆدێرنە كردنی سیاسەتیش دەبێتە هۆی تێكەڵبوونێكی ناسروشتی‌و بەرژەوەندیخوازانە‌و دژی مێژووییانەو ناهووشیارانەی ڕووە ڕووناك و تاریکەکەی مۆدێرنە لە گەڵ یەکتر لایەك و سوننەت‌ و نوێبوونەوە لەلایەکی ترەوە.

ڕێشدەگرێت لەوەی كۆمڵگا قۆناغەكانی گەشەکردنی خۆی بە سروشتی ببڕێت‌ و دام‌ و دەزگا نوێکانیش توانای ڕاپەڕاندنی ئەرك و ئامانجەکانیان لەسەر ئاستی کایە جیاوازەکاندا هەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif