ئەمریکا هێزێکی سەربازی دەنێرێتە کەنداو

ليست هناك تعليقات



ئەمریکا هێزێكی سەربازی دەنێرێتە ناوچەی کەنداو و کەشتیگەلی پێنجی ئەمریکاش رایگەیاندووە، ئامانج لەو کارە بەرپەرچدانەوەی ئێرانە لە دەستگرتن بەسەر کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز.

رۆژی دووشەممە، 7-8-2023، تیم هۆکینز، گوتەبێژی کەشتیگەلی پێنجی هێزی مارینزی ئەمریکا رایگەیاند، وەک بەشێك لە پلانی وەزارەتی بەرگری، زیاتر لە 3 هەزار سەربازی مارێنز رەوانەی ئاوی کەنداو کران.

سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، لە دوو ساڵی رابردوودا ئێران هەوڵیداوە یان دەستی بەسەر لانیکەم 20 کەشتیی بازرگانیدا گرتووە.

هۆکینز گوتی: "لە رۆژی یەکشەممە، 6ی ئەم مانگەوە، کەشتی هێرشبەر یوو ئێس ئێس باتان و یوو ئێس ئێس کارتەر لە دوای تێپەڕاندنی دەریای نێوەڕاست لە کەناڵی سوێسەوە، گەیشتنە دەریای سوور".

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: "بڵاوەپێکردنی سەرباز و کەشتی سەربازی لە ناوچەکەدا، سووربوون و پابەندبوونمان بە پاراستنی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە دەسەلمێنێت".

فەرماندەی کەشتیگەلی پێنجی ئەمریکی رایگەیاند: "ئەو هێزانەی کە رەوانەی ناوچەکە کراون شان بە شانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی کردە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لە رێگریکردن لە چوون و هاتنی کەشتییە بازرگانییەکان و دەستگرتن بەسەر هەندێکیان".

ئێران لەسەر زاری ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، بڵاوەپێکردنی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە هۆکاری نائەمن و ناسەقامگیری هەموو ناوچەکەیە و هەرگیز ئاسایشی بە دوای خۆیدا نەهێناوە؛ بەرژەوەندیی ئەمریکا هەمیشە لە وروژاندن و هاندانی ناوچەکە بۆ نائەمنی دێتە دی".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif