پاسدارانی ئێران: هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگرمان نەداوە

ليست هناك تعليقات


ئاژانسی هەواڵیی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران رەتیدەکاتەوە هێزەکانی پاسداران هەوڵیان دابێت لە گەرووی هورمز دەست بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا بگرن، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا دەڵێن، دوو کەشتییەکەیان لەدەست پاسداران رزگار کردووە.

رۆژی چوارشەممە 05-07-2023 تیمۆسی هاوکینگس، گوتەبێژی کاروانی دەریایی پێنجەمی ئەمریکا رایگەیاند، رێگەیان لە ئێران گرتووە دەست بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا بگرێت.

کۆمپانیای چێڤرۆن، کە کۆمپانیایەکی فرەبنکەی ئەمریکییە و لە بواری نەوت و گازدا کاردەکات، باس لەوە دەکات، یەکێک لە کەشتییەکان ریچمۆند ڤۆیاجەر بووە کە کەشتییەکی زەبەلاحە و لەلایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت. باسیشی لەوە کردووە، تیمی سەر کەشتییەکە، سەلامەت بوون.

هاوکینگس دەڵێت، لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی دووەمدا، کەشتییەکی ئێرانی تەقەی لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکە کردووە. هەردوو رووداوەکەش لە سنووری ئاویی نێوان ئێران و عومان روویانداوە.

بەڵام ئاژانسی تەسنیم، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، رەتیکردەوە پاسداران هێرشی کردبێتە سەر ئەو دوو کەشتییە نەوتهەڵگرە و هەوڵی دەستبەرکردنیانی دابێت.

تەسنیمی پاسداران نووسیویەتی، "ئەو راگەیاندنەی هێزی دەریایی ئەمریکا دوورە لە راستی و رەتیدەکەینەوە."

لە ساڵی 2019وە ئێران چەندینجار هێرشی کردووەتەوە سەر کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان، کە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

بەگوێرەی هێزی دەریایی ئەمریکا، مانگی رابردوو ئێران لە یەک هەفتەدا دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرتووە.

بەپێی رێکخراوی ڤۆرتێکسا، کە تایبەتە بە چاودێریی جموجۆڵی وزەی جیهان، نزیکەی پێنجیەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بە گەرووی هورموزدا دەڕوات، کە کەلێنە ئاوێکە لە کۆتایی نۆکەندی عەرەب لەنێوان سنووری ئێران و عومان.

گوتەبێژێکی کۆمپانیای چێڤرۆن باس لەوە دەکات، "هیچ زیانێکی گیانی، برینداربوون و زیانی مادی" لەسەر کەشتیی ریچمۆند ڤۆیاجەر نەبووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ریفینیتیڤ، کەشتیی ریچمۆند ڤۆیاجەر پێش گەیشتنی بە نۆکەندی عەرەب، لە بەندەری رەئس تەنوورەی سعودیە نەوتی بارکردووە و بەرەو سەنگاپوور رۆیشتووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif