یاسین تەها
-
دەسپێك:
پەیوەندیی بزاڤ و رەوتە ئیسلامییەكان لەگەڵ دەسەڵات یەكێكە لەپرسە ئاڵۆسكاوەكانی جیهانی ئیسلام بەو پێیەی ئامانجی زۆرێك لەم رەوتانە "گیڕانەوەی حوكمی شەریعەت و بەرپاكردنی خەلافەتە، لەم ساڵانەی دواییشدا كێشمەكێشی رەوتی سەلەفی "لاحیزبی" و بەشێكی بەرچاو لەهێزە ئیسلامییە حەرەكی و حزبییەكان لەسەر چەمكی دەسەڵات و شێوازو جۆری پەیوەندیی خەڵك لەگەڵ رژێمە حوكمڕانەكان چڕ بوویەوە. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ دەرخستنی دیدی رەوتی سەلەفی لاحیزبی لەسەر دەسەڵات و چەمكی خەلافەت و تێڕوانینیان لەبارەی پەیوەندیی خەڵك و حوكمڕان.
دیدی گرۆ ئیسلامییەكان بۆ خەلافەت:
رەوتی سەلەفی لاحیزبی كە لانكەی سەرەكی لەعەرەبستانی سعودیەیەو لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامی بەهەرێمی كوردستانیشەوە درێژبوونەوەی هەیە، هاوڕاو كۆكە لەگەڵ رەوتە ئیسلامییەكانیتردا لەسەر زەروورەتی بوونی پێشەوایەك (إمام) بۆ پیادەكردنی ئەحكامەكانی شەریعەت و كۆكردنەوەی گەلانی موسوڵمان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانەی كە لەلایەن دوژمنانەوە رووبەڕویان دەبێتەوە (1). ئەم پێشەوایەش لەفیقهی ئیسلامی و ئەدەبیاتی مێژوویی ئیسلامیدا پێیدەوترێت خەلافەت و بریتییە لە سەركردایەتیكردنی گشت موسوڵمانان بەئامانجی جێبەجێكردنی ئەحكامی شەریعەت لەلایەك و بڵاوكردنەوەی ئاینی ئیسلام بەهەموو جیهاندا لەلاكەیتر (2)، هەوڵدانیش بۆ بەرپاكردنی خەلافەت بەلای زۆربەى رەوتە ئیسلامییەكانەوە ئەچێتە خانەی فەرزو واجبەوە (3) چونكە زۆربەی حوكمەكانی ئیسلام لەسەر بوون و بەرقەراربوونی خەلافەت بنەڕەتن و بەبێ بوونی خەلیفە یان پێشەوا ناكرێت ئەو حوكمانە جێبەجێ بكرێن كە ئامانجی دوو مەودای هەموو گروپ و بزاڤ و رەوتێكی ئیسلامییە بەجیاوازی ناوو ناونیشانیانەوە (4) و ئيبن تەیمییە كە مەرجەعێكی گەورەی گرۆ ئیسلامییەكان و یەكێك لەگەورە رێبەرەكانی بیری سەلەفییەتە لەمبارەیەوە دەڵێت "دین بەبێ خەلافەت و پێشەوا بەرقەرار نابێت" (5).
قبوڵكردنی بەش بەشكردنی خەلافەت لای سەلەفییەكان
لەئەدەبیاتی زۆربەی هێزە ئیسلامییە حەرەكی و حیزبییەكاندا خەلافەت بە "منارەی ونبوو" (6) گوزارشتی لێدەكرێت و وەكو هێمایەك بۆ یەكێتی جیهانی ئیسلام ئاماژەی بۆ دەكرێت، بەڵام بەلای شەعزانانی سەلەفییە لاحیزبییەكانەوە بوونی چەند ئیمام و پێشەوایەكی موسوڵمان لەیەك كات و یەك سەردەمدا شتێكی ئاسایی و رەوایەو مەرج نییە پێشەوایەكی موسوڵمان بتوانێت هەموو گەلانی موسوڵمان لەژێر بەیداخی خۆیدا كۆ بكاتەوە، ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ فرەیی فرمانڕەواكانی هەڵگری نازناوی پێشەواو ئیمام. پاساوی شەرعی سەلەفییەكانیش لەبەش بەش كردن و زۆركردنی هەڵگرانی نازناوی ئیمام زیاتر پەیوەستە بەواقیعی مێژوییەوەو لەم بوارەشدا هەمیشە بەڵگە بەرێسایەكی شەرعزانی دێننەوە كە دەڵێت "جیاوازیی نەكردن لەنێوان حاڵەتی ئاسایی و ناچاریدا، نەشارەزاییە لەعەقڵ و نەقڵ" (7). هەر لەبەر رۆشنایی ئەم رێسا فیقهییەش گەورە رێبەری سەلەفی محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب، دەڵێت "سەرجەم پێشەوای ئاینزا ئیسلامییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەگەر كەسێك بەسەر وڵاتێك یان چەند وڵاتێكدا باڵادەست بوو، ئەوە هەموو مافێكی ئیمام و پێشەوای موسوڵمانانی هەیە، ئەگەر وا نەبێت ئەوە كاروبار بەرێوەناچێت"، هەروەها بەڵگەی مێژویی بۆ ئەم ئەنجامگیرییەی دەهێنێتەوەو دەڵێت "خەڵك لەسەردەمی ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەلەوە تائێستا لەسەر خەلافەتی تاقە كەسێك هاوڕاو یەك دەنگ نەبوون. هیچ پێشەوایەكی ئیسلامیش جێبەجێكردنی ئەحكامەكانی شەریعەتی بەبوونی پێشەوای گەورەو مەزنەوە پەیوەست نەكردووە" ( 8 ). بەم پێیەش سەلەفییە لاحیزبییەكان كە زۆر جار وەهابییەكانیشیان پێدەوترێت زیاتر بەلای پشتیوانیكردنی فرمانڕەوا لۆكاڵی و ناوچەییەكانی جیهانی ئیسلامدا دەڕۆن وەك لەئەوەی خەون بەگیڕانەوەی ئەو خەلافەتەوە ببینن كە سەراپای جیهانی ئیسلام كۆ بكاتەوە وەك ئەوەی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین و لقەكانی و گروپە چەكدارەكانیتری سەر بە سەلەفییەتی جیهادی بانگەشەی بۆ دەكەن و لەمەشدا بۆچوونی ئیبن تەیمییە دەكەنە پاڵپشتی خۆیان كە وتویەتی "سوننەت وایە موسوڵمانان یەك پێشەوایان هەبێت و فرمانڕەواكانیتر بریكارو نوێنەری ئەوبن. بەڵام ئەگەر ئەمە بەدی نەهات و چەند ئیمام و خەلیفەیەك راست بوونەوە، ئەوكات هەریەكەیان بۆ خۆی حوكم و سزا جێبەجێدەكات (9). لەرووی واقیعیشەوە لەناو دنیای ئیسلامدا لەپاش كۆتاییهاتنی حوكمڕانیی ئومەوییەكان (41_132 ك/ 622_750ز) تا رۆژگاری ئێستا جیهانی ئیسلام بەسەر چەندین دەوڵەت و فرمانڕەوادا دابەش بووەو هیچ كاتیش رێك نەكەوتووە موسوڵمانەكان لەسەر بەیعەت و پشتیوانی تاقە خەلیفەیەك هاوڕاو یەك هەڵوێست بن.
پەیوەندیی خەڵك و حوكمڕان لەدیدی سەلەفییەكاندا
ئەو پێشەواو ئیمامەی شەرعزانانی سەلەفی نیشانیان كردووەو قبوڵیان كردوە فرەبن لەسەرۆك و دەسەڵاتدارانی ئێستای جیهانی ئیسلامیدا خۆی دەنوێنێت كە بەهەر هۆكارو شێوازێك بووە بوونەتە دەسەڵاتدارو لەدیدی ئەواندا بەبێ گوێڕایەڵی خەڵك ئەم فرمانڕەوایانە ناتوانن ئیدارەی كاروباری كۆمەڵگاكان بكەن بەرەو چاكە، بەم پێیەش پشتیوانیكردنیان بەشێكە لەئەركی شەرعیی سەر تاكی موسوڵمان (10)، نەك هەر گوێڕایەڵى بۆ فرمانڕەوای راساڵ و موسوڵمان بەتەنها بەڵكە لەدیدی سەلەفیەتی لاحیزبیدا دەرچوون و هەڵگەڕانەوە لەفرمانڕەوای ستەمكاریش كارێكی ناشەرعی و ناڕەوایەو (11) و ئەمەش سەلەفییەكانی لەسەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا خستۆتە بەر شەپۆلی رەخنەی ئیسلامییە حیزبی و حەرەكییەكان كە بەردەوام لەكێشمەكێش و ململانێدان لەگەڵ رژێمە فرمانڕەواكانى جيهانى ئيسلام و زۆر جار تۆمەتباریان دەكەن بەپاشكۆو دەستنێژی دەسەڵات.
شەرعزانە سەلەفییەكان، رێگە نادەن بەشوێنكەوتەكانیان بەئاشكرا رەخنە لەدەسەڵاتداران بگرن و پێیان شەرعی نییە هیچ كەس لەسەر مینبەرو شوێنە گشتییەكان بەزەقی و بەئاشكرا كەموكوڕییەكانی دەسەڵاتدارو فرمانڕەوا ئاشكرا بكات و بەپێویستی دەزانن لەبری رەخنە پەنا ببەنە بەر ئامۆژگاریی نهێنی دەسەڵات، ئەگەرنا رەخنەی ئاشكرا كۆمەڵگا بەرەو پاشاگەردانی و گۆبەن دەبات (12). ئەو هێزە ئیسلامیانەشی دژی ئەم بۆچوونەی سەلەفییەكانن پێیانوایە مەبەست لەم بەندوباوە زیاتر پاراستنی دەسەڵاتی خیڵەكی ئال سعودە كە پشتیوانی سەرەكی رێچكەی سەلەفییەتە لەجیهان، بەڵام شەرعزان و بیرمەندەكانی سەلەفی دورتر دەڕۆن و بەڵگە بەژیاننامەی ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل دەهێننەوە كە سەرباری ئەوەی لەسەر بۆچوونەكانی دەربارەی قورئان لەلایەن خەلیفە عەباسییەكانەوە بەگورزو گۆپاڵ سزاو ئەشكەنجە دراوە، كەچی بەردەوام رێنوێنی هەواداران و شوێنكەوتووانی خۆی كردووە تەنها بەدڵ بەرهەڵستیی بۆچوون و باوەڕی "دژە سوننەت و دژە سەلەفی" خەلیفە عەباسییەكان بكەن و هەرگیز نەكەن لەبەر ئەو سەرپێچیانەیان لەشەریعەت لەگوێڕایەڵییان دەرچن چونكە سەرەنجامی دەرچوون لەگوێڕایەڵیی فرمانڕەوا پەرتەوازەیی و خوێنرژانی موسوڵمانانە (13). ئەم بەسەرهات و هەڵوێستەی ئیمام ئەحمەدیش بۆتە بنەمایەكی سەرەكیی تێڕوانینی سەلەفییەكان دەربارەی دەسەڵات، هەر لەبەر رۆشنایی ئەمەشدا پەیڕەوانی ئاینزای حەنبەلی جاران و سەلەفییەكانی سعودیەی ئێستا تەنانەت نزای شەڕكردنیش لەفرمانڕەوا بەشەرعی و گونجاو نازانن و هەرچەندە ستەمكارو خراپیش بێت و بەلایانەوە بەرهەڵستی و بەرەنگاریی چەكداریی دەچێتە خانەی كارە یاساغ و قەدەغە شكاندنە شەرعییەكان (14).
لەتێڕوانینی بیری سەلەفییەتدا ملكەچكردن بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەشی كە بەزەبری هێزو بەتۆپزی خۆیان سەپاندووە بەسەر موسوڵماناندا هەر پێویست و واجبەو هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانەی كە بەشێوازی شەرعی یان لەرێگەی شوراوە هاتوونەتە سەر تەخت (15)، ئەم جۆرە حوكمڕانانەش لەئەدەبیاتی شەرعی سەلەفییەكاندا بە (متغلب) دەناسرێن پاساویشیان بۆ ئەمە بەرگرتنە لەرژانی خوێن و دووركەوتنەوەیە لەبارگرانییەكانی شۆڕش و ئەو ژان و ئازارانەی كە هەمیشە لەگەڵ هەوڵی گۆڕینی رژێمەكاندا روو دەدەن و قورسیی دۆزینەوەی بەدیلی باشتر بۆ جێگرتنەوەیان (16).
سەرباری ئەم بنەما نەگۆڕەش لای سەلەفییەكان، هیچ لایەكیان جیاوازیی نییە لەوەی ئەگەر دەسەڵاتدار كوفری ئاشكراو بێ پێچ و پەنای ئیعلانكرد و تواناو دەسەڵاتیش هەبوو بۆ گۆڕینی ئەوە خەڵك بۆیان هەیە شوڵ لەفرمانڕەواو دەسەڵاتداری خۆیان هەڵكێشن بەجۆرێك نەبێتە هۆی گۆبەن و پاشاگەردانی و خوێنڕژان (17). بەهۆی سەختی مەرجی دووەمیشەوە كە بوونی تواناو دەسەڵاتی پێویستە بۆ گۆڕینی رژێم بەشێوەیەكی گشتی رەوتە سەلەفییە لاحیزبییەكان زیاتر لەگەڵ موداراتكردن لەگەڵ رژێمە حوكمڕانەكاندان تا بەرپاكردنی شۆڕش لەدژیان و ئەو خوێنرژانە زۆرەشی لەگەڵ شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبیدا روویدا بوەتە نمونەیەكی واقیعی بەهێز بۆ ئەم دیدەی سەلەفییەكان دژى ئەو شەرعزانە حیزبی و حەرەكییانەی كە پشتیوانیان كرد لەشۆڕش و راپەڕینە عەرەبییەكان لەپێش هەمویانەوە شێخ یوسف قەرزاوی رێبەری شەرعی كۆمەڵی ئیخوان (18).
دۆخی شڵۆق و پڕ لەمەرگەساتی پاش بەهاری عەرەبی بوەتە هاندەرێكی زیاتر بۆ سەلەفییەكان تا بانگەشە بۆ موداراتكردن لەگەڵ حوكمڕان چونكە بەبۆچوونی ئەوان لەسایەی فەتوای شۆڕشدا نمونەكانی لیبیاو میسرو یەمەن و سوریا مەحكومن بەدووبارە بوونەوە كە تێیدا گەلانی راپەڕیو جگە لەزیانی گیانی و ماددی زۆرو داڕوخانی وڵات هیچیتریان لەشۆڕشەكانیان بەدەست نەهێنا.
ئەدەبیاتی شەرعیی سەلەفییەت بە "بیدعەی هاوچەرخ" گوزارشت لەكودەتاو هەڵگەڕانەوەی چەكداریی لەدژی حوكمڕانان دەكات و شەرعزانەكانیان پێیانوایە هەوڵی گۆڕینی كوفری حوكمڕان كاتێك رەوایە، شۆڕشگێڕەكان لەرووی ژمارەو هێزو پیتاك و لێهاتوییەوە تێرو تەواوو پۆشتەو پەرداخ بن و بتوانن بەخێرایی بارودۆخ كۆنترۆڵ بكەن ئەگەر نا نابێت پەنا ببەنە بەر ئاژاوەو خۆیان و خەڵكیتریش بخەنە بەر هەڕەشەی فەوتان (19). لەساڵانی نەوەدەكانیشدا موفتی كۆچكردووی سعودیە شێخ عەبدولعەزیز بن بازو فەرمودەناس و گەورە رێبەری سەلەفی محەمەد ناسرەلدەین ئەلبانی راگەیاندنی جیهادیان لەجەزائیر بەشۆڕشی خەواریجەكان شوبهاند چونكە لەلایەك ژینگەو كۆمەڵگایەكی موسوڵماندا راگەیەنرا، لەلایەكیترەوە لەبری گێڕانەوەی ماف بۆ حیزبە ئیسلامییە كەنارخراوەكانی براوەی هەڵبژاردن بوو بەهۆی خوێنرژان و سەربڕین و فەوزا (20).
چارەسەر لای سەلەفییەكان
ئەگەر لای هێزە ئیسلامییە حەرەكی و جیهادییەكان بەرهەڵستی حوكمڕان چ بەشێوازی مەدەنی و سیاسی و چ بەشێوازی یاخیبوون و كودەتای چەكداریی بەشێك بێت لەئەركی ئاینی، ئەوە بەلای سەلەفییەكانەوە چارەسەرەكە تەواو پێچەوانەیەو ئەمان لەبری كودەتاو یاخیبوون داوای دان بەخۆداگرتن لەلایەنگرانیان دەكەن بەرانبەر حوكمڕان و پێیانوایە باشترە خەڵكی موسوڵمان لەرێی بانگەوازی ئاینی و فرمان بەچاكەو نەهی لەخراپەوە هەوڵی گۆڕانكاریی بدات. لەبری سەرقاڵبوونیش بەسیاسەت و حیزبایەتی و پرسەكانی دەسەڵات سەلەفییە لاحیزبییەكان زیاتر خۆیان بەپاككردنەوەی بیروباوەڕی خەڵك و بەرەنگاربونەوەی كۆمەڵێك دیاردەوە سەرقاڵ دەكەن كە پێانوایە خەوش و خاڵی زیادەن و لكێنراون بەئیسلام. كۆی دیدگای سەلەفییەت لەسەر جیهانبینییەك كار دەكات كە شیرك (هاوەڵ بۆ خوا دانان) و بیدعە (داهێنراوی ئاینی و داهێنراوی پەرستش) بەگەورەترین بەڵاو پەتای خراپی نێو ئەهلی ئیسلام دادەنێت و سەركەوتن لەم دوو ئەركەشدا بەدەروازەی بەختیاری و كامەرانیی هەردوو دونیای مرۆڤەكان لەقەڵەم دەدات و زۆرێك لەزانا ئاینی و شەرعزانەكانی ئەم رەوتە شانازیی بەوەوە دەكەن كە رەوتەكەیان دوورە لەسیاسەت و "بانگەوازەكەیان دەسەڵات ویست و دونیایی نییە وەك هی حیزبە ئیسلامییەكان"(21).
پوختە
جیاوازیی زۆر هەیە لەدیدی بیری سەلەفییەتی لاحیزبی لەگەڵ هێزە ئیسلامییەكان لەبارەی كاركردن بۆ دامەزراندنی خەلافەتێكی سەرانسەریی لەجیهانی ئیسلام و لەجیاتی كاركردن بۆ ئەم پرسە سەلەفییەكان بەپێویستی دەزانن پاككردنەوەی بیروباوەڕو پاكژكردنی پەرستشەكانی ئیسلام بكرێتە ئەولەوییەت، هەروەها ئەم كۆمەڵە لەگەڵ ئەوەدان شوێنكەوتووەكانیان هەڵ بكەن لەگەڵ رژێمە فرمانڕەواكانی جیهانی ئیسلام و بەلایانەوە ئاساییە چەندین پێشەواو ئیمامی شەرعی لەیەك كاتدا هەبن و بەقورس و مەحاڵی ئەبینن جارێكیتر خەلافەتی سەرانسەریی بگەرێتەوە.
هەروەها رەوتی سەلەفی لەدۆخی ئێستای جیهانی ئیسلامیدا هیچ داخوازی و پاساوێك بۆ راپەڕین و شۆڕشی خەڵك نابینێت دژ بەحوكمڕانە فرمانڕەواكان و بیری سیاسی ئەم رەوتە ئاینییە تا حكومەت و دەسەڵاتەكام بەئاشكرا دوژمنایەتی ئاینی ئیسلام و بێباوەڕیی خۆیان رانەگەیەنن و بەرواڵەت لەدەستورو یاسایاندا بەئیسلامەوە پەیوەست بن دژایەتیكردنی رەواو شەرعی نییە
سەرنج ئەم بابەتە لە 30 ئۆكتۆبەری 2015 بڵاوكراوەتەوە و بۆ بیرهێنانەوە و بەرچاوڕوونی شێركردنەوەی بە پێویست زانرا.
پەراوێزەكان:
(1) عبدالسلام بن برجس العبدالكريم: معاملة الحكام في ضوء الكتاب والسنە، مكتبە الفرقان، الریاض، ط6، ل 61
(2) تقي الدين النبهاني: نظام الحكم في الاسلام، سلسلة الرایة (6)، ط1، ل 32.
(3) د. عبدالسلام بن برجس: معاملة الحكام، ل 61؛ عَلَوي بن عبدالقادر السَّقَّاف: إعلانُ الخِلافةِ الإسلاميَّةِ - رؤيةٌ شرعيَّةٌ واقعيَّةٌ، موقع الدرر السنية، لینكی (http://www.dorar.net/article/1760)، بەرواری سەردان 15 ئۆكتۆبەری 2015.
(4) تقي الدين النبهاني: نظام الحكم في الاسلام، ل 36
(5) عبدالمنعم مصطفى حليمة: الطريق الى استئناف حياة اسلامية، عمان، ط1، 2001م، ل 8.
(6) رابەری عەرەب ئەفغانەكانی "جیهادی ئەفغانی" عەبدوڵڵا عەزام كە ئایكۆنی گروپە جیهادییەكانە كتێبێكی بەم ناوەوە هەیە "المنارة المفقودة" كە لە 1987 لەشاری بیشاوەری پاكستان یەكەم چاپی كردووە.
(7) عبدالسلام بن برجس: معاملة الحكام، ل 182
(8 ) عبدالرحمن بن قاسم: الدرر السنية في الأجوبة النجدية، مكتبة صيد الفوائد، ل 7/293
(9) ابن تيمية: مجموعة الفتاوى ج 35 ص 175.
(10) د. عبدالسلام بن برجس: معاملة الحكام، ل7
(11) عبدالعزيز بن باز: المعلوم من واجب العلاقة بین الحاكم والمحكوم، ل 22 ـ 23
(12) عبدالعزيز بن باز: المعلوم، ل 25
(13) علوى بن سقاف: حكم الخروج على الحكام، موقع الدرر السنية، متاح على الرابط (http://www.dorar.net/enc/aqadia/4066) بەروارى سەردان: 15 ئۆكتۆبەرى 2015.
(14) عبدالسلام بن برجس: معاملة الحكام، ل 13
(15) د. عبدالسلام بن برجس: معاملة الحكام، ل 25
(16) ابن عثیمین: شرح العقيدة السفارينية، ص ٦٤٨؛ صالح الفوزان: شرح لُمعة الإعتقاد ص ٢٦٤.
(17) عبدالعزيز بن باز: المعلوم، ل 14
(18) القرضاوي: ثورات الربيع العربي ستنتصر، موقع العربی الجدید، 20 فبرایر 2014، بەرواری سەردان 14 ئۆكتۆبەری 2015.
(19) عبدالعزيز بن باز: المعلوم، ل 15 ـ 16
(20) برِوانة مجلة السلفية، العدد 3، 1418، الرياض.
(21) ابراهيم العسعس: السلف والسلفيون (رؤية من الداخل)، عمان 1999 م، ل 48.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق