بەنداوێکی گەورەی ئۆکراینا دەتەقێندرێتەوە؛ هۆشداریی لافاو دەدرێت

ليست هناك تعليقات


لە باشووری ئۆکراینا بەنداوێک تەقێندرایەوە. رووسیا و ئۆکراینا پەنجەی تۆمەت ئاراستەی یەکدی دەکەن. هێزەکانی هەردوو لا دەڵێن، لافاوێکی گەورە رووبەڕێکی بەرفراوانی ناوچەکەی گرتووەتەوە و چەند گوندێکی سەر رووپاری دنیپرۆ بەر لافاو کەوتوون. بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینی، 16 هەزار کەس لە مەترسیدان.

بەنداوەکە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت دروستکراوە و دەکەوێتە ئەو بەشەی باشووری ئۆکراینا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی رووسیادایە.

سەرۆکایەتیی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا بەنداوەکەی تەقاندووەتەوە "بۆ ئەوەی هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکراینا خاوبکاتەوە."

ژمارەیەک ڤیدیۆی پشتڕاستنەکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کە پێشانیدەدەن، ئاوێکی زۆر بەسەر بەربەستە رووخێنراوەکەی بەنداوەکەدا دەڕژێتە دەرەوە و خەڵکی نزیک شوێنەکە تووشی شۆک بوون.

بەنداوەکە لە ساڵی 1956 لەسەر رووباری دنیپرۆ دروستکراوە، 30 مەتر بەرز و 3.2 کیلۆمەتر درێژە. واتە سێیەکی بەنداوی دهۆک ئاو گڵدەداتەوە.

بەنداوەکە جگە لەوەی وەکو سەرچاوەیەکی کارەبا بەکاردەهێنرێت، ئاوی نیمچە دوورگەی کریمیا و وێستگەی کارۆناوەکی زاپۆریژیاش دابیندەکات کە هەردووکی لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادان.

بەرپرسانی رووسیی ناوچەکە رایانگەیاند، هێشتا هیچ مەترسیێک بۆ سەر وێستگەی زاپۆریژیا دروستنەبووە، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپا. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ئەوەی پشتڕاستکردەوە.

وێستگەکە ئاوی ساردکردنەوەی کوورەکانی لەو بەنداوەوە وەردەگرێت.

سوپای ئۆکراینا دەڵێت، هێزەکانی رووسیا بەنداوەکەیان تەقاندووەتەوە، لە کاتێکدا دژبەرە رووسیەکانیان دەیخەنە ئەستۆی ئۆکراینییەکان.

سوپای ئۆکراینا رۆژی سێشەممە لە فەیسبووک بڵاویکردەوە: "بەنداوی کاخۆڤکا لەلایەن هێزە داگیرکارەکانی رووسیاوە تەقێنرایەوە. قەبارەی وێرانکارییەکە، خێرایی و قەبارەی ئاوەکە و ئەو ناوچانەی ئەگەریان هەیە بکەونە ژێر لافاوەوە، لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکرێت."

هاوکات، ئاژانسەکانی هەواڵی رووسیا رایگەیاند، بەنداوەکە کە لە ژێر کۆنتڕۆلی هێزەکانی ئەو وڵاتەدا بوو، بەر تۆپباران کەوتووە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، بەنداوەکە بە "هێرشێکی تیرۆرستی" تەقێنراوەتەوە، کە مەبەست لێی هێرشی ئۆکراینایە.

ئەو سەرۆکەی کە رووسیا بۆ هەرێمی خێرسۆنی داناوە، رایگەیاند، چۆڵکردنی ناوچەکانی نزیک بەنداوەکە دەستیپێکردووە و ئاستی ئاوەکە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزدەبێتەوە.

لای خۆیەوە، ئۆلێکساندەر پرۆکودین، حاکمی سەربازیی هەرێمی خێرسۆن کە سەر بە ئۆکراینایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایگەیاند، ژمارەیەک گوند "بە تەواوی بەر لافاو کەوتوون" و "نزیکەی 16 هەزار کەس لە ناوچەی مەترسیداردان لە کەرتی راستی هەرێمی خێرسۆن."

ئۆلێسکی دانیلۆڤ، سکرتێری ئاساییشی نیشتمانیی ئۆکراینا لە تویتێکدا باسی لەوە کردووە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی تەقینەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤا دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif