دیارترین وێستگەکانی فەرمانڕەوایی پووتین

ليست هناك تعليقات



لە ئەفسەرێکی هەواڵگریی سۆڤیەتەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی رووسیا و تاوەکو دەگاتە هێرشکردنەسەر ئۆکراینا و یاخیبوونی ڤاگنەر، بە کورتی لەسەر دیارترین وێستگەکانی فەرمانڕەوایی ڤلادیمیر پووتین دەوەستین. 

لە ئابی ساڵی 1999، بۆریس یێڵتسن، یەکەمین سەرۆکی رووسیا دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی رووسیا کە ناوبانگێکی ئەوتۆی نەبوو، دەکاتە سەرۆکوەزیران. 

شوێنگرەوەی یێڵتسن

دوای کەمتر لە پێنج ساڵ، یێڵتسن بەهۆی نەخۆشی و ئالوودەبوونی بە کحولەوە دەست لەکاردەکێشێتەوە؛ پووتین شوێنی دەگرێتەوە، سەرەتا وەکو سەرۆکی کاربەڕێکەر و دواتریش وەک سەرۆکی هەڵبژێردراو، پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئاداری ساڵی 2000 سەرکەوتنی بەدەستهێنا. 

سێ کارەسات

لە سەرەتای ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، کارەسەتەکان یەک لە دوای یەک رووسیا دەهەژێنن. سەرەتا لە ئابی 2000، کەشتیی ژێردەریایی کورسک کە بە وزەی ئەتۆمی کاری دەکرد، بە 118 سەرنشینەوە لە دەریای بارێنتسدا نقوومبوو. کاردانەوەی بێدەنگانەی پووتین رەخنەی گەورەی لێ گیرا. 

لە تشرینی یەکەمی 2002، چەکدارە یاخییەکانی چیچان 800 تەماشەڤانی شانۆیەک لە مۆسکۆ بە بارمتە دەگرن؛ 130 کەس دەکوژرێن. دوو ساڵ دواتر، ژمارەیەک چەکدار زیاتر لە هەزار کەسیان لە قوتابخانەیەکی شاری بێسلان لە کۆماری ئۆسێتیا بە بارمتەگرت. هێزە ئەمنییەکان خۆیان بە باڵەخانەکەدا دەکەن و شەڕ دروست دەبێت، لە ئەنجامدا 330 کەس دەکوژرێن، لە نێویاندا 186 منداڵ. لە هەردوو رووداوەکەدا، هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار دەکرێن بە پشتگوێخستن و گوێنەدان بە رزگارکردنی بارمتەکان. 

جەنگی چیچان

لە یەکی تشرینی یەکەمی 1999، پووتین دەست بە بەکارهێنانی هێز دژی جوداخوازەکانی چیچان دەکات، کە کۆمارێکی نێو رووسیای فیدراڵییە لە باکووری قەوقاز و زۆرینەی دانیشتووانی موسڵمانن. مۆسکۆ لە ساڵانی 1994 تا 1996یش لەگەڵیدا لە جەنگدا بوو. 

لە نێوان ساڵانی 2000 و 2009، دووەم جەنگی چیچان دەبێتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و شاری گرۆزنیی پایتەختی چیچان بە تەواوی تەختی زەوی دەکرێت. 

پووتین پێگەی خۆی بەهێزدەکات

دوای هەڵبژاردنەوەی لە ساڵی 2004، پووتین چنگی خۆی لە دەسەڵات تووندتر دەکات، دەزگا ئەمنییەکان بەهێز دەکات و چاودێری بەسەر میدیادا تووند دەکات.

دواتر هەڵدەستێت بە پەراوێزخستنی میخایێل خۆردۆرکڤسکی، دەوڵەمەندترین کەسی رووسیا و لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتیی یوکۆس دووری دەخاتەوە؛ ئەو کەسە ساڵی 2005 بە کۆمەڵێک تۆمەت، لە نێویدا خۆدزینەوە لە باج، زیندانی کرا. 

لە ساڵی 2006، کوژرانی ئانا پۆلیتکۆڤسکایا، رۆژنامەڤان و رەخنەگری سەرسەختی کرێملین و ژەهرخواردکردنی ئەلێکساندەر لیتڤینێنکۆ، سیخوڕی پێشووی رووسیا لە لەندەن، تووڕەیی جیهانی بەدوای خۆیدا دێنێت، بەڵام لە رووە ئابوورییەکەوە، دۆخەکە تا دێت باشتر دەبێت، بەشی هەرە زۆریشی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. 

ماوەی پشووی مێدڤیدێڤ

بەهۆی ئەوەی کە دەستووری رووسیا رێگەی نەدەدا کەسێک سێ خوول لەسەر یەک ببێتە سەرۆک، پووتین لەگەڵ دیمتری مێدڤیدێڤ جێ دەگۆڕنەوە. مێدڤیدێڤ لە ساڵی 2008 بە زۆرینەیەکی رەها بە سەرۆک هەڵدەبژێردرێت؛ چاودێرانی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، هەڵبژاردنەکە نە "ئازاد و نە دادپەروەرانە بوو".

پووتین وەکو سەرۆکوەزیران، دەسەڵاتی گەورەی لە دەستدا دەمێنێتەوە.

چوونە نێو جۆرجیا

ئابی 2008، سوپای رووسیا دەچێتە نێو کۆماری جۆرجیای ئەندامی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ئەوەی پشتیوانی لە جیابوونەوەی ئۆسێتیای باشوور و ئەبخازیا بکات و سەرکردایەتیی لایەنگریی رۆژئاوا لە جۆرجیا لاواز بکات. 

شەڕەکە کە پێنج رۆژی خایاند، بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس کە خەڵکی سڤیلیشی لەنێودا بوو. دواتر مۆسکۆ وەک دوو وڵاتی سەربەخۆ دانی بە ئۆسێتیای باشوور و ئەبخازیادا نا. 

بەشی دووەمی دووەمی سەرۆکایەتی

پووتین لە ساڵی 2012 دووبارە دەبێتەوە سەرۆکی رووسیا و لە ساڵی 2018 جارێکی دیکەش بە سەرۆک هەڵدەبژێردرێتەوە. لە ساڵی 2020يش، دەستووری رووسیا هەمواردەکرێت، بەوەش رێگە لە بەردەم پووتیندا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی تاساڵی 2036 و تەمەنی 84 ساڵی بە سەرۆکی رووسیا بمێنێتەوە.

ژەهرخواردکردنی رەخنەگرەکان

لە بەشی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پووتین بە چەوساندنەوەی بەرهەڵستکارەکانی و ئازادیی میدیایی تۆمەتبار دەکرێت. ساڵی 2015، بۆریس نێمتسۆڤ، رەخنەگری دیاری پووتین کە پێشتر جێگری سەرۆکوەزیران بوو، لە بەردەم کرێملین بە دەستڕێژی گولـلە دەکوژرێت. 

لە ساڵی 2018، سێرگی سکریپال، سیخوڕی پێشووی رووسیا لە بەریتانیا ژەهرخوارد دەکرێت؛ لە ساڵی 2020یش ئەلێکسی ناڤالنی، بە سەختی نەخۆش دەکەوێت دوای ئەوەی کە ژەهرخواردەکرێت؛ دواتر لە ساڵی 2021 زیندانی دەکرێت. 

لە دەرەوەی رووسیاش، کرێملین بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمەتباردەکرێت، بە دیاریکراویش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ساڵی 2016ی ئەمریکا کە دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە دەستوەردانی کردبێت.

لکاندنی کریمیا و یارییەکانی سۆچی

لە سەرەتای 2014، پریشکی ململانێیەکی نوێ دەردەکەوێت کە دواتر لە ئەوروپا و جیهانیش رەنگدەداتەوە. لە شوباتی ئەو ساڵەدا، میوانداریکردنی یارییە ئۆڵۆمپیەکانی زستانە کە 50 ملیار دۆلاری تێچوو، لە شاری سۆچیی رووسیا بەڕێوەدەچێت و وێنەی رووسیا وەکو وڵاتێکی زلهێزی سەردەمیانە لە رێگەی گەشتیاریی وەرزشییەوە بە جیهان دەدات. 

بەڵام مانگێک دواتر، نیمچە دوورگەی کریمیا لە ئۆکراینا جیادەکرێتەوە و بە رووسیاوە دەلکێندرێت، ئەوەش لە کاردانەوەی لەکارلادانی سەرۆکی ئەو کاتی ئۆکراینا کە لایەنگری مۆسکۆ بوو. 

گۆڕینی لاسەنگی هێز لە سووریا

پووتین هەوڵدەدات هەژموونی رووسیا لە دەرەوەی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتی جارانیش بچەسپێنێت. ساڵی 2015 بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد، رووسیا دەچێتە نێو شەڕی سووریاوە. فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا دەست بە بۆردوومانی چڕی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دیمەشق دەکەن و تای تەرازووەکە بە لای ئەسەددا دەکەوێت. 

رووسیا هەروەها تۆمەتباردەکرێت بە جێگیرکردنی چەکدار لە ململانێکانی وڵاتانی ئەفریقا، وەکو لیبیا، کۆماری نێوەڕاستی ئەفریقا و مالی. 

هێرشکردنەسەر ئۆکراینا

24ی شوباتی 2022، رووسیا "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت" لە نێو ئۆکراینادا رادەگەیێنێت بۆ "داماڵینی ئۆکراینا لە چەک و نازییە نوێیەکان" و پاراستنی رووسزمانەکانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. 

هێزەکانی ئۆکراینا بە پشتیوانی گەورەی وڵاتانی رۆژئاوا بەرگری دەکەن؛ رووسیا دەکەوێتە ژێر گەمارۆی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوا. 
پووتین بەشێوەیەکی چڕ پشت بە کۆمپانیای ڤاگنەری تایبەتی سەربازی دەبەستێت کە لە لایەن هاوپەیمانێکی نزیکییەوە بە ناوی یەڤگینی پریگۆژین سەرکردایەتیی دەکرێت. 

هەڵگەڕانەوەی چەکداری

دوای چەندین مانگ لە کێشمەکێشی تووند لەگەڵ مۆسکۆ، پریگۆژین سەرکردایەتیی رووسیا بە ئەنجامدانی هێرشی خوێناوی دژی چەکدارەکانی تۆمەتبار دەکات و یاخیبوون دژیان رادەگەیێنێت؛ پووتین هەنگاوەکە بە "خەجەرلێدان لە پشتەوە" ناودەبات. هەواڵگریی رووسیا پریگۆژین بە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنی "شەڕی نێوخۆ" تۆمەتباردەکات. 

رۆژێک دواتر، پاش ئەوەی کە ناوەندی فەرماندەیی سوپای رووسیای لە شاری رۆستۆڤ کۆنترۆڵ دەکات، پریگۆژین بە نێوەندگیریی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بێلارووس، پێشڕەویی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ دەوەستێنێت؛ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و مۆسکۆ لێخۆشبوون بۆ ڤاگنەر و سەرکردەکەی دەرەکات و رایدەگەیێنێت کە پریگۆژین رووسیا جێدێڵێت و دەچێتە بێلاڕووس.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif