کوردستان و نمونەی بەیەکەوە ژیان

ليست هناك تعليقات


بەهزاد برایم
-
بەیەکەوە ژیان وەک ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی ڕەگێکی دورودرێژی هەیە لە مێژوودا، بەڵام وەک چەمکێکی یاسای نوێیە و لەسەدەی ڕابردووەوە هاتۆتە ناو دیبەیتی یاساناسان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە. مەبەست لە پێکەوە ژیان لە تێگەیشتنێکی سادەی یاساییدا بریتییە لە ژیانکردنی ئاشتیانە و ئازادانەی گروپە رەگەزی و ئیتنیکی و ئاینیە جیاوازەکان لە چوارچێوەی وڵاتێکی دیاریکراودا کە هاوڵاتین تیایدا.

جیاوازیی نێوان تاکەکانی مرۆڤ لەڕووی ڕەگەز و نەژاد و ئایین و زمان و نەتەوە و کولتوور...هتد جیاوازییەکی سروشتی و گەردوونیە و بەدرێژایی قۆناغەکانی مێژوو هەبووە. ئەم جیاوازییە سەرچاوی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بووە و مرۆڤ بەجدی ویستوویەتی چارەسەری بکات، بۆ چارەسەرکردنیشی پەنای بۆ دوو ڕێگە بردووە: ڕێگای توانەوە و ڕێگای قبوڵکردنی یەکتر.

هەرچی ڕێگەی یەکەمە، جگە لە کوشتن و وێرانکاری هیچی تری لێ ئەنجام نەبووە، سەبارەت بە ڕێگای دووەم، کاتێک پەنای بۆ برا کە تاکەکانی کۆمەڵگە فرە ڕەنگەکان بۆیان دەرکەوت، ناتوانن بە زۆر و شەڕ و کوشتار، جیاوازییەکانی یەکتری بسرنەوە، بۆیە بیریان لەوە کردەوە جیاوازییەکانی یەکدی قبووڵ بکەن و بە ئاشتی و ئارامی و ئازادی پێکەوە بژین، ئەم ڕیگایە تاڕدەیەکی زۆر سەرکەوتنی بەدەست هێنا بەیارمەتی کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە: ڕاستە مرۆڤەکان هەمەڕەنگن، بەڵام لەکۆتایدا هەموویان لە یەک دایک و باوکەوە سەرچاوەیان گرتووە، پەیام و برایەتی ئاینی کە هانی مرۆڤ دەدات بۆ کاری باش لە زەویدا، شوێنی جووگرافی کە مرۆڤەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە لەخۆی دەگرێت و سەرەڕای جیاوازییەکان دەبێت گەل پارێزگاری لەو شوێنە جوگرافیە بکات کە تیایدا دەژیت، لە کۆتایشدا هەموو مرۆڤ دەبێ ئەوەی قبووڵ بێت کە ژیان هەمیشە جیاوازترە لەوەی کەبیری لێ دەکاتەوە و دەبێت جیاوازییەکانمان قبووڵ بێت و دیالۆگ و تێگەشتن هەبێت لە نێوانمان و ددان بەوە دا بنێین وەکو مافێکی کەسی، مرۆڤ ئازادە لەوەی کە شوێنی ژیان و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی خۆی دیاری بکات.

بە گشتی پێکەوە ژیان ڕەگەزێکی گرنگە بۆ دروستکردنی جیهانێکی ئارامتر و گشتگیرتر کە خەڵک لەپاشخانی جیاوازەوە بتوانن پێکەوە بژین و پەرە بە لایەنە جیاوازەکانی ژیان بدەن. مرۆڤ سروشتێکی کۆمەڵایەتی هەیە و هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە ئارەزووی پێکەوە ژیانی لەگەڵ هاوتاکەی تێدا بەدی دەکرێت. هەر لەبەر ئەوەشە مرۆڤ ناتوانێ تاک لایەنە درێژە بە ژیانی بدات و دوورە پەرێز بێت لەوانی دیکە.

زیاتر لە هەزار ساڵ پێش سەرهەڵدانی مەسیحیەت، دانیشتوانی کورد، زمان و کلتور و توخمەکانی پەرەسەندنی هندۆ-ئەوروپاییەکانیان لە خۆگرت، لەئاکامدا نەریتە ئاینیە ئاریاییەکان تێکهەڵکێشی بیر و باوەڕە ڕەسەنەکانی کورد بوون، دواتر بەرە بەرە، ئاینەکانی زەردەشتی و مانی و جولەکە باڵیان کێشا بەسەر کوردستاندا، ئینجا ئاینی مەسیحی دەرکەوت و سەرکەوتووانە تر لە ئاینەکانی پێشووی خۆی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، لە کۆتایشدا ئاینی ئیسلام هات و زۆربەی زۆری کورد باوەڕیان پێی هێنا، بە جۆرێک کە ئێستا سێ لەسەر پێنجی کورد مسوڵمانن.

لەسایەی ئەو باکگڕاوندە مێژووی و کلتوریە دەوڵەمەندەی کە لە کوردستاندا هەبووە، کوردستان تا ڕۆژی ئەمڕۆ پارێزگاری لە ڕەنگ و دەنگی ئاینی و ئیتنیکی و تەنانەت ڕەگەزی جیاواز کردووە و فرەیی بەشێکە لە تایبەتمەندی ئیتنیکی و نیشتیمانی کورد. ماددەی (١)ی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٥)ی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لەکوردستان-عێڕاقدا، هەریەک لە ئاینەکانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی)بەکەمینەی ئاینیی لەقەڵەم داوە لە کوردستان.

دوو ئاینی تر لە دوای ئاینی ئیسلام کە هەژمونیان هەبووە بەسەر کوردا بریتین: لە ئاینی یەزیدی و ئاینی مەسیحی؛ یەزیدی خاوەنی ئاینی تایبەتن و زۆربەیان لە باشووری کوردستانن، لە دەڤەری شێخانی نێوان پارێزگای مووسڵ و پارێزگای دھۆک و دەڤەری شنگالی سەر سنووری سووریادا دەژین کە ژمارەیان لە نێوان (٥٠٠،٠٠٠) بۆ (٧٥٠،٠٠٠) کەس مەزندە دەکرێت. ھەروەھا لە بۆتان و دەربێسیە و حەسەکە و عەفرین و پارێزگای قەرس و ئەردێخانی تورکیادا دەژین. یەزیدیەکان هەندێکیان بە کوردی کورمانجی ئەدوێن. کوردە مەسیحییەکان ئەو کوردانەن کە پەیڕەوی لە ئایینی مەسیحیەت دەکەن. ژماری کوردە مەسیحییەکان بەدرووستی نازانرێت، بەڵام لەسەروو (٣٥،٠٠٠) کەس مەزەندە دەکرێن. لەناو کوردە مەسیحیەکانیشدا، شوێنکەوتووی کلێسای جیاواز هەیە، بە نموونە: کڵێسای پرۆتیستانت، کڵێسای کاثۆلیکی و کڵێسای ئۆرثۆدۆکسی.

ئەمە سەرەڕای کەمینەی ئاینی جولەکە کە ژمارەی ئەوانیش بەهامن شیوە بە هەزاران کەس مەزەندە دەکرێت و هەریەکە لە کەمینەی ئیتنیکی تورکمان و کلدانی و ئاشوری و ئەرمەنی کە ژمارەیان هەزاران کەس دەبێت. بێگومان هەبوونی ئەو گروپە ئیتنیکی و ئاینیە جیاوازانە لەپاڵ یەکتریدا پێوستی بەگیانی تەبایی و یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیان هەیە و بەبێ بوونی ئەو گیانە ناتوانین وەها نمونەیەکی جوان بەرهەم بێت، بۆیە دەتوانین بڵێین کە کوردستان یەکێکە لەو هەرێمانەی کە پێکەوە ژیان تیایدا تاڕادەیەکی باش ڕەنگی داوەتەوە، گەلی کورد ناسراوە بە فرەیی کە جیاوازییەکی زۆری ئاینی و نەتەوەی لەخۆی گرتووە. کۆمەڵگای کوردەواری لەسەدەکانی ڕابردوودا، ئەگەرچی لەو ئاستە ڕۆشنبیری و پێشکەوتنەدا نەبووە کە پێویستە بۆ پێکەوەژیان، بەڵام گروپ و پیکهاتە جیاوازەکان هەر ئاوێتەی یەکتر بوونە و لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا، لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، بە جۆرێک دەیان گروپی ڕەگەزی و نەژادی و ئاینی تێدا دەژیت بەبێ هەبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی یەکتر و مەترسی سەرکوتکردنی یەکتر، بە پێچەوانەی وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاستی پێکەوە ژیان زۆر زۆر نزمە تیایاندا، وەک تورکیا و ئێران و سوریا و لە دەرئەنجامی ئەوەشدا ڕوبەڕوی کێشەی توندوتیژی و تیرۆری ڕەگەزی و نەژادی و ئاینی و مەزهەبی بوونەتەوە و وێرانکاری زۆری بەدوای

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif