15 کۆچبەری کورد چەند مانگێکە لە کەمپێکی یۆنان دەستبەسەرکراون

ليست هناك تعليقات


15 گەنجی کورد چەند مانگێکە لە کەمپێکی یۆنان دەستبەسەرن و داوای بەهاناوەچوون دەکەن، یەکێک لەو گەنجانە دەڵێت: "ئێمە لە تورکیاوە چووین بۆ یۆنان بۆ ئەوەی بپەڕینەوە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا، بەڵام پۆلیس دەستبەسەری کردین." نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە یۆنان دەڵێت: "چارەسەر ئەوەیە داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، یان داواکاری گەڕانەوە پێشکێش بکەن."

سەهەند، ناوی خوازراوی یەکێک لەو 15 کۆچبەرە، کە نزیکەی دوو مانگە لە کەمپی "خانتی" لە نزیک شاری سالۆنیکای یۆنان دەستبەسەرە، ئەو دەڵێت لە کەمپەکە نزیکەی 50 کەسی تێدایە، بەڵام ئەوان کوردن تەنیا لەبەر ئەوەی لەکاتی چوونیان بۆ یۆنان داواکارییان بۆ مانەوە یان مافی پەنابەرێتی پێشکێش نەکردووە، پۆلیس دەستبەسەری کردوون و ئێستا لە کەمپەکەدا دەمێننەوە.

ئەو گەنجە رۆژی دووشەممە، 5-6-2023  گوتی: "ئێمە کە لە تورکیاوە بەڕێکەوتین بۆ یۆنان بۆ ئەوەی بە زووترین کات بپەڕینەوە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا، دەبووایە داواکاری مافی مانەوە پێشکێش بکەین، بەڵام نەمانکرد و گوتمان چەند رۆژێکی کەم دەمێنینەوە و دەڕۆین، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراین."

بەگوتەی سەهەند دۆخیان لە کەمپەکە زۆر خراپە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەهانایانەوە بچن.

سەهەند گوتی: "ئێمە دەمانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرێکی دۆخمان بکات و بەزووترین کات لێرە دەرمانبهێنن، چونکە لێرە لە زیندانین."

ئەو 15 گەنجەی لەو کەمپەدان، خەڵکی هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانن، بەشێکیان دوو مانگ و هەندێکیشیان هەشت مانگە دەستبەسەرن، بەپێی قسەکانی ئەو گەنجە، کەمپێکی دیکەش لە شارێکی دیکەی یۆنان بۆ ئەو مەبەستە هەیە و ژمارەیەک گەنجی تێدا دەستبەسەرن، کوردیشیان تێدایە.

حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگەی لووتکە لە یۆنان، لەبارەی کێشەی ئەو کۆچبەرانە،گوتی: "ئەو گەنجانە بەپێی یاساکانی یۆنان دەستبەسەرکراون هۆکارەکەشی ئەوەیە، نە داوای مافی مانەوە و نە داوای مافی پەنابەرێتییان نەکردووە، دەبێت هەر کەس چووە یۆنان ئەو کارە بکات، بۆیە پۆلیس و دەزگاکانی پەیوەندیدار ئەو مانەوە بە نایاسایی دەزانن و دەستگیریان دەکەن."

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکەشیان، حوسێن حەمەساڵح گوتی: "ئێستا دەتوانن لەو کەمپە رزگاریان بێت، لەوێ بنکەی پۆلیسی لێیە دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن و مامەڵە دەکەن و کێشەیان نابێت تاوەکو 15 رۆژ بۆ مانگێک یان ئەوپەڕی دوو مانگ ئازاددەکرێن، یان دەتوانن داوای گەڕانەوەش بکەن، ئیدی یان تکتیان بۆ دەبڕن و دەیانگەڕێننەوە یان لە رێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)ەوە بلیتی فڕۆکەیان بۆ دەبڕدرێت و دواتریش رەنگە بڕێک پارەشیان پێبدرێت."

یۆنان دەروازەیەکی پەڕینەوەی کۆچبەرانە لە ئاسیا و ئەفریقیاوە بۆ ئەوروپا.

بەپێی دەزگای لووتکە لەساڵی 2022دا 71 هەزار و 225 عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، 71 کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە، حەوتیشیان بێسەروشوێن بوون.

هەروەها لەساڵی 2015ەوە تاوەکو ساڵی 2022، 313 هاووڵاتی عێراقی و هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان کە تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە لە رێگەی کۆچکردن گیانیان لەدەستداوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif