بەڵێنی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی تورکیا چیین؟

ليست هناك تعليقات


لە چەند هەفتەی رابردوودا بانگەشەی گەرمی هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو و بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پارت و هاوپەیمانەکانیش کە بانگەشەیان دەکرد بۆئەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن بەڵێنی جیاوازیان دا.

هاوپەیمانی جمهوور: ئابووریی تورکیا بەهێزتر دەکەین

هاوپەیمانیی جمهوور، کە بەرەی دەسەڵاتی تورکیایە بە سەرۆکایەتیی ئاکپارتی و بەربژێرەکەیان رەجەب تەییب ئەردۆغانە، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، لە چەند ساڵی داهاتوودا تورکیا لە بواری ئابوورییەوە دەکەنە یەکێک لە 10 وڵاتە بەهێزەکەی جیهان. ئەوان بەڵێنی ئەوەشیان داوە مووچەی مووچەخۆران بە رێژەی 60٪ زیاد دەکەن، سوود لە دەرهێنانی گازی سرووشتی لە دەریای رەش وەردەگرن و بایەخدان بە وزەی خاوێن و نوێبووەوە وەک تیشکی خۆر، ئاو و وزەی ئەتۆمی زیاتر دەکەن.

ئەوان بەڵێنیان داوە بایەخی زیاتر بە دەرهێنانی نەوت لە باکووری کوردستان بدەن و ئەو نەوتە بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیان و هاووڵاتیان بەکاربهێنن. هاوپەیمانیی جمهوور بەڵێنی داوە لە قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانیان و هاووڵاتیان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان پەلە بکات و لە رێگەی بایەخدان بە پرۆژە ستراتیژییەکان و فراوانکردنی پیشەسازیی بەرگری و دروستکردنی ئۆتۆمبێل و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن.

هاوپەیمانیی میللەت: مووچە بۆ کابانی ماڵ دابین دەکەین

هاوپەیمانی میللـەت بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە بە سەرۆکایەتی جەهەپە و بەربژێرەکەیان کەمال کڵچدارئۆغڵووە. یەکەم بەڵێنی ئەو هاوپەیمانییە بێبەرامبەر دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ زیانلێکەوتووانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان. ئەوان دەڵێن، بۆ ئەوەی یەکسانی لە داهاتدا بەدی بکرێت، مووچە بۆ کابانی ماڵ دابین دەکەن. بەشە نێوخۆیی خوێندکاران و هاتووچۆیان و ئینتەرنێتیان بێبەرامبەر دەبێت بۆ ئەوەی گەنجان تەنیا بایەخ بە خوێندن بدەن؛ لە دوو ساڵدا بە پێی ستاندەردی جیهانی و گۆڕینی سیاسەتی بانکی ناوەندی، بەهای لیرە بەرامبەر دراوە بیانییەکان بەرزدەکەنەوە؛ لە ماوەی دوو ساڵدا 350 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی دەبەنە باکووری کوردستان و تورکیا؛ بایەخی زۆر بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەدرێت؛ کارگەی زۆر لە باکووری کوردستان دەکرێنەوە بۆ ئەوەی باڵانسێک لە ناوچە پیشەسازییەکان دروستبکرێت و چیدیکە ناوچەی پیشەسازیی گەورە تەنیا لە رۆژئاوای تورکیا نەبێت.

یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی کشتووکاڵ، قەرز و سوودی قەرزی جووتیاران و گرانی نرخی کارەبا و سووتەمەنییە. هاوپەیمانیی میللـەت بەڵێن دەدات سوودی قەرزی جووتیاران سفر بکرێتەوە و قەرزەکانیان بە شێوەی درێژخایەن وەربگرێتەوە و کارەبای بێبەرامبەریان پێ بدات و سووتەمەنیان بە نرخێکی زۆر هەرزان پێ بدات. لە ئاستی پیشەسازیشدا ئاستی هاوردە بۆ نیوەی رێژەی ئێستای کەمبکرێتەوە و هەناردە چوار هێندە زیاد بکرێت.

هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی جەخت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکاتەوە

هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتیی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەو ناوەوە بەشداری کردووە، زیاتر بەڵێنی سیاسی داوە و بەشی زۆری بەڵێنەکانیش پەیوەندییان بە پرسی کوردەوە هەبووە.

هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی دەڵێت، کاری جیدی دەکەن بۆ ئەوەی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر بکرێت؛ هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی نەهێڵن، خوێندن بە زمانی کوردی زیاتر بێت، مامۆستای زیاتری زمانی کوردی دابمەزرێن، زمانی کوردی لە فەرمانگەکان بەگشتی و دادگەکان بەتایبەتی بەکاربهێندرێت.

هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بەڵێنی داوە ئەگەر کورسی زۆر بەدەستبهێنێت، کار بۆ ئازادکردنی ئەو هاونیشتمانی و هاووڵاتییانە دەکات، کە پێی وایە لەسەر بنچینەیەکی سیاسی دەستگیرکراون، وەک سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif