فاروق ڕەفیق و ئیسلامییەکان

ليست هناك تعليقات


عومەر ڕەشید
-
بە ئەزموونی خۆم بۆم دەرکەوتوە، ئیسلامیەکان هەر بێ دین و عەلمانی و چەپێکیان گەورەکردبێت، دوایی ڕووی تیرەکەی خۆی کردۆتەوە ئەوان یان دینەکەیان.

شک نابەم یەک دانەیان هەبێت وای نەکردبێت، سەرەتا فاروق ڕەفیق چەند کتێبێکی بڵاوکردەوە، ئەوەندەی خوێنەری ئیسلامی هەبوو عەلمانی نەبوو، بەتایبەت کتێبی (ماڵێکی لێکترازاوو ویژدانێکی بیمار)، کەم ئیسلامی خوێنەوار هەبوو نەیخوێندبێتەوە (لەگەڵ خوێندنەوەم بەس دژی کەوتنە ژێر هەیمەنەم)

ئیسلامیەکان هەر چەپێکیان گەورەکردبێت، دوایی ڕووی تیرەکەی خۆی کردۆتەوە ئەوان یان دینەکەیان

ڕۆژنامەو گۆڤارە ئیسلامیەکان حەزیان بە چاوپێکەوتنی ئەکرد، ئیتر هەیمەنەی ڕۆشنبیرە عەلمانی و چەپەکان بەشێوەیەک زاڵ بوو، زۆرێکی گەنجە مسوڵمانە ڕۆشنبیرەکان شەرمیان دەکرد هاوئاڕاستەیان نەبن، شانازی ئەوە بوو کتێبێکی فاروق ڕەفیق و فڵان و فیسارت لەدەست بێت و بیخوێنیتەوە، شانازی ئەوە بوو شێوازی قسەکردنت لەیەکیان بچێت، یان وەک فڵان دەست بجوڵێنیت، سوێند بەخوا خوێنەواری ئیسلامی هەبوو شێوازی دەربڕین و فۆنەتیکی فڵانی وەرگرتبوو، پڕۆڤەشی لەسەر دەکرد، کە لە کەناڵەکاندا دەتبینی وازح دیاربوو چۆن تەقلیدی فڵان ئەکاتەوە، دەچوو کۆمەڵێک چەمکی غەربی لەبەردەکردو لەوتارەکانیدا بەکاریدەهێنا تا زیاتر بەوانبچێت، بابزانن تا ئێستا ئەمە بەردەوامی هەیە.

فاروقم وەک نمونەیەک باسکرد، دەنا هەموویان وابوون، تەنانەت بەشێک لەو ڕۆشنبیرە ئیسلامیە قەڵەم بەدەستانەی دیندارانە دەیاننووسی، لەژێر هەیمەنەی ئەواندا سەریان لە بێدینی و ئیلحادەوە دەرچوو.

ئەم پێوانەیە بۆ سیاسییەکانیش ڕاستە، لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چەند فەرخە سیاسییەکی عەلمانیان لێکردبووین بەبرابەش و دیسان کەوتینە ژێر هەیمەنەیانەوە.

ئیسلامییەکان دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ خوێنەوارو سیاسییە چەپ و عەلمانیەکاندا هەڵبدەنەوە، دەبێت مەفهومی برایەتی نێوان خۆیان لە دروشمەوە بکەنە کردار، دەبێت فکرێکی وازح و زاڵیان هەبێت.

لە دواهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چەند فەرخە سیاسییەکی عەلمانیان لێکردبووین بەبرابەش 

دروستکردنی هەژمونی فکری ئیسلامی بەسەر نەیارەکانمانەوە بە ئیسلامی شەرمن ناکرێت، وە کاری نەکردەش نیە، دەبێت خەیاڵی کەمایەسی خوێنەوارەکانمان لەبەینبەرین لەبەرامبەر ئەواندا، نابێت خوێنەوارێکی ئیسلامی خۆی لە خوێنەوارێکی ئەوان بەکەمتر بزانێت.

بەڵێ بیرمەندو ڕۆشنبیری و خوێنەواری وامان هەیە فاروق ڕەفیقەکان ناگەنە قولەپێی.

ئیتر کاتی ئەوەیە تێبگەین کە کەسێک وەفای بۆ خوای گەورە نەبێت، کە بەدیهێناوەو ڕۆزی پێداوەو هەموو شتێکی بۆ فەراهەمهێناوە، خوایەک هیچ هەڵەو کەموکورتییەکی نیە نە لە جێدەستەکانیداو نە لەزاتی خۆیدا، چۆن ئەمەکداردەبێت بەرامبەر مسوڵمانێک کە دەیان هەڵەو پەڵەی هەیە.

ڕۆشنبیری ئیسلامی لەکایە مەعریفیەکەدا دەبێت پەیامی ڕۆشنبێت و پێیوابێت ئەم لەژێر چەمکی (نور)دا دەنوسێت و بەرامبەریش لەژێر چەمکی (زڵومات)دا.

فاروق ڕەفیقەکان هەردەمێنن گرنگ ئەوەیە ئێمە گەورەیان نەکەین و نەکەوینە ژێر هەیمەنەیانەوە.

گرنگ ئەوەیە شەرمن نەبین و ناچاریان بکەین شەرم لە ئایدیای خۆیان بکەن.

(ولله العزة ولرسوله وللمؤمنين).

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif