ئۆکراینا توانای ئەنجامدانی هێرشی لەنێو خاکی رووسیادا هەیە؟

ليست هناك تعليقات



کاتێک دوو درۆنی لەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە خستەخوارەوە، رووسیا بێ ئەملاولا گوتی ئۆکراینایە. ئۆکرایناش رەتیدەکاتەوە هێرشەکەی سەر کۆشکی کرێملنی ئەنجامدابێت، بەڵام وڵاتەکە پێشتر چەند جارێک هێرشی لەنێو خاکی رووسیادا ئەنجامداوە.

رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئایاری 2023، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن رایگەیاند، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراویان بەسەر کۆشکەکەوە خستوونەتە خوارەوە کە بە گوتەی خۆی، ئامانج لێیان "کوشتنی ڤلادمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا بووە."

لە رووداوی هێرشە درۆنییەکە بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا، مۆسکۆ هەر زوو ئۆکراینییەکانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند ئامانجەکە کوشتنی سەرۆکی وڵاتەکەیان بووە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە لەکاتی هێرشەکەدا لە هێلسنکی، پایتەختی فینلاند بوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هێرشمان نەکردووەتە سەر پووتین. ئەوە بۆ دادگە جێدەهێڵین و لەنێو خاکی خۆماندا شەڕ دەکەین و بەرگری لە گوند و شارەکانمان دەکەین."

میخایلۆ پۆدۆلیاک، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رووسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیەوێت بەهانەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی "هێرشێکی بەرفراوان" بکاتە سەر ئۆکراینا و گوتیشی، "ئەو جۆرە راپۆرتانەی رووسیا بڵاویان دەکاتەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی هێرشی تیرۆریستی زیاتر بکاتە سەر ئۆکراینا."

دوای رووداوەکەش، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "هەر شتێک لە کرێملنەوە بێت، دەبێت بەگومانەوە تەماشای بکەین، با چاوەڕێ بکەین و بزانین راستییەکان چین و بێ ئەوەی راستییەکان بزانین، زەحمەتە قسە لەسەر ئەو رووداوە بکەین."

دیمتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکە لەدوای رووداوەکە گوتی: "دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆ، جگە لە لەنێوبردنی زیلینسکی و دارودەستەکەی، هیچ بژارەیەک نەما."

لەکاتێکدا نازاندرێت ئەنجامدەرانی هێرشەکە کێن، لە رووی سەربازییەوە ئۆکراینا توانای ئەوەی هەیە هێرش لە نێو خاکی رووسیا ئەنجامبدات و پێشتریش چەندین جار ئەو کارەی کردووە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە هێرش دەکرێتە سەر هەستیارترین کۆشکی رووسیا کە تەواوی سەرکردایەتیی وڵاتەکەی تێدایە.

ئۆکراینا پیشتر درۆنی جۆری UJ-22، PD-1 و Mugin-5ـی چینی بەکارهێناوە؛ هەریەکە لەو درۆنانە توانای ئەوەیان هەیە ئامانجەکانیان لەنێو مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بپێکن.

رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، بۆمبێکی چێندراو لەسەر رێگەی شەمەندەفەرێکی رووسی تەقییەوە و لە ئەنجامدا شەمەندەفەرەکە لە رێڕەوی خۆی لایدا و وەرگەڕا.

ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئۆکراینا بۆ سەر پارێزگای بریانسکی رووسیا چوار کەس کوژران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سوپای ئۆکراینا ئامادەکاری بۆ هێرشی پێچەوانە دەکات و چاوەڕوان دەکرێت 30 هەزار سەربازی ئۆکراینی تێیدا بەشدار بن. دیارترین تانکەکانیش چاوەڕوان دەکرێت لەم شەڕەدا بەکاربهێندرێن، کە بریتین لە ئەبرامزی ئەمریکی، لیۆپارد 2ی ئەڵمانی و چاڵێنجەری بەریتانی.

رووسیا دەڵێت، لە ماوەی ساڵێکی جەنگی ئۆکراینادا، چەند جارێک لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس و رووسیا کێشە بۆ هێڵی شەمەندەفەر دروستبووە.
بەشدار موزەفەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif