قوباد تاڵه‌بانی: دۆخی‌ سلێمانی‌ باش نیه‌ و هاووڵاتیان ناڕازین

ليست هناك تعليقات



جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ستراتیجی ئه‌وان بەکارهێنانی وزەی گازە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان و پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ، پاش ئەوە دەتوانن بیر لە هەناردەکردنی گاز بکەنەوە.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ بڵاوکراوەتەوە، قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە وزەی گاز لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووه‌: "پێویستە ستراتیجی نوێ بەکاربهێنین چ بۆ بەکارهێنانی لە ناوخۆ و چ بۆ هەناردەکردنیشی لە داهاتوودا. بۆ ئەمەش لەم قۆناغەدا پێویستیمان بە پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری کێڵگەکانی گازە بۆ ئەوەی بتوانین پێویستییەکانی ناوخۆ دابین بکەین چ بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و چ بۆ کارگەکانی پیشەسازیی و دابینکردنی پێویستییەکانی ماڵان".

جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە یاسای نەوت و گازیش رایگەیاند: "رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت، زەمینەیەکی باشی بۆ رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز رەخساندووە".

جەختیشی کردەوە کە لەم قۆناغەدا لە هەمووی گرنگتر تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازە بەشێوەیەک کە یاسایەکی واقیعی بێت و رۆڵ و پێگەی هەموو لایەکی تێدا بە روونی دەستنیشان کردبێت و لەسەر ئەرزی واقیعیش توانای جێبەجێکردنی هەبێت.

قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە "گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە داهاتی زیاتر دەست بکەوێت و ئەو داهاتە بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە دابەش بکرێت، هەروەها پلانیش هەبێت کە بەشێکی گرنگی ئەو داهاتەش بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوری و دروستکردنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکرێت".

سەبارەت بە دۆخی سلێمانیش جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا دۆخی سلێمانی باش نییە، هاووڵاتییان دڵخۆش نیین و ناڕازین لە شێوازی دابەشکردنی نادادپەروەرانەی داهات، وتیشی: "لە دوای تێپەڕاندنی یاسای بوودجە لە پەرلەمانی عێراق، کار دەکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش دوای نزیکەی ١٠ ساڵ ببێتە خاوەنی یاسای بوودجەی خۆی بە جۆرێک کە داهاتەکان بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە و بەبێ جیاوازی و مەبەستی سیاسی بەسەر هەموو هاووڵاتییان و شاروشارۆچکەکاندا دابەش بکرێت".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif