سەرکەوتنێک بەتامی شکست بۆ هەدەپە

ليست هناك تعليقات



بەرهەم لەتیف
-
کورد و هەدەپە هیوای زۆریان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە هەڵچنیبوو، کە ببێتە وێستگەی گۆڕانکاریی لە سیستمی سیاسیی تورکیا و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ٢٠ ساڵەی ئەردۆغان، وە هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە سەرەتای بانگەشەوە تائێستا ئامانجی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسیی پەرلەمانییان بۆخۆیان دانابوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەپێچەوانەی ئەمەوە بوو.

لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٨دا هەدەپە پێنج ملیۆن و ٧٧٢ هەزار و ٦٨ دەنگی بەدەستهێنابوو، کە رێژەی ١١٪ی کۆی دەنگەکانی تورکیا بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا چوار ملیۆن و ٧٤٢ هەزار و ٧٧٤ دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە ٨.٨٪ی دەنگەکان، واتە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا یەک ملیۆن و ٢٩ هەزار و ٢٤٩ دەنگی لەدەستداوە، لەکاتێکدا لەم هەڵبژاردنەدا چوار ملیۆن کەس یەکەم جاریان بوو بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

لەکوێ و کوێ دەنگی هەدەپە کەمی کردووە؟

هەدەپە لە هەڵبژاردنی پێشوودا یەک ملیۆن و ١٧٨ هەزار و ٤٩٧ دەنگی لە ئەستەنبوڵ بەدەستهێنا و ١١ کورسی بردەوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ٨١٨ هەزار و ٥١٧ دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە ٨.١٢٪ی دەنگەکانی ئەو شارە.

بەوەش دەنگی هەدەپە لە ئەستەنبوڵ پاشەکشەی بەرچاوی کردووە، کە کاریگەریی زۆری لەسەر دەنگ و پێگەی هەدەپە هەیە، تەنانەت لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩دا دەنگی هەدەپە سەرۆکی شارەوانیی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە یەکلاکردەوە.

لەسەر ئاستی باکوری کوردستانیش، ئەگەرچی هەدەپە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو سێ پارێزگای دیکەی بردووەتەوە، بەڵام بەگشتیی دەنگەکانی کەمی کردووە، لە شاری ئورفا کە گەورەترین پارێزگای باکوری کوردستانە، هەدەپە لەم هەڵبژاردنە ٢٤٤ هەزار و ٣٠٤ دەنگی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی رابردوو ٢٥٠ هەزار و ٥٤ دەنگی هێنابوو، واتە سەرباری ئەو دەنگانەشی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان داوە، هەدەپە زیاتر لە شەش هەزاری دەنگی کەمکردووە.

لە شاری ئامەدیش کە بە قەڵای باکووری کوردستان دادەنرێت، هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا ٥٦١ هەزار و ٤٥٤ دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە ٦١.١٩٪ی کۆی دەنگی پارێزگاکە و هەشت کورسی بردووەتەوە، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی پێشوو ٥٥٦ هەزار و ٥٩٤ دەنگی بەدەستهێنابوو، کە ٦٥٪ی کۆی دەنگی پارێزگاکە بوو و نۆ کورسی مسۆگەر کردبوو، واتە لەم هەڵبژاردنە ئەگەرچی هەدەپە چەند هەزار دەنگێکی زیاد کردووە، بەڵام کورسییەک و ٤٪ی دەنگەکانی پارێزگاکەی لەدەستداوە.

بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین هەدەپە کە نوێنەرایەتیی دەنگی کورد دەکات، پاشکەشکەی گەورەی لە دەنگەکاندا کردووە و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو دوو کورسیشی لەدەستداوە، کە ئەمەش هۆکارەکانی هەرچیی بێت، لەکۆتا خوێندنەوەدا بەڕای من، ئەنجامی لەدەستدانی متمانەی گەل و وەڵام نەدانەوەی خواستەکانی گەلە.

ئەم ئەنجامانەش کاریگەریی لەسەر پێگەی کورد دەکات لە چوار ساڵی داهاتووی پەرلەمانی تورکیادا، چونکە هەدەپە تاڕادەیەک بە پێگەیەکی لاوازەوە دەچێتە پەرلەمان ناتوانێت وەک پێویست کاریگەریی بەسەر پرۆسەی سیاسیی و پەرلەمانییەوە هەبێت، بەوپێیەی ئاکەپە و مەهەپە زۆرینەی موتڵەقی پەرلەمانییان بۆ یەکلابووەتەوە و لەکۆی ٦٠٠ کورسیی پەرلەمانیی، ٣٢١ کورسییان مسۆگەر کردووە.

هەدەپە لەکوێدا سەرکەوت؟

ئەوەی دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا بە سەرکەوتن بۆ هەدەپە تۆمار بکرێت، شکستهێنانە بە یەکلاکردنەوەی سەرۆک کۆماریی بۆ ئەردۆغان لە خولی یەکەمدا، دەنگی کورد بووە بەربەستێکی سەرەکیی کە ئەردۆغان نەتوانێت هاوشێوەی دوو هەڵبژاردنی رابردوو، لەم هەڵبژاردنەشدا بە خولی یەکەم کورسی سەرۆکایەتیی کۆمار بەدەستبهێنێت.

ئەوەش دەرخەری بەهێزیی پێگەی کورد و هەدەپە بوو لەم پرۆسەیەدا، بەواتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین، کورد ئەگەر دەنگیشی کەمی کردبێت، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی حساب بۆکراوە و ناتوانرێت بازی بەسەردا بدرێت.

*پێموایە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە هەدەپە بەخۆداچوونەوە بەخۆیدا بکات و لە بەرامبەر گەلدا رەخنەدانی خۆی بدات....

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif