دەقی پرۆژەکەی د.بەرهەم ساڵح(بەرەو گرێبەستێکی سیاسی نوێ)

ليست هناك تعليقات


بەرەو گرێبەستێکی سیاسی نوێ؛ چارەسەرێکی مێژووی بۆ ناکۆکی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە لە عێراق
-
د. به‌رهه‌م ساڵح
-
ئەمڕۆ، 9ی نیسان، 20 ساڵ بەسەر گەورەترین گۆڕانکاری لە عیراقدا تێپەڕدەبێت، ڕوداوێك كە بەهۆیەوە وڵاتەكە و ناوچەكە و جیهانیش گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هات. لە راستیدا ڕزگاربوون لە رژێمێكی ستەمكار كە تاوانی گەورەی دەرهەق بەعێراقیەكان و ناوچەكەش ئەنجامدا، دەسکەوتێکی گەورە ومیژوویی بوو. هەرچەندە دەخوازرا ئەو گۆڕانكارییە بەدەستی عێراقیەكان خۆیان ئەنجام بدرایە، كە لەماوەی چەندین دەیەی ڕابردوو درێغیان نەكرد لە قوربانیدان بەگیانی خۆیان، بەڵام لە كۆتایدا كارەكە پێویستی بە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی كرد. جێگەی سەرنجیشە ئەو هاوكێشە نێودەوڵەتیانەی ڕژێمی پێشوو بۆ سەرکوتکردنی عێراقیەکان پشتی پێ‌ دەبەست، دواجار لەدژی خۆی هەڵگەڕایەوە و بووە مایەی لەناوبردنی.

ساڵی 2003 وەرچەرخانی گەورە بوو، هەلێكی ناوەزە بوو بۆ بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی وەها كە بتوانێت نەهامەتیەكانی ڕابردوو تێپەڕێنێت و بیكاتە دەروازەی داهاتویەك كە پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ هاونیشتیمانیەكانی دەستەبەر بكات. هەر لەسەرەتاوە هیوایەكی زۆر لەسەر ئەو گۆڕانكاریانە هەڵچنرا، بە ئاڕاستەی سیستمێكی دیموكراتی مەدەنی. لەدوای دەیان ساڵەی حوکمی دیکتاتۆریەت، عێراق بەسەر سەردەمێكی نوێدا كرایەوە؛ پەسەندكردنی دەستور، لەڕاپرسیەكی میللیدا، پەرەسەندنێكی گرنگ بوو لە دوای دەیان ساڵ لە دەستوری كاتی و حوكمی عورفی، و لەماوەی ئەم 20 ساڵەشدا، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بەئاشتیانەكراوە و شەش حكومەتی یەك لەدوای یەك هاتونەتە سەر كار، كە لە مێژوی ناوچەكەدا ئەمە بێ پێشینە بووە. ڕاستیەکەشی سەرەڕای تۆمەتباركردنی لایەنە جیاوازەكان بە پێشێلكردنی مادەكانی دەستور، لەچارەسەری هەرنەبێ بەشێک لەكێشەكاندا پشت بەم دەستورە بەستراوە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەڕۆڵی مەرجەعی ئایینی نەجەف بكەین، لە دوو دەیەی رابردوودا رۆڵێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەیان هەبوو بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پارێزگاری لە دەوڵەت لە کاتی زۆر ڕوداو و كارەساتدا كە لەوانەبوو وڵات بەرەو پێشهاتی مەترسیدار بخزێ، سەرباری ئەمەش بەردەوام بانگەوازی ئاشكراو ڕونیان هەبووە بۆچاكسازی و تێپەڕاندنی ناكۆكیەكان.

بەڵام ئەمڕۆ دوای 20 ساڵ لە تەمەنی ئەم حوكمڕانییە نوێیە، ناتوانین نكوڵی لەبونی ئەو كێشە بونیادیانە بكەین کە گۆڕانكاریەكان لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، هەڵەیەكی گەورەشە ئەم كێشانە بەكەم سەیر بكەین، كێشە وكەموكوڕیەكان كەڵەكە بوون، ئەمەش پێویستی بە بەپیاچوونەوەیەکی ڕاستەقینە هەیە، بە هیوای زامنکردنی مافی هاونیشتیمانیان و ژیانێکی شكۆمەندانە.

لە ڕاستیدا تێپەڕاندنی نەهامەتیەكانی دەوڵەتی عێراق و كێشەكانی و دەسەڵاتە ستەمكارەكەی پێش 2003 ئاسان نەبوو، ئاسەوارەکانی تێكەڵاوبونی دامەزراوەی سەربازی بەكایەی سیاسی، كودەتاكان، داپڵۆسین و سەركوتكردن، شەڕەنگێزی و هەڵمەتەكانی پاكتاوكردن و ئەنفال و گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە و وشكردنی هۆرەكان و تیرۆر، و جیاکاری و زوڵمی نەتەوەیی و تایەفی، کاریگەر بوون. بۆیە سیستمی سیاسی نوێی وڵات و بەڕێوەبردنی تا ڕادەیەکی زۆر ڕەهەندی ترس لە یەکتر و هاوسەنگی کاتیی پێوەدیارە. مەترسییەکان لەستەمكاری و جیاکاری نەتەوەیی و مەزهەبی، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پرۆسەی سیاسی، گواسترایەوە ناو پرۆسەی سیاسی نوێ ‌و سەرەنجام دامەزراندنی پشك پشكێنەی مەزهەبی و نەتەوەیی لێكەوتەوە، بەم هۆیەشەوە ململانێی تایەفی و نەتەوەیی لە سیستمی سیاسی وڵاتدا ڕەنگیدایەوە.

ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دەسكەوتەكانی دوو دەیەی رابردوداین لەدوای گۆڕانی رژێمی پێشوو، بەڵام دەبینین چارەسەری قەیرانەكانی ئەم سیستمەی ئێستا وەكو پێویست نین، لە ئێستادا پێكهێنانی حكومەتەكان درێژە دەكێشێت، چەند بەندێكی دەستوور پەكخراون، پشك پشكێنە و گەندەڵی بۆتە كێشەیەكی مەترسیدار، ئەم دۆخە ناتوانرێت بەرێگە تەقلیدیەكان تێپەڕێنرێت، نابێت لەوە زیاتر گرەو لەسەر پشوودرێژی عێراقیەكان بكرێت، هەروەها ناگونجێت بەهانە بهێنرێتەوە بۆئەو تاڵاوەی خەڵکی دەینوشێت. بایكۆتی زیاتر لە 50%ی دەنگدەران لەكۆتا دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، نابێت بە ئاسایی بەسەرماندا تێپەڕێت، بەڵكو شایانی ئەوەیە بیربكەینەوە لەكاریگەری و دەرهاویشتەكانی بۆ شەرعیەتی حوكمڕانی ئەمڕۆی عێراق.

كولتووری توندوتیژی بەربڵاو لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریماندا بە توندوتیژی وەڵامنادرێتەوە، چارەسەری کێشەکانی حوكمڕانی بە سووربوون لەسەر ئاراستەی هەڵە و تاقیكراوە نابێت، گفتوگۆی ڕاشكاوانە و تێگەیشتنی گشتگیرانە تەنها لەچوارچێوەی دەستور و ڕێسا و میكانیزمە دیموكراتییە ئاشتیخوازەكان بەرهەمی دەبێت، بە ئامانجی چاكردنی دۆخی سیاسی وكۆمەڵایەتی و ئابوری و فراوانكردنی بەشداری سیاسی و نوێكردنەوەی دامەزراوە دەستورییەكان.

پێویستی وڵات بە پەیمانێكی نیشتیمانی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ‌ حەتمییە، كە تەنها واقعی ئێستا و قەیرانەكان فەرزی ناكەن، بەڵكو بۆ تێپەڕاندنی مەترسیەكی و جودییە كە هەرەِشە لە قەوارەی دەوڵەتی عێراق دەكات لە سەرەتای دامەزراندنییەوە.

پەیمانێكی نیشتیمانی نوێ‌، تاكە گرەنتی ئاشتی كۆمەڵایەتی و دامەزراندنی حوكمڕانیەکی باشە لەرێگەی پێداچونەوەی ئەزمونەكانی ڕابردوەوە.

ئێستا كاتی چارەسەری ململانێی مێژویی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە، نوخبەی سیاسی و ئابوری و كولتووری، نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقە، لە بنەڕەتدا نەشیعە و نەسونە و نەكورد ڕازی نین لەم دۆخەی ئێستا، بێگومان تورکمان و مەسیحی و ئیزیدی و پێکهاتەکانی تریش نیگەرانن و هاوڕان لەسەر ئەوەی دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانێت بەردەوام بێت.

بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە گفتوگۆ بکرێ بۆ پێچونەوەی دەستور و هەموار بكرێتەوە بەپێی سیاقە دەستوری و یاساییەكان، لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی نیشتیمانی.

ئەم دەستورەی ئێستا تاڕادەیەک لەسەر بنەمای ترس لە رابردوو نوسراوە، بەجۆرێك بواری دوبارەبونەوەی ئەو مێژووە تاڵە نەدات، شیعەكان ترسیان هەبوو لە رابردوو، كوردیش ترسی هەبوو لەرابردو و داهاتوو، سونەكان لەدەستوردا ئامادەییەکی ئەوتۆیان نەبوو، سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی پێیاندرا کە دوای چەند مانگێك هەمواری دەستور بکرێتەوە، بەڵام ئەو بەڵێنە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو جێبەجێ نەكرا. ئەمڕۆ لەبەردەم چەند مادەیەكی دەستوریداین كە لێكدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، هەندێك مادەی دەستور لەگەل یەک ناکۆکن، بەو هۆیەشەوە جێبەجێ‌ نەکراون و پێویستیەكانی ئەمڕۆ بەجێ ناگەینن، بە کردەوەش ئەم دەستورەی ئێستا لەهەندێ‌كاتدا خۆی بووە بە كۆسپ لەبەردەم دروستبونی حوكمڕانیەكی کارا و باش و بەدیهێنانی خواستی عێراقیەكان و تایبەتمەندیەكانیان.

لە ئێستادا ناڕەزایەتی بەرفراوان دەبینرێت لەلایەن هاونیشتیمانیانی شیعەوە بەرامبەر دەسەڵات، وایدەبینن كە ستەمێكی گەورە دەكرێت دەرهەق بە ناوچەكانیان، بەهۆی گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانەوە، هەروەك ناڕەزایەكی جەماوەری كوردی پەرەی سەندووە بەرامبەر حوكمڕانی هەرێم، بەهۆی گەندەڵی و پاوانکردنی دەسەڵات و خزمخزمێنەوە.

پێشتر لەچەندین بۆنەی جیاوازدا بە ڕوونی و ڕاشكاوی، بە فەرمی لەپێگەی سەرۆك كۆمارەوە لە خولی پێشوو، بانگەوازی پەیمانێکی سیاسی نوێم كردووە لەو سۆنگەیەوە كە دۆخی ئێستا چاكسازی بنەڕەتی دەخوازێت، لەسەر ئەو بنەمایەش لە سەرۆكایەتی كۆمار، لە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینەوە كە بزاڤێکی جەماوەری كاریگەر بوو بۆ چاکسازی و ئازادی، هەستاین بە دروستكردنی لیژنەیەكی یاسایی لە كەسانی شارەزا لەهەموو ناوچەكانی عێراقەوە، بۆ گفتوگۆی هەمواری دەستوری عێراق، لیژنەكە كارەكانی لە چەند راسپاردەیەكی گرنگدا كۆكردەوە، لانیكەم بڕیاردان لەسەر چارەسەری هەندێك مادەی ناڕوون لە دەستوردا، ڕاسپاردەی لیژنەكە خرایە بەردەم ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری فراوان، بە ئامانجی گەیشتن بە هەموارێكی گونجاو بە ڕێکار و سیاقاتی دەستوری كە هەموان لەسەری كۆك بن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا هەندێێك لە سەركردە سیاسیەكان لە بۆنەی جیاجیادا بانگەوازی پێویستی رێكخستنی پەیمانێكی كۆمەڵایەتی نوێیان كرد، تەنانەت هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، كە هەردوو حیزبە سەرەكیەکەی کوردستانیشی تێدان، لەڕێكەوتنە سیاسیەكەیاندا، داواکاری هەمواری دەستوریان پەسەند کردووە. هەروەها ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەهەمان شێوە بانگەوازی كردووە بۆ هەمواری دەستوریی.

لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی هەمواری دەستوردا، داواكاری جدی هەیە بۆ گەڕاندنەوە بۆ سیستمی سەرۆكایەتی، و هەندێك لەو بڕوایەدان سیستمی پەرلەمانی هۆكاری قەیرانەكەیە. هەرچەندە نەبوونی شارەزایی هۆکارێکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردنی سیستمی پەرلەمانییە، بەڵام کێشەکانی عێراق تەنها بەهۆی سیستمی پەرلەمانی نیە. كەسانێكی زۆریش هەن سیستمی سەرۆكایەتی ڕەتدەكەنەوە، بەتایبەتی كورد، لە ترسی گەڕانەوەی ستەمكاری و تاكڕەوەی لە دەسەڵاتی ناوەندا.

لەناو ئەم بۆچونە جیاوازانەدا گەیشتن بە چارەسەری واقیعی و دۆزینەوەی دەرەچەی كاریگەر لەڕێگەی دیالۆگەوە كارێكی نەكردە نییە، وەك ڕێکەوتن لەسەر سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی فراوانەوە لەگەڵ پەرلەمانێكی بەهێز و كاریگەر كە كەموكوڕیەكانی پڕبكرێتەوە لەرێگەی دروستكردنی ئەنجومەنێكی ئیتحادیەوە، لەگەڵ ئیدارەدانی پەیوەندی نێوان کوردستان و بەغدا بە میكانیزمێكی نوێ‌ كە مەترسییە مێژویەكانی كورد بڕەوێنێتەوە.

لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەمڕۆ، كێشەی پەیوەندی كورد لەگەڵ حكومەتی بەغدا بەردەوامە، ئەمەش یەكێكە لەگەورەترین ئەو ئاڵەنگاریانەی روبەڕوی عێراق بۆتەوە لەسەرەتای دامەزراندنییەوە. عێراق نەیتوانیوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی ڕووندا كوردستان لە ئامێز بگریت، كە تایبەتمەندیەكانی كورد لەبەرچاوبگرێت و لە چوارچێوی نیشتیمانێكی هاوبەشدا بیپارێزێت، هەروەكو چۆن كوردیش دەستبەرداری خواستە نەتەوەیەكانی خۆی نەبووە، کە بەلای حكومەتی بەغداو قبوڵكراو نەبووە.

لە ساڵی 2003 هەلێكی زێڕین هەڵكەوت بۆ بونیادنانی متمانەیەكی هاوبەش و دوبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان هەردولا، بەڵام بەرژەوەندی تەسك لە نێوان نوخبەی شیعە و كورد و سونە رێگر بوو لە بەردەم مۆدێلێكی حوكمی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پتەو كە ناكۆكیەكان لابدات و ڕێگە خۆشكەربێت بۆ بونیادنانی خاڵی هاوبەشی نیشتیمانی كە بتوانێت كورد و عەرەب و سوننە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی كە دەستوری عێراق دانی ناوە بە سیستمی فیدراڵیدا، بەڵام لە سایەی لێكدانەوەی دەستوری و یاسایی ئیداری ناڕۆشندا هەمیشە دۆخەكە شڵەژاو بووە. بەو هۆیەشەوە لەماوەی ڕابردوودا ئەم دۆخە نە فیدراڵی بووە نە كۆنفیدڕاڵی و نە مەرکەزی، بەڵكو تێكەڵەیەك بووە كە هەموان تیایدا زیانیان بەركەوتووە، دۆسیەكانی ئابوری و خاک و نەوت و ئاسایش و موچە و بەشەخۆراكی خەڵك بەجێهێڵراون بۆ ململانێ و سازشی لایەنەكان.

ئەمڕۆ، لەبەر ڕۆشنایی ئەم ئەزموونەدا، گرێبەستێكی سیاسی نوێ‌ پێویستە، لە نێوان حكومەتی بەغدا و كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و كۆتایهێنان بەم کێشە بنەڕەتییە.

كورد و عەرەب یان رێكدەكەون لەسەر پرۆژەیەكی هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینەی تەواو كە گرەنتی مافی هەموانی تێدابێت و باوەڕی بە هاوبەشی فیعلی هەبێت لە حوكمڕانی وڵاتدا، یان مانەوەیانە لە ناو بازنەی ئەم دۆخە شێواوەدا، یاخود ڕێکەوتن لەسەر چارەسەرێکی نوێ و چوارچێوەیەکی فراوانتر، وەكو پەسەندكردنی كۆنفیدڕاڵی كە زۆرێك لە كێشە هەڵپەسیردراوەكان و كێشە ئابوری و ئەمنیەكان یەكلایی دەكاتەوە، پەیوەندی نێوان هەردوو لایەنی كوردی وعەرەبی ڕێکدەخات لە چوارچێوەی یەك دەوڵەت و سنوری نێودەوڵەتی دانپێدانراودا. لەگەڵ بونی حوكمڕانیەكی باش و یەكخستنی ڕاستەقینەی هەیكەلی دامەزراوە سیاسی وئابوری و ئەمنیەكان و ئیدارەیەكی هاوچەرخدا، و ڕێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەكان و كۆتاییهێنان بە خزمخزمێنە و گەندەڵی و فەراهمكردنی دادپەروەری.

لەگەڵ ئەوەی دەستور دانی بە لامەركەزیدا ناوە بە دەسەڵاتی فراوانەوە بۆ پارێزگاكان وەك رێگەیەك بۆ هاوسەنگی لە دەسەڵات و رێگرتن لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆریەت، بەڵام لە جێبەجێكردنی ئەم بنەمایانەدا لەبەر چەندین هۆكار تۆمارێكی شكستخواردوی هەیە؛ لەوانە عەقلیەتی بیرۆكراتیانەی بەهێزی دەسەڵاتی ناوەند، مەترسی لەوەی فراوانبونی دەسەڵاتی پارێزگاكان سەربكێشێت بۆ گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، بەم جۆرە هەتا ئێستا پارێزگاكان چاوەڕێی پارەی ناوەندن، تەنانەت شێوازی دابینكردنی خەرجیەكانیش هاوشێوەی ئەو دۆخی پێش 2003ە.

پێویستە هەڵبژاردنە ناوخۆیەكان لە نزیكترین كاتدا ئەنجام بدرێت. (دواهەمین هەڵبژاردنی حكومەتی خۆجێی لەساڵی 2013 ئەنجامدراوە)، پێویستە هەڵبژاردنەكان هاوشان بن لەگەڵ ئەنجامدانی كۆمەڵێك چاكسازی بنەڕەتی لەماوەی ناوەند ودورمەودادا، هەروەها لەوانەیە باشتر بێت هەڵبژاردنی پارێزگار ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكی پارێزگاكەوە بێت و یاساو ڕێسای تایبەت دەربكرێت بۆ كاری حكومەتە خۆجێیەكان.

دیاردەی گەندەڵی لە ئاستێكی ترسناکدایە، کۆسپێکی گەورەیە لە بەردەم دابینکردنی حوكمڕانی باش، و گرێدراوی پشكپشكێنە و قەیرانە سیاسیە بەردەوامەکانە. لەكاتێكدا نە چاكسازی و نەگۆڕانكاری دەكرێت بەبێ‌ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی. ئەمەش پێویستی بەڕێوشوێنی تایبەت هەیە بۆ گێڕانەوەی ئەو ماڵ و سامانەی دەوڵەت كە دزراوە یان نێردراوەتە دەرەوەی وڵات.

هاوشان لەگەڵ چارەسەری گەندەڵی دەبێت گۆڕانی ئابوریش بێتە ئاراوە. ئابوری رەیعی مەترسیەكی گەورەیە، بەجۆرێك 90%ی داهاتی وڵات پشت بەنەوت دەبەستێت، لەگەڵ ئەو بەرەوپێشچونانەی لە جیهاندا هەیە بۆ رووكردنە وزەی نوێ‌ لەرێگەی رێكەوتنامەكانی ژینگەوە. پێویستە پلانی پێشوەختە دابنرێت بۆ گۆڕانكاری هەمەلایەن لەبنەمای ئابوریەكەماندا، ئەمەش پەیوەندیدارە بە روبەروبونەوەی گەورەترین مەترسی بۆسەرمان كە خۆی لە گۆڕانی كەشوهەوا و ئاسەوارە ئابوری و ژینگەیییە گەورەكانیدا دەبینێتەوە.

سەیرە عێراق بەوەی کە لانەی شارستانی یەکەمە، خاوەن پێگەی جوگرافی تایبەتە، و خاوەنی توانای مرۆیی و سامانە سروشتیە، و لەناو دڵی میزۆپۆتۆمیا و شاخەكانی كوردستان هەڵكەوتوە، دەبوایە جەمسەری بەهێز و سەقامگیری ناوچەكە بوایە لەرێگەی دروستكردنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەگەڵ دراوسێكانیدا. بەڵام دەوڵەتی عێراق لەماوەی رابردوودا سەركەوتوونەبووە لەخۆگرتنی ئەو تایبەتمەندییە ناوازانە. لەبری ئەوە خەریكی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی و تێوەگلان بوە لەشەڕی بێ‌ هودە لەگەڵ دراوسێكانیدا، بەو هۆیەشەوە پاشەكشەی كردووە لە گێرانی رۆڵی مێژویی خۆی وەک دەوڵەتێكی میحوەری لە ناوچەكەدا. لەبەر ئەوە هیچ بژاردەیەک لەبەردەستدا نییە جگە لە بەهێزكردنی سیاسەتی دەرەكی دوور لە جەمسەرگیری و ململانێ‌ و كاركردن بۆ دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ ناوچەکە.

دوای 20 ساڵ لە گۆڕانكاری، پێویستە عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی دەستوری بەهێزی دیموكراتی بێت نەك سەركوتكار، خزمەتگوزاری گەلەكەی بێت و توانای چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا ورێزگرتن لە مافی مرۆڤ و قوڵكردنەوەی بنەماکانی هاوڵاتیبونی هەبێت، بەبێ‌ بونی ئەمانە لەبەردەم 20 ساڵی دیكەی قەیران وداڕمانداین كە عێراقیەكان باجەكەی دەدەن، هەموو عێراقیەكان، بە گشت پێکهاتەکانیەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif