بەڵگەنامەیه‌كی نهێنی زانیاری هه‌ستیار له‌باره‌ی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاشكرا ده‌كات

ليست هناك تعليقات


ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریکا پێیوایە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ جێگیرکردنی بەرژەوەندییەکانی روسیا، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی بەڵگەنامە هەواڵگرییە نهێنییەکان، کە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دزەیان پێکراوه‌.

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی بریتانی، ئەو فایلانە ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتن بە وردی چاودێری گۆتێرێس دەکات، هەروەها گوێی لە پەیوەندییە تایبەتییەکانی نێوان ئەو و جێگرەکەی گرتوە، کە تێیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لێدوانی ڕاشکاوانە سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و دەربارەی ژمارەیەک سەرکردەی ئەفریقا ده‌دات.

یەکێک لە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان تیشک دەخاتە سەر رێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش کە لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردودا به‌ نێوه‌ندگیری نەتەوە یەکگرتوەکان و تورکیا واژۆكرا، دوای ترسی سه‌رهه‌ڵدانی قەیرانی خۆراکی جیهانی به‌هۆی جه‌نگی روسیاوه‌.

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، گۆتێرێس ئەوەندە دڵەڕاوکێی هەبوە بۆ پاراستنی ئەو رێککەوتنە کە "بە تەواوی ئامادەیە بەرژەوەندییەکانی روسیا لەبەرچاو بگرێت"، لە بەڵگەنامەکەدا هاتوە، "گۆتێرێس جەختی لە هەوڵەکانی خۆی کردوه‌تەوە بۆ باشترکردنی توانای روسیا بۆ هەناردەکردن".

بەشێک لە کارەکانی گۆتێرێس هەوڵە فراوانه‌کان بۆ لێپرسینەوە لە مۆسکۆ لە بەرامبەر کارەکانی لە ئۆکرانیا تێکدەدەن
بەپێی بەڵگەنامەکە، بەشێک لە کارەکانی گۆتێرێس "هەوڵە فراوانه‌کان بۆ لێپرسینەوە لە مۆسکۆ لە بەرامبەر کارەکانی لە ئۆکرانیا تێکدەدەن".

ئەو بەڵگەنامانە ژمارەیەک لە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتوەکانی ناڕەحەت کرد و توڕەیی خۆیان دەربڕی
ئەو بەڵگەنامانە ژمارەیەک لە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتوەکانی ناڕەحەت کرد و توڕەیی خۆیان لە "پێشنیارێک کە سەرۆکی دیپلۆماتکاری جیهان لەگەڵ مۆسکۆدا نەرم و نیان بو" دەربڕی، جەختیان لەوە کردەوە کە گۆتێرێس چەندین جار دژایەتی خۆی بۆ شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا بە رونی راگەیاندوە.

بەرپرسێکی باڵا رایگەیاندوە، هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانە نادات، ئاماژەی بەوەکردوە، نەتەوە یەکگرتوەکان "بەهۆی پێویستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر وڵاتانی هەژار، لە سەرانسەری جیهاندا پاڵدەنرێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ ئەوەی نرخی خۆراک دابەزێنین".

روسیا چەندینجار گلەیی ئەوەی کردوە کە هەناردەکردنی دانەوێڵە کاریگەری نەرێنی لەسەرە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، هەروەها لانیکەم دوجار هەڕەشەی ئەوەی کردوە کە بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەدا ڕاده‌گرێت، ئەگەر نیگەرانییەکانی چارەسەر نەکرێت، هه‌نارده‌كردنی دانەوێڵەی روسیا سزای نێودەوڵەتییان لەسەر نییە، بەڵام روسیا دەڵێت لە کارەکانی کەشتیوانی و بیمەدا توشی کێشە بوە.

گۆتێرێس ناڕەزایی خۆی لە بانگەوازەکەی ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین ا بۆ دابینكردنی چەک و تەقەمەنی زیاتر بۆ ئۆکرانیا
بەڵگەنامەیەکی دیکە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی شوبات، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لە نێوان گۆتێرێس و جێگرەکەی، ئامینە محەمەد ئاشکرا دەکات، کە تێیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ناڕەزایی خۆی لە بانگەوازەکەی ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ دابینكردنی چەک و تەقەمەنی زیاتر له‌ شەڕی دژی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا ده‌رده‌بڕێت.

هەروەها ئەو دوانە باسیان لە کۆبونەوەی لوتکەی نێوان سەرکردەکانی ئەفریقا کردوه‌ ئامینە ئاماژەی بەوەکردوە، "ویلیام ڕوتۆ، سەرۆکی کینیا بێبەزەییە و متمانە پێی نییە".

وەزارەتی دادی ئەمریکا هەفتەی رابردو لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیی تاوانکاری لەبارەی دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی کردەوە، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیش دوێنێ بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی بەڵگەنامەکانی دزەپێکردوە، چەکداره‌كه‌ تەمەن له‌ 20كاندایه‌ و لە بنکەیەکی سەربازیدا کاردەکات، ئەوەش بە پشتبەستن بە هاوکارەکانی لە گروپێکی چاتی ئۆنلاین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif