ئەنفال..جینۆسایدی نەتەوەیەکی بێ یاداوەری

ليست هناك تعليقات



ئەبوبکر علی (کاروانی)
-
ئەنفال عەڵقەی کۆتایی ستراتیژێکی داڕێژراوی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو بۆ دەستکاری کردنی پەیوەندی سروشتیی مرۆڤی کورد بە شوێن و خاك و کەلتورو مێژوو داھاتووی خۆیەوە، ھەروەھا ھەڵتەکاندنی ژێر خانی کۆمەڵگەی کوردو بزوتنەوە نەتەوەییەکەی و نائومێد کردنییان لە ئایندەی خۆیان وئەگەری دووبارە سەربەرز کردنەوەیان.

واتە ئامانج لێی زەبرێکی ستراتیژی و سەرکوتی ھەمەلایەنە بوو لە پێناو خۆ بە دەستەوەدان و بەچۆکدا ھێنانێکی ھەمەلایەنە.

مەبەستیش زەبرلێدانێکی مێژوویی کۆی کۆمەڵگەی کوردی باشوور بوو لەڕێی کۆمەڵکوژییەکی تێکەڵ بە سووکایەتی پێکردنی قوڵی بەشێکییەوە.

کەچی بەداخەوە سەرە ڕای گەورەیی ئەم کارەساتەو بە ئامانجگرتنی کۆی کوردی باشوور و ناسیۆنالیزمەکەی، بەھۆی کەرت و پەرتی یاداوەری دەستەجەمعی کوردو کاڵ و کرچی ناسیۆنالیزمەکەی و رەگە قوڵەکانی یەکتر بەنەفرەتکردن و شەڕی ناوخۆ، ھەرگیز وەك خۆی و بەو شێوەی پێویستە نەمانتووانی لەم ئاستەدا بیکەین بە بەشێكی بنەرەتی وئاراستەپێدەر لە ھووشیاری و یاداوەریماند!

ھەربۆیە بەسەرنجدان لەواقیعە نەخوازراوەکەمان و جۆری مامەڵەمان لەگەڵ ئەنفال، وەك کەرەسەیەکی بەرین وگەورەی خۆبیناکردنەوەو سەرچاوەیەکی قوڵ ورەسەنی رەوایەتیپێدان و پاساودەری مافی چارەنووس، تاڕاددەیەکی زۆر لەبیر کردنەوەماندا وەك تاوان دژ بە بەشێکی بێبەشی گەلی باشوور مایەوەو نەگۆڕا بە شاڵاوی ھەمەلایەنەی جینۆساید کردنی گەلێك! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، خۆمان لەئاستی: یاداوەری، ھەستپێکردن، ئامادەکردنەوە، تەوزیف کردن و ڕاچڵەکین، دانمان بەوەدا نەناوە ئەنفال ناوە بۆ شاڵاوی جینۆسایدکردنی گەلی باشوور وەك گەل!!

بەداخەوە، ئەنفال بەھەموو ئەو گەورەیی و مەرگەسات و رەنج و وەحشی گەرییەی لەگەڵ خۆیدا ھەڵیگرتووە، تاکوئێستاش توانای راچڵەکاندنی ئێمەی نەبووە ومامەڵەمان لەگەڵیدا لەمامەڵەیەکی نمایشی تێناپەڕێت! کارەساتێکی ھاوبەشی لەم ئاستەشدا نەیتوانی یاداوەری بەناکۆکی ناوخۆ پەرتکراومان کۆکاتەوەو ھووشیاریمان بەخۆمان و مێژوو بەرامبەرەکان و ئێستاو ئایندەمان بەجۆرێك بیناو نوێ بکاتەوە، توانای وێناکردنمان بۆ گەلی باشوورو کورد وەك نەتەوە، بگەیەنێتە ئاستی خەیاڵدانێکی نەتەوەیی ھاوبەش وزیندوو ئاسەوار دیار!

ئەمەش خۆی لەخۆیدا رەھەندێکی تر دەخاتە سەر مەرگەساتەکە، بمانەوێ و نەشمانەوێت بە جۆرێ لە جۆرەکان بە بێڕێزیش بەرامبەر ئەفالکراوەکان وخوێن ورەنج وئازارو فرمێسکی ئەوان وقەوارەی کارەساتەکەو کەس وکاریشییان لەقەڵەم دەدرێت.

بەداخەوە یاداوەری ئێمە تاکو ئێستاش لەوە بچووکترو بریندارترو گرژتربووە، کارەساتێکی گەورەی وەکو جینۆسایدی ئەنفالی تێدا جێگە ببێتەوە.

چونکە بۆ ئەوەی توانایەکی لەو جۆرەمان ھەبێت، دەبێت توانای لەبیر بردنەوەی ناکۆکی و شەری ناوخۆمان لەمێژوودا ھەبێت، وەك پێشمەرجێکی بەنەتەوە بوون و بەدیھاتنی ھەستکردن بە ناسنامەو ئامانجی ھاوبەش ، کە دیارە ھێشتا زۆرمان ماوە پێی بگەین، چونکە ئەو ھووشیارییە مێژووییەی بەپلەی یەکەم تاکو ئێستاش لەناوخۆدا رەفتاری سیاسیمان ئاراستە دەکات و خەیاڵدانمان پێکدەھێنێت، مێژووی شەڕەکانمانە دژ بەیەکتر، نەك جەنگی وجوودی ئەوانەی ئەنفالییان کردین دژبەھەموومان وکۆی بوونە نەتەوەییەکەمان.

رەھەندێکی بەسوێی ئەم قەیرانە فیکری و دەروونییەشمان لەوێدایە، کاتێك ناتوانیین وێنای گەل لەخۆمان نیشان بدەین و لەچوار چێوەشدا ئەنفالکراوە شەھیدەکانمان وەك قوربانیانی نەتەوەو پڕۆژەیەکی نەتەوەیی شکۆدار ئامادە بکەینەوە، بەجۆرێك لەجۆرەکان دەستکاری ناسنامەی ئەوانیش دەکەین و وەك قوربانیی بێ قەزییە نیشانیان دەدەین، ئامانجێ کە بەعس ویستی لەڕێی بەشدارییپێکردنی چاش وچەکداری کورد لە شاڵاوەکاندا بیھێنێتە دی و ئێمەش بۆی تەواو دەکەین.

دنیایەك ڕێزو گەورەیی بۆ یادی شەھیدە ئەنفالەکانمان.. ئەوانەی تەنھا وتەنھا لەسۆنگەی کوردبوون وژیان لە سەرزەمینێکدا کەبەعس ژیانی تیا قەدەغە کردبوو کردبووی بە مەرگەستان ومەڵبەندی تاعونی رەش، قڕکران.

ئەوانەی لەڕیزی بێنازو جەزرەبە چێشتووترین مرۆڤەکانی ئەم دنیایەبوون،

دوعا خوازیین سەربەرزترینی ئەودنیا بن و لەوێش بەچاوی خۆیان سەر شۆڕی جەللادو بکوژەکانیان ببینن، پێش چوونە بەھەشت، لەبەھەشتی ھەستکردن بە دادپەروەری ڕەھا چێژ وەربگرن وپاداشتی رەنج وستەملێچوویی خۆیان بەتەواویچوەربگرن.







ئەبوبەکر عەلی( کاروانی)

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif