ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان، دەربەندیخان و دهۆك چەند زیادیان کردوە؟

ليست هناك تعليقات



بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 25 سانتیمەتر، دەربەندیخان 50 و دهۆکیش 37 سانتیمەتر زیادی کردووە. بەڕێوەبەری بەنداوی حەمرینیش لە پارێزگای دیالە دەڵێت، دوێنێ لە چرکەیەکدا 70 مەتر سێجا ئاو گەیشتووەتە بەنداوەکە.

لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، گەورەترینیان بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆکن. رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 24 کاژێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 25 سانتمەتر و دەربەندیخان 50 سانتمەتر و دهۆکیش 37 سانتیمەتر زیادی کردووە.

بە گوتەی رەحمان خانی، داهاتی ئاوی کۆگاکراوی 24 کاژێری رابردوو 67 ملیۆن مەتر سێجا بووە. جگە لە بەنداوی چەمرگە، زۆربەی بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژ بوون، لەوانەش بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆک، کە بۆ یەکەمجار سەرڕێژ بوو.

بەنداوی خنس لە سنووری پارێزگای دهۆک رۆژی چوارشەممە، 12ـی نیسان بۆ یەکەمجار سەڕێژ بوو، ئێستا 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکە گلدراوەتەوە.

هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گلدراوەتەوە، بەڵام سەرڕێژ نەبوون، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، رێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە 21 ملیۆن و 967 هەزار مەتر سێجایە.

بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و هێشتا ئاستی ئاوی ساڵی پاری تێنەپەڕاندووە.

رۆژی پێنجشەممە، 13-04-2023، کۆچەر جەمال تۆفیق، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 24 کاژێری رابردوو 34 ملـلیمەتر باران باریوە، کۆی گشتیی بارانبارینەکەمان گەیشتووەتە 485 ملیمەتر، ئێستا بەنداوەکە 38٪ ئاوی تێدایە و کەمتر لە مەترێکی ماوە بگاتە ئاستی ساڵی رابردوون."

بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە و بەنداوەکە ئێستا ئاستی ئاوی ساڵی پاری تێپەڕاندووە.

سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بارانبارینی 48 کاژێری رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەکە 80 سانتیمەتر زیادیکردووە، کە لەگەڵ ساڵی رابردوودا جیاوازییەکە سێ مەتر و 84 سانتیمەتر کە دەکاتە زیاتر لە نزیکەی201 ملیۆن مەتر سێجا."

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا 512 ملمەتر باران باریوە، کە نزیکەی 165 ملیمەتر لە ساڵی پار زیاترە. دەشڵێت: "سەرەڕای ئەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەراورد بە ساڵی پار زیاترە، بەڵام هێشتا بەنداوەکە 50٪ـی ئاوی تێدایە واتا نیوەی زیاتر بەتاڵە."

بەنداوی حەمرین چاوەڕێی ئاوی هەرێمی کوردستانە

ئەو شەپۆلە بارانبارینەی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتەوە ئاستی ئاوی بەنداوی حەمرینیشی زیادکردووە. سوعبان جاری، بەڕێوەبەری بەنداوی حەمرین لە پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەیشتنی ئاو بۆ بەنداوی حەمرین 24 تاوەکو 48 کاژێری پێویستە، بۆیە تائێستا ئاوی پێویست نەگەیشتووە بەنداوەکە و بەشێوەیەکی دیاریکراو ئامار نین، چاوەڕێین لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاو بگاتە بەنداوەکە و بڕەکەی زیادبکات و بەدیاریکراوی دەردەکەوێت."

سوعبان جاری، ئاماژەی بە زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکە کرد و گوتی: "پێشتر لە چرکەیەکدا 20 مەتر سێجا ئاو دەگەیشتە بەنداوەکە، بەڵام دوێنێ لە چرکەیەکدا 70 مەتر سێجا ئاو گەیشتووەتە بەنداوەکە و نزیکەی پێنج سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە.

سەبارەت بە ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەکە، بەڕێوەبەری بەنداوی حەمرین گوتی، ئێستا ئاوی کۆگاکراو 15٪ یە، بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە کە پارساڵ لەو کاتەدا 8٪ بوو.

ئاستی ئاوی بەنداوی ئەرغەنی 50٪ زیاد بووە

شەپۆلی بارانبارین باکوری کوردستانیشی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکان زیادیکردووە. بەنداوی ئەرغەنی کە دەکەوێتە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان و 5 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی ئەرغەنی دوورە، بەهۆی ئەم شەپۆلی بارانە ئاستی ئاوەکەی بەرزبووەتەوە.

بەنداوی ئەرغەنی بەرزییەکەی 54 مەترە و توانای گلدانەوەی 14.51 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. لەکاتێکدا ئەو بەنداوە پێشتر ئاستی ئاوەکەی دابەزیبوو و کێشەی هەبوو، بەم چەند شەپۆلەی باران و بەفرە ئاستی ئاوەکەی بۆ زیاتر لە 50٪ بەرزبووەتەوە. ئێستا بەنداوی ئەرغەنی توانای ئاودێریی 18 هەزار و 660 دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە.

ئاستی ئاوی بەنداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیادکردووە

بەپێی ئاماری دامودەزگا حکومییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی باران بارین بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئاماری کەشناسیی لوڕستان، لە بەیانی رۆژی چوارشەممەوە تاوەکو بەیانی رۆژی پێنجشەممە بە شێوەی مامناوەند 47.6 میلیمەتر باران لەو پارێزگایە باریوە. لەو ماوەیەدا زۆرترین بڕی بارانبارین لەو پارێزگایە لە شارۆچکەی شولئابادی سەر بە شاری ئەلیگودەرزە کە 92.5 میلیمەتر بووە.

داریوش حەسەن‌نەژاد، بەڕێوبەری گشتیی ئاوی ناوچەیی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، ئاوی یەدەگی شەش بەنداوی ئەو پارێزگایە گەیشتووەتە 84 ملیۆن مەتری سێجا کە 13٪ زیاترە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو. بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە توانای گلدانەوەی 208 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە. حەسەن‌نەژاد دەشڵێت، لە هەر چرکەیەکدا 11.23 مەتری سێجا ئاو دەڕژێتە نێو بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە.

12 بەنداوەکەی پارێزگای کرماشانیش نزیکەی 60٪یان پڕن و 805 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدایە. بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە توانای گلدانەوەی یەک ملیار و 350 ملیۆن مەتری سێجا ئاویان هەیە.

مەحمودڕەزا شەهلایی، بەڕێوەبەری ئاوی ناوچەیی کرماشان دەڵێت، لە 24 رۆژی رابردوودا بەشێوەی مامناوەند 102 میلیمەتر باران لەو پارێزگایە باریوە. هەروەها لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ 387 ملیمەتر باران لە پارێزگای کرماشان باریوە کە 51٪ زیاترە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو.

هەروەها کەشناسیی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ئێوارەی سێشەممەوە تاوەکو بەیانی پێنجشەممە بارینی 38 تاوەکو 93 میلیمەتر باران لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە تۆمار کراوە. زۆرترینی لە شاری سەوڵاوا و کەمترین لە شاری قوڕوە بووە. کەشناسیی سنە هەروەها لەبارەی پڕبوونی بەنداوەکانی گاران لە مەریوان و چراوەیس لە سەقز هۆشداری داوە.

مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ناوچەیی پارێزگای ورمێش ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای پاییزەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەشێوەی مامناوەندی 255 ملیمەتر باران لەو پارێزگایە باریوە کە 21 میلیمەتر یان 8.8٪ زیاترە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو. هەروەها رایگەیاند، 576 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی 14 بەنداوەکەی ئەو پارێزگایە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 9٪ زیادیکردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif