نوێترین دیداری قوباد تاڵەبانی

ليست هناك تعليقات


 جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ناتوانێت گاز هەناردەی ئەوروپا بکات، چونکە پێیوایە هێشتا لە نێوخۆدا پێویستییەکی بەرچاوی وزە هەیە و دەشڵێت، کاتێک کە توانییان کارەبای 24 کاژێری بۆ هاونیشتمانییان دابین بکەن، ئەوکات بیر لە هەناردەکردنی گاز دەکەنەوە بۆ ئەوروپا.


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دێلفی باسی دۆخی هەرێمی کوردستان، یەکسانیی جێندەر، کەرتی نەوت، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی کرد. گوتیشی، پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستاندا هەیە.

رۆژی پێنجشەممە، 27ـی نیسانی 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دێلفی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان رایگەیاند، "لە دۆخێکی پڕ لە کێشمەکێشی جیۆپۆلەتیکی لە هەرێمێک کە چەقبەستوویی سیاسیی تێیدا بەدی دەکرێت، ئێمە دەبێت لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا بڕۆین. ئەوە روونە بۆ هەموو کەسێک کە ئێمە بەهێزترینی ناوچەکەنین و ئێمە هەرگیز هەوڵی ئەوەش نادەین."

لەبارەی هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا، قوباد تاڵەبانی گوتی، هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەو کارە بکات و هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەوەیە خواستێکی زۆر لە نێوخۆوە لەسەر گاز هەیە، چونکە هەرێمەکە هێشتا کارەبای 24 کاژێری نییە. گوتیشی، "من دڵنیام لە داهاتوو زەمینەیەک دەڕەخسێت کە دەکرێت هەناردە بکرێت، بکرێتە کارەبا یان ئاڵۆگۆڕی پێبکرێت و ستراتیجانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. هیوادارم بمتوانیبا بڵێم ئێمە دەتوانین چارەسەری کێشەی وزەی جیهان بکەین، بەڵام پێموایە ئەوە ژیرانە نییە، راستی و بەرپرسیارانە نابێت ئەگەر وا بڵێم."
دەقی پرسیار و وەڵامی قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندەکەدا:

پێشکێشکار: رێگەم بدەن بەخێرهاتنی کەسێک بکەم کە یۆنانی خۆشدەوێت و یۆنانیش خۆشی دەوێت.

قوباد تاڵەبانی: زۆر سوپاس، جێی شانازییە دووبارە لێرەم و سوپاسی سەرۆک دەکەم بۆ بانگهێشتەکەی، ئەمە دووەمجارە بەشداری کۆڕبەندی دێلفی دەکەم، دڵخۆشم بەوەی هاتوومەتە وڵاتێکی جوان کە کەسانێکی باشی لێیە و هاوڕێی باشیشن.

پێشکێشکار: ئەو ناتوانێت ئەوە بڵێت، بەڵام من دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەو ریفۆرمخوازە، بۆچی؟ چونکە ئەو پاڵەوانی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە، پاڵەوانی یەکسانیی جێندەرە، پاڵەوانی یەکتر قبووڵکردنی ئایینییە لە هەرێمێکی دژوار و کاتێکی دژواردا، ئەو کەسێکە کە هەوڵی پێشخستنی کۆمەڵگەکەی دەدات، بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران.

قوباد تاڵەبانی: زۆر سوپاس.

پێشکێشکار: لەبارەی کوردستان دەگەڕام و یەکەم پرسیار کە بە مێشکمدا هات ئەوە بوو، ئێوە لە هەرێمێکن کە گەمارۆی زەوینی دراوە و کەوتوونەتە ناوچەیەکەوە کە دۆخە سیاسییەکەی دژوارە، ئێوە دراوسێی تورکیا و عێراقن و چەندین هێزی نێودەوڵەتی لێیە، رۆڵی کەسایەتی تۆ بۆ پێشخستنی دۆخی خەڵکەکەت چۆنە؟

قوباد تاڵەبانی: تۆ گوتت کە ئێمە گەمارۆی زەوینی دراوین و دراوسێی دژوارمان هەیە و لە دۆخێکی پڕ لە کێشمەکێشی جیۆپۆلەتیکین لە هەرێمێک کە چەقبەستوویی سیاسیی تێدا بەدی دەکرێت، ئێمە دەبێت لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا بڕۆین. ئەوە روونە بۆ هەموو کەسێک کە ئێمە بەهێزترینی ناوچەکە نین و ئێمە هەرگیز هەوڵی ئەوەش نادەین، دەبێ لە رێگەی سیاسەتی باش، پەیوەندیی باش، مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان ژیرانە مامەڵە بکەین بۆ ئەوەی بمێنینەوە. نابێت لایەنگری بکەین و ببینە بەشێک لە کێشمەکێشی جیۆپۆلەتیکی و هەرێمی و نێوخۆیی. ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەوڵی مانەوە بدەین، زۆرترین لە دۆخە دژوارەکاندا بەدەستبهێنین و باشترین بۆ خەڵکەکان بکەین، خەڵکانێک کە بە دژوارترین دۆخەکانی مێژوودا تێپەڕیون.

پێشکێشکار: هەرێمەکەتان پڕە لە سامانی سرووشتی، پڕە لە سووتەمەنی، ئەگەر هەڵە نەبم 3٪ـی گازی جیهان لە هەرێمەکەتانە، لە یەکێتیی ئەوروپا دیبەیت لەبارەی ئەوەوە دەکرێت کە سەرچاوەکانی دەستخستنی گاز فرە چەشن بکەن، ئایا ئێوە دەتوانن ببنە جێگرەوەیەک و یەکێتیی گاز بۆ یەکێتیی ئەوروپا هەناردە بکەن؟

قوباد تاڵەبانی: نەخێر، داوای لێبوردن دەکەم کە ئەمە دەڵێم، هۆکاری سەرەکی، چونکە ئێمە پێویستییەکی بەرچاوی وزەی نێوخۆییمان هەیە. راستە ئێمە ژێرخانێکی دەوڵەمەندی گازمان هەیە کە دەرنەهێنراوە و پەرەی پێنەدراوە، ئێستا خەریکە پەرەی پێدەدرێت، ئێمە هێشتا لە وڵاتێک دەژین کە کارەبای 24 کاژێری نییە، بۆ ئێمە ئەوەی گرنگە، خواستی نێوخۆییە بۆ وزە، ئەگەر ئێمە بتوانین خواستی نێوخۆ و پیشەسازی پڕبکەینەوە و کارەبای 24 کاژێریمان هەبێت و لەو سووتەمانییانە دووربکەوینەوە کە زیان بە ژینگە دەگەیێنن و بەرەو بەکارهێنانی ئەو سووتەمەنییانە هەنگاوبنێین کە زیان بە ژینگە ناگەیێنن، من دڵنیام لە داهاتوو زەمینەیەک دەڕەخسێت کە دەکرێت هەناردە بکرێت، بکرێتە کارەبا یان ئاڵۆگۆڕی پێبکرێت و ستراتیجییانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. هیوادارم بمتوانیبا بڵێم ئێمە دەتوانین چارەسەری کێشەی وزەی جیهان بکەین، بەڵام پێموایە ئەوە ژیرانە نییە، راستی و بەرپرسیارانە نابێت ئەگەر وا بڵێم.

پێشکێشکار: پێشتر لە تۆم بیستووە کە گوتووتە خۆزگە ئەو سەرچاوە زۆرەی وزەمان نەبوایە، بۆچی ئەمەت گوتووە؟

قوباد تاڵەبانی: ئێمە هەموومان "نەخۆشیی هۆڵەندی"ـمان هەیە، داوای لێبووردن لە هۆڵەندییەکانی ئێرە دەکەم، بەڵام ئەو دەستەواژەیە هی خۆیانە، سامانە سرووشتییەکان، نەوت و گاز وا لە حکومەت دەکەن تەمبەڵ بێت، لە کاتێکدا کە نەوت گرانە، ئاسانە بە تەواوی پشت بە نەوت ببەستیت، ئەمە وەکو هەرێمێک وەکو حکومەتی فیدراڵیش، ئەمەش ئەو هۆکارەیە کە وای کردووە چەندین سێکتەری دیکەی ئابووری پشتگوێ بخرێت. ئابووریی ئێمە بە تەواوی پشتی بە ویستی بازاڕی وزە بەستووە کە نرخی نەوت بەرزبێت؛ داهات بەرزدەبێت، کە نرخی نەوتیش کەمدەکات؛ دووچاری کوردهێنان دەبین، دەبێت ئێمە سوپاسگوزاربین کە ئەم سەرچاوەیەمان هەیە، بەڵام دەبێت ژیرانە مامەڵە لەگەڵ فرەچەشنکردنی ئابوورییەکەمان بکەین. دەبێت گرنگی بە کەرتی گەشتیاری بدەین، سوود لە خاکە بەپیتەکەمان و کەشوهەوا گونجاوەکەمان وەربگرین. دەبێت وابیر نەکەینەوە کە ئێمە گەمارۆی زەوینی دراوین، دەبێت وابیر بکەینەوە کە هەوڵبدەین خۆراک بۆ هەموو وڵاتەکە دابین بکەین، بازاڕێکی 40 ملیۆن کەسیمان هەیە، ئەمەش ئەو هۆکارەیە کە وایکردەوە من بڵێم خۆزگە نەوتمان نەبوایە، ئەگەر نەوتمان نەبوایە ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەوانە دەبوو، ئێستا تۆزێک درەنگە؛ بەڵام ئێمە ئەو هەنگاوانەمان ناوە.

پێشکێشکار: ئێمە باسی ژینگە سیاسییە دژوارەکەی نێوخۆی عێراقمان کرد، جیاوازی لەنێوان سیاسەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە و لە نێوخۆی کوردستانیش کێشمەکێش لەبارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا هەیە، رێگە راستەکەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا چییە؟

قوباد تاڵەبانی: پێموایە بابەتی ئەم کۆنفرانسە، گۆڕینی پارادایمە، دەتوانم بڵێم کە ئێمە گۆڕینی پارادایمی خۆمانمان هەبووە، لە رابردوو ئێمە سەربەخۆتر بووین، بیرمان لە سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری دەکردەوە، ئەمە هەستێکی خۆشبوو، هەموو کوردێک ئەمەی دەوێت، بەڵام جیۆپۆلەتیک هەندێکجار ئازارت دەدات، وات لێدەکات بیربکەیتەوە کە بە ژیرانەتر مامەڵە بکەیت. گۆڕینی پارادایم بۆ ئێمە ئەوەیە، زیاتر لەوەی بمانەوێت لەگەڵ بەغدا لە کێشمەکێشدا بین، ئەوەیە کە وابکەین بەغدا کێشەی کەمتربێت لەگەڵ هەرێم، بگەڕێینەوە ساڵانی 2003 و 2004 و 2005 و 2006، ئەو کاتە ئێمە شامان هەڵدەبژارد، کورد بڕیاری دەدا سەرۆکوەزیران کێ بێت، قسەی کۆتایی لەلای کورد بوو، لە 10 ساڵی رابردوودا ئێمە ئەو سەرنجەمان لەدەستداوە. دەبێت هەوڵبدەین بگەڕێینەوە ئەو پێگەیە، چونکە کە ئێمە ئاسایش و سەقامگیریی عێراقمان لە نێوخۆ، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرقەرار کرد، ئەوە ئەوکات ئێمە کوردستانێکی سەقامگیرترمان دەبێت و دڵنیادەبینەوە لە داهاتوو بەو شێوەیە دەبێت، ئابوورییەکەمان و ئاسایشی فیزیکیمان سەقامگیرتر دەبێت. ئەمە ئەو گۆڕینی پارادایمەیە کە ئێمە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین. ئێمە ئێستا پشتیوانی کابینەکەی سوودانی دەکەین و هەوڵدەدەین حکومەتی فیدراڵی باشتربێت، پێموایە ئەوە بۆ ئێمە گۆڕانکارییە، ئەگەر پێنج ساڵ پێش ئێستا بهاتبامە ئێرە شتێکی دیکەم دەگوت.

پێشکێشکار: پرسیارم زۆرن، دەبێت بەپێی گرنگی هەڵیانبژێرم. یەکسانیی جێندەر، دەستەواژەیەک کە لە رۆژئاوا زۆر بەنێوبانگە و لە رۆژهەڵات کەمتر، تۆ وەکو پاڵەوانی یەکسانیی جێندەر دەناسێنرێیت.

قوباد تاڵەبانی: بڕوام بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو هەیە لە کوردستان، پێموایە ژنان دەتوانن رۆڵی کاریگەر لەنێو کۆمەڵگەکەمان بگێڕن، لە حکومەت، بازرگانی و ئاسایشیش بەهەمان شێوە، دەتوانم بڵێم لە هەموو بوارەکانی ژیان، ئەمەش بیروڕای کەسیی من بووە. من بەختم هەبوو کە لە خێزانێکی لیبڕاڵدا گەورە بووم و خێزانەکەم هاوکاربوون لە چەسپاندنی بیروڕام. من بە تەنیا نیم و چەندین پیاوی دیکە لە هەرێمی کوردستان باوەڕیان وایە کە یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو هەیە، لە راستیدا چەمکی کوردی بۆ ژن و پیاو "هاوسەر"ـە، کە بە واتای هاوسەرۆکی خێزان دێت، ئەمە واتای یەکسانیی جێندەرە. لە مێژووی کوردا هەرگیز سەردەمێک نەبووە کە ژنان چەوسێندرابێنەوە، مێژووی کورد پڕە لە ژنی قارەمان کە مێژوویان نووسیوەتەوە و کوردستانی ئەمڕۆیان دروستکردووە، بەڵام ئێستا بە چەند هۆکارێک تووندوتیژی زیاتر دژی ژنان دەبینین و تووندوتیژی لەنێوخۆشدا زیادی کردووە، کۆرۆنا کاریگەریی زۆر هەبوو لەسەر ئەمە. ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەکەمان کە ئەمە رێگەی راست نییە و ئەگەر بمانەوێت حکومەتێک و ئابوورییەکی باشمان هەبێت، دەبێت یەکسانیی جێندەریشمان هەبێت.

پێشکێشکار: کولتووری کوردی زیاتر لەبارەی یەکسانییە، بەڵام حوکمڕانییەکەت زیاتر لەبارەی بەدیجیتاڵکردنی حکومەتە، تۆ چی دەکەی بۆ ئەوەی حکومەت ببێتە دیجیتاڵی؟

قوباد تاڵەبانی: ئەوە فۆکوسی سەرەکی من بووە لەو کاتەوەی هاتوومەتەوە کوردستان، نزیکەی 10 ساڵ پێش ئێستا، کە هاتمەوە بینیم کارەکان باش ناڕۆن و حکومەتێکی بیرۆکراتییە و زۆر پشت بە کاری سەر کاخەز دەبەستێت. کاتێک حکومەتێکی بیرۆکراتیت هەیە گەندەڵی بڵاودەبێتەوە، چونکە گەندەڵی لە حکومەتی بیرۆکراتییدا زۆر ئاسانە، ئەگەر تۆ 17 قۆناخت لەبەردەمبێت بۆ ئەوەی کارێک بکەیت، یەک کەس بەسە بۆ ئەوەی گەندەڵی لە هەموو 17 هەنگاوەکەدا دروستبکات، هەوڵمانداوە ئەو هەنگاوانە کەمبکەینەوە و لە رێگەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتەوە شەفافیەت دروستبکەین، ئەگەر شەفاف بێت و دیجیتاڵی بێت؛ هەموو کەسێک دەزانێت چیت پێویستە بۆ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری نوێ بکەیتەوە و چیت پێویستە بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک تۆمار بکەیت، ئەمەش روون دەبێت بۆ هەموو کەسێک و لە سێ هەنگاودا ئەگەر گەندەڵی هەبێت دەردەکەوێت.

لە 17 هەنگاودا قورسە گەندەڵکارێک بدۆزیتەوە، بەڵام لە سێ هەنگاودا ئەو کارە ئاسانە، ئەگەر ئەو کارە بکرێت بەرپرسەکان مەگەر زۆر ئازا بن ئینجا بوێرن گەندەڵی بکەن. پێموایە بە دیجیتاڵکردن باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. زۆربەی حکومەتەکان بیر لە سزادان دەکەنەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، "ماسییە گەورەکە" (گەندەڵکارەکە) بگرن و بیهێننە سەر تەلەڤیزیۆن و بڵێن بەڵێ وەزیرە گەندەڵەکەمان گرت، ئەوە گەندەڵی بنبڕ ناکات، کاتێک حکومەتێکی باشتر دادەمەزرێنیت ئەوە ئەو کاتەیە کە گەندەڵی سنووردار دەکەیت و بڵاوبوونەوەشی قورستر دەکەیت.

پێشکێشکار: هەندێک دەنگۆ هەیە کە ئێوە هاوکاری هەندێک لایەن دەکەن و ئەمەش چەند دەوڵەتێکی توڕە کردووە، کاردانەوەت چییە بۆ ئەمە و چی دەکەی بۆ ئەوەی ئەمە چارەسەر بکەیت؟

قوباد تاڵەبانی: ئێمە، پرسیارەکە زۆر دیپلۆماسییانەیە، پێموایە ئەو مەبەستی کوردەکانی سووریایە لەم پرۆسەیەدا، ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ کوردەکانی سووریا لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەیە، پێکەوە شەڕی داعشمان کرد، شەڕی داعشیان لە سووریا کرد، ئێمەش شەڕی داعشمان لە عێراق کرد و بەردەوامین، هەرگیز شەرممان لەوە نەکردووە کە هاوسۆزی خۆمان بۆ کوردی سووریا دەرببڕین تاوەکو شەڕی دژی تیرۆر بکەین. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە دراوسێکانمان زویربن، ئێمەش بەردوامین لەوەی کە بۆیان روون بکەینەوە ئەو هەنگاوانە دژی ئەوان نییە، ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هەموو دراوسێیەکانمان دەوێت، ئەوە باشترین و خێراترین رێگەیە تاوەکو لە رێگەیەوە ئاسایش و سەقامیگریی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین، ناتوانین گرژیمان لەگەڵ تورکیا، ئێران و عێراق هەبێت. بۆ ئێمە ئەوە وێنە گەورەکەیە و دەبێت راشکاو بین، ئێمە هاوپەیمانین لەگەڵ ئەمریکا و بە ئێرانی دراوسێشمان دەڵێین کە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا چۆنە، ئێمە ئەو کارانە بە ئاشکرا دەکەین.

پێشکێشکار: ئەگەر پێویستی بکردایە ناونیشانێکی دیکە بۆ پۆستەکەت زیاد بکەم، دەمگوت، "گەڕیدەی ئاڵۆزییەکان"

قوباد تاڵەبانی: خۆزگە دەریامان دەبوو تاوەکو بەنێو دەریادا گەڕیدە بووینایە.

پێشکێشکار: سوپاسی جێگری سەرۆکوەزیران دەکەین بۆ ئەوەی بۆ ساڵی دووەم لەگەڵمان بوو، دەتوانم بڵێم زۆر کلیتۆنی-ت، ئەوەش شتێکی گرنگە بۆ ئەم کۆڕبەندە. هیوادارین ساڵی داهاتوو بۆ جاری سێیەم لەگەڵمان بیت.

قوباد تاڵەبانی: خۆشحاڵبووم، هیوادارم بگەڕێمەوە ئێرە، هیوادارم هەواڵی باشتر لەگەڵ خۆم لە کوردستان بهێنم، پیتان بڵێم کە زیاتر پێشکەوتووین بەو دەرفەتانەی کە هەمانبوو، بڵێم ئابوورییەکەمان باشتر کردووە و بیرۆکراتییەکەمان ئاساۆیی کردووە و کێشەی نەوتمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر کردووە و ئابوورییەکەمان فرەچەشن کردووە، ئێمە دۆخی دژواری نێوخۆیشمان هەیە و هەڵبژاردن نزیکە کە هەمیشە پرۆسەیەکی خۆشە، دەزانم کە ئێوە لێرە خەریکی هەڵبژاردنن، بەهیوای بەخێکی باش بۆ هەموو لایەک، هەروەها دراوسێکەمانیش هەڵبژاردنیان لە پێشە و بەهیوای بەختی باش بۆ ئەوانیش، کێ دەزانێت؟ لەوانەیە ساڵی داهاتوو جێگرێکی دیکەی سەرۆکوەزیران لە پارتێکی دیکەوە لێرە دابنیشێت.

پێشکێشکار: لەوانەیە تۆ ببیتە سەرۆکوەزیران، کێ دەزانێت؟ زۆر سوپاس


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif