کاکە ڕەش و دادە سوور، یار یا نەیار؟

ليست هناك تعليقات


فــــــارس نەورۆڵـــــی
-
بەکار هێنانی کاکەو دادە نیشانەی ڕێزە، چونکە لەناو کورددا کاکەو دادە پێگەیەکی بەرزییان هەیە، بۆیە بەندەش کاکەو دادەم بەکارهێناوە وەک ڕێز ،بۆ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بەڕێز (جێنین پلاسخارت) و کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بەڕێز (ئێرڤن هیکس جونیەر).

لەم ساڵدا دۆستانی کورد جیاواز لە ساڵانی پێشوو و جگە لە ڕاوێژو هاوکاریکردنمان هۆشداری توندیان پێداین، ئەڵبەتە لەهەر هۆشدارییەکدا جڤاتی کوردی لەبەر ئەوەی حزبایەتی هەڵی وەشاندوەو دابەشی کردووە بۆ پانتایی بچووک بچووک بۆیە ناتوانێ وەک ستراتیژ لە ڕوداوەکان بڕوانێت، بەڵکو وەک ڕق یان ئایدۆلۆجی هەموو ڕووداوەکان دەخوێننەوە.

لەم ساڵدا لە چەند ناوەندێکی خاوەن بڕیاری جیهانیدا هۆشداری بە هەرێمی کوردستان درا، کە داوایان کرد هەڵەکانتان چاک بکەن و خۆتان کۆکەنەوەو هێزەکانتان تۆکمە بکەن و پرۆسەی سیاسی گەشە پێبدەن، بڕێک دادپەروەری فەراهەم بکەن، پێشمەرگە بکەن بەیەک هێز و هەڵبژاردن بکەن، ئەم هۆشدارییانە لە ڕێگای دادە سوور نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و کاکەڕەش کۆنسۆڵی ئەمریکا لە هەولێر بە گوێماندا درا.

بەندە قسەیەکم لەسەر ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نەبوو، لەبەر ئەوەی من ئینگلیزی نازانم و شارەزاش نیم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، بەڵام ئەوەی لە کەناڵە کوردییەکانەوەو لە بۆنە جیا جیاکاندا و لە تەفزیۆنەکانەوە لە زاری دادە سوورو کاکەڕەشەوە بیستم وەک وتەکانیان هەمووی لە بەرژەوەندی کوردا بوو، ئەگەر بەدڵی ئێمەش نەبووبێ، بەڵام ئەوان وەک ئەوەی هەیە قسە دەکەن نەک وەک ئەوەی ئێمە حەزمان لێیە.

هەموو نەتەوە زیندووەکانی جیهانیش لە ڕێگای ڕەخنەوە توانیویانە بگەنە هێز و (دۆست ئەوەیە دەمگریەنێت) ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان هەموومان بۆمان هەیە قسەی لەسەر بکەین، چونکە داهاتووی نەوەکانمانی پێوە بەندە، بەڵام قسە کردنێک بۆ بنیادنان نەک بۆ ئاڵۆزبوون وەک دەڵێن: (خراپە مەکەن لە پێناو چاکەدا) پێویستیشە بوێرانەو ئەقڵانی ڕووبەڕووی هەموو ڕوداوێک ببینەوە. (ترسنۆکییە لە هەموو مەترسییەک ڕابکەین، بەڵام نەزانییە ڕووبەڕووی هەموو مەترسییەکیش ببینەوە بەبێ بیرکردنەوە دەبێ بەردەوام بۆ ڕێگای نوێ و چارەسەری نوێ بگەڕێین) ئەمەش پێویستی بە ئامراز هەیە.

خەبات بۆ ئامانجێکی پیرۆز نابێ بەو میتۆدانەبێت كه دەبنە هۆی کەوتن و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و شێواندنی گوتاری سیاسی، ئامانجی پیرۆز دەبێت ئەقڵ ئامرازەکانی بۆ دیاریکات. بۆیە ئەو ئامرازانەی ئێمە کاری پێدەکەین لە ئاستی گەورەیی ئامانجەکانماندا نین، ئەمەش پەیوەستە بە لاوازی هۆشیارییەوە یەلەناو ئاگایی گشتیدا ئێمە هێشتا ئالودەین بەو بیرۆکە سەقەتانەی کە دوژمن تێیدا چاندووین، کە چۆن یەکتر بشکێنین هێزی بیرکردنەوەشمان ناتوانێ تێیپەڕێنێت. بۆیە ئەگەر لە قۆناغەکانی ڕابردودا گەلەکۆمەکيی دوژمن چۆکی پێدادا بین ئەوا ئێستا خۆمانین چۆک بە خۆمان دادەدەین.

کەواتە پێویستمان بە خۆداچونەوە هەیە، پێویستمان بە بیرکردنەوەی ستراتیجی هەیە. ئیتر ناکرێ هەر نوێنەری وڵاتێ هەر ڕۆژنامەیە قسەیەکی کرد لەسەر هەرێم ئێمە بێین و بە بیرکردنەوەیەکی پەڕگیری حزبی قسەی لەسەر بکەین. دەبێ هۆشیاری لە پشت قسەکردنمانەوە بێت ئەگینا کارەسات چاوەڕێمان دەکات. هێشتا کات ماوە بۆ بەخۆدا چوونەوە، لێدوانەکانی هەردوو بەڕێز کاکەڕەش و دادەسوور هەر بۆ ئەوە بوو ئێمە بە خۆماندا بچینەوە هەتا نەیارانی کورد نەمانچەمێننەوە، بۆئەمەش پێویستمان بە کۆدەنگی هەیە و پێویستمان بەمتمانەی هاووڵاتیان هەیە، پێویستمان بەباوەڕی خەڵک هەیە. نمونەیەکی زیندوو کاتێک پیلانە گڵاوەکەی جەزائیر لە کورد دەکرێ ڕۆحی کورد ئەوەندە برینداربوو وەک پێشینانمان دەیگڕێڕنەوە پێشمەرگە خۆی دەکوشت! هەموو ماڵێکی کورد تازییە باربوو، خەندە لەڕووی تاکێکی کورد نەدەبینرا. ئەی ئێستا متمانەو باوەڕی تاکی کورد بە حیزبی کوردی لەچی ئاستێکدایە؟ من هیچ ناڵێم تەنها ڕاپرسییەک بکەن دەزانن متمانە لەکوێدایە!

کەواتە نابێ کاردانەوەکانی ئێمە زەمینە بۆ بیرۆکەی دژە غەربی خۆش بکات، یاخود نابێت ڕێگا بدەین قسە لەسەر ژیانی تایبەتی مرۆڤی غەربی بەجیهانبینی خۆمان بکەین چونکە ئەوان خوێندنەوەی نەرێنی بۆ بیرکردنەوەکانمان دەکەن، بەڵام ئاساییە ڕەخنەی ئەقڵانیان لێبگرین لە ڕێگای ئەرگۆمێنتی بەهێزەوە. لەبیرمان نەچێ هێشتا فەقیانەکەو تەوقەکەی شێخ مەحمود لەتەک ئینگلیزەکەدا بووە بەگرێ لای بەشێکی زۆر لەخەڵکی کورد. ڕاستە ئێمە بەسەر قوربانییەکی زۆردا تێپەڕیوین تا گەشتوین بە ئەمڕۆ، بەڵام لەبیرمان بێت ناوچەی دژەفڕین و کۆمەکەکانی دواترو هاوکاری لەشەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش هی ئەو دۆستانەمان بوون. بۆ لەمەودواش ئاڵانگاری زۆر لەبەردەمماندایە و پێویستمان بە دۆستە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

بۆیە بە خوێندنەوەی من قسەکانی کاکەڕەش و دادەسور و ئەوانەی دی کە هۆشدارییان پێداوین، کە خۆمان کۆبکەینەوە قسەی یار بوو نەک قسەی نەیار. هیوادارم دڵسۆزانی وڵات ئەم وتارەم دڵسۆزانە لێ وەرگرن و بەتێگەیشتنەوە بیخوێننەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif