چین بە 42 فڕۆکەی جەنگی مانۆڕێکی سەربازی لە نزیک تایوان دەکات

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی بەرگریی تایوان دەڵێت، چین هەشت کەشتی و 42 فڕۆکەی جەنگی بەرەو گەرووی دوورگەکە جووڵە پێکردووە. چینیش دەڵێت، مانۆڕێکی سەربازیی سێ رۆژە دەکات.

رۆژی شەممە، 8ـی نیسانی 2023، وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاویکردەوە کە "سەرکۆنەی تووندی ئەو کردەوە هەراسانکارانە دەکەین" و گوتی، 29 فڕۆکەی جەنگیی چین هێڵی دەریایی نێوان چین و دوورگەکەیان بڕیوە.

لای خۆیەوە، چین مانۆڕە سەربازییەکەی بە "هۆشدارییەکی تووند" بۆ تایوان ناوبرد، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی دوورگەکە وێڕای هۆشدارییەکانی چین، سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ کێڤن مککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە.

چین مانۆڕەکەی ناوناوە "شمشێری تیژی یەکگرتوو" و بەگوێرەی فەرماندەیی سوپای وڵاتەکە، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
شین ئین، گوتەبێژی سوپای چین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، مانۆڕەکە لە سنووری دەریایی و ئاسمانیی گەرووی تایوان دەبێت و کەناراوەکانی باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی دوورگەکە دەگرێتەوە.

رۆژی 6ـی نیسان، تسای ئینگ وێن، سەرۆکی دوورگەی خۆبەڕێوەبەری تایوان سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ کێڤن مککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە. ئەوەش چینی هێندەی دیکە تووڕەکرد.

بەگوێرەی سوپای چین، "ئەم مانۆڕە هۆشداریی تووندە دژی یەکگرتنی نێوان هێزە جوداخوازەکان و هێزە دەرەکییەکان و دژی جموجووڵە هەراسانکارەکانیانن"؛ گوتیشی کە ئامانجێکی دیکەی مانۆڕەکەیان "پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی چینە".

لە مانگی ئابی رابردوودا، چین یەکێک لە گەورەترین مانۆڕە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان کرد، ئەوەش دوای سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەو کاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئینگ-وین.

چین، دوورگەکە بە خاکی خۆی دەزانێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت، رۆژێک هەر دەیگەڕێنێتەوە باوەشی خاکی دایک".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif