داهاتوی هەرێمی کوردستان لە کوێ و لای کێیە؟

ليست هناك تعليقات


عادل باخەوان

لەنێو ئەم هەموو دەنگە دەنگ و هەرایەی کە ڕۆژانە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان دەیبیستین، زۆر گرنگە کە ئێمە بە عەقڵێکی سارد و بابەتیانەوە لەگەڵ خاڵە لاواز و خاڵە بەهێزەکانی خۆماندا مامەڵە بکەین و چیتر بە نەرێنی یان ئەرێنی خۆمان نەدەینە دەست سۆز و هەست و خەیاڵدان و حەزەکانمانەوە. بۆ ئەمەش گرنگە ئێمە لەم خاڵانەی خوارەوە تێبگەین :

1. لە ئێستا و ئێرەدا سیستمی جیهانی نایەوێت کوردستان سەربەخۆبێت و نایەوێت بەهیچ شێوەیەک دەستکاری سنورەکان بکات. ئەمە بەڵگەنەویستێکی تاڵە کە دەبێت ئێمە قبوڵی بکەین. تەنانەت ئەمڕۆ، ئەم بەڵگە نەویستەی سێ جار بۆ دووبارەکردمەوە.

2. هەر مامەڵەکردنێکمان لەگەڵ وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتیدا، بەتایبەتی تورکیا و ئێران، تەنها لەچورچێوەی کارتی فشار لەسەر بەغداد و وڵاتانی دیکەدایە، واتە ئەوان ئێمەی کورد تەنها وەک کارتی فشار لەنێو پەیوەندی هێزدا دەبینن و بەس.

3. لە بەغداد، ئێمەی کورد 600 پۆستی گرنگمان هەیە، لەوانە سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، جێگری سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری داد و هتد. لە هیچ دەوڵەتێکی کەوندا کورد 600 پۆستی نەبوە و نیە و نابێ.

4. مادەم وڵاتانی سیستمی جیهانی نایانەوێت کە ئێمە سەربەخۆ بین و هەموویان دەیانەوێت کە ئێمە لە ڕێگای عێراقەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، کەواتە بۆچی کۆی ئەو 600 پۆستە زۆر بە چڕی و بە پڕی بۆ خزمەتی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی بەکارنەهێنین و زیاتر لە شیعە و سووننە خۆمان نەکەین بە خاوەنی عێراق ؟

5. سەد ساڵە عێراق کوردستان وێران دەکات، ئایا کاتی ئەوەنەهاتوە کە بەهەموو هێز و توانامانەوە بڕۆینە بەغداد و عێراق بەکاربهێنین بۆ دەوڵەمەندکردنی کوردستان و دابینکردنی باشترین ژیان بۆ هاوڵاتیان ؟

6. گەر ئێمە بە 600 پۆستی هەرە باڵاوە، کە 20% کۆی پۆستەکانی دەوڵەتی عێراقی دەکات، نەتوانین عێراق بخەینە خزمەتی هاڵاتیەکانمان و دنیا ناچاربکەین کە ڕێزمان لێبگرێت، بە تورکیا و ئێرانیشەوە، ئیتر چۆن و بەچ ڕێگایەکی دیکە دەتوانین ئەمە بکەین ؟

7. عێراق یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەدەست قەیرانی کوشندەی گەورەوە دەناڵێنێت. ئێمە هەڵەیەکی یەکجا گەورەدەکەین کە بەتەنیا بۆ چەند گروپێکی دیکەی بەجێبێڵین و وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، لەکاتێکدا دەتوانین بەشێکی زۆری خەونە مێژووییەکانمان لە ڕێگای خودی عێراقەوە بەدیبێنین.

8. من تەواو وشیارم بەوەی کە لە بەغداد چەندین هێزی دیکە هەن کە هەرگیز نایانەوێت کورد خۆیان بکەن بە خاوەنی عێراق و دەیانەوێت کورد هەمیشە لە پەراوێزەکانی عێراقدا بمێنێتەوە، بۆئەوەی ئەوان بەتەنها بەناوی عێراق و شەرعیەتی عێراقیەوە لەگەڵ دنیادا قسەبکەن. بەڵام ئایا کاتی ئەوەنەهاتوە کە کورد تەواوی هاوکێشەکە هەڵگێڕێتەوە و سەرەڕایی دژایەتی توندی ئەم هێزانەش، خۆی بکات بە خاوەنی عێراقی نوێ ؟

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif