باڵۆنێکی "هەواڵگریی چینی" ئەمریکا و کەنەدا هەراسان دەکات

ليست هناك تعليقات


باڵۆنێک کە گوماندەکرێت "لەلایەن هەواڵگریی چینەوە نێردرابێت" ماوەی چەند رۆژێکە بەسەر ئاسمانی ئەمریکادا دەسووڕێتەوە. دواجار کەنەدا دەڵێت، ئەمڕۆ هەینی باڵۆنێکیان بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەیانەوە بەدیکردووە. چینیش لەو بارەیەوە روونکردنەوە دەدات.

رۆژی پێنجشەممە 2ـی شوباتی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند کە چاودێریی باڵۆنێکی "سیخوڕی چینی" دەکەن کە لە ئاستێکی بەرزی ئاسماندا بەسەر ئەمریکادا دەفڕێت.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت باڵۆنەکە بەسەر ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئەمریکادا فڕیوە کە شوێنی بنکەی ئاسمانیی هەستیارن و مووشەکی ئەتۆمیی ستراتیژیی لە ژێر زەمینەکاندا هەن.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژە بەوەش دەکات کە لەسەر داواکاریی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی سەربازی ویستوویانە باڵۆنەکە بخەنە خوارەوە، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کارێکی لەوجۆرە ژیانی خەڵکی دەخاتە مەترسییەوە.

رۆژی هەینی 3ـی شوباتی 2023، وەزارەتی بەرگریی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "باڵۆنێکی چاودێریی لە ئاستێکی بەرزی ئاسمانەوە بەدیکراوە و جموجۆڵەکانیشی بەشێوەیەکی چالاکانە چاودێری دەکرێن." دڵنیاییشی دا لەوەی کە "کەنەدییەکان سەلامەتن و کەنەدا کاری پێویست بۆ دڵنیاییبوون لە ئاسایشی سنووری ئاسمانی دەکات، لەنێویدا چاودێریکردنی رووداوی دووەمی لەو جۆرە."

هەرچەندە کەنەدا ئاماژەی بە ناوی چین نەکرد، گوتی کە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانیان کاردەکەن و هەموو رێکارێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی "پارێزگاری لە زانیارییە هەستیارەکانی کەنەدا بکەن لە هەر هەڕەشەیەکی هەواڵگریی دەرەکی."

هەرچی چینە، رۆژی هەینی لە رێگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی کە ئەوان "نیازی پێشێلکردنی سەروەریی هیچ وڵاتێک و بەزاندنی سنووری ئاسمانییان" نییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif