ئەو ئەستێرەیەی هاوژینەکەی نەیهێشت بچێتە شەڕی رووسەکان

ليست هناك تعليقات


نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک جەنگ بەرۆکی وڵاتەکەی ئەوی گرت و ئاوارەیی بەرۆکی خەڵکی ئۆکراینای گرت، ئەو ئەوکات کە درێسی مانچێستەر سیتی لەبەردابوو، لە یاری یانەکەیدا بەرامبەر ئێڤێرتۆن بە گریانێکی بەکوڵەوە دەرکەوت و سەرنجی هەمووانی بۆخۆی راکێشا.

ئەو یەکێکبوو لەو ئۆکراینیانەی خەمی سووتانی وڵاتەکەی و لێقەومانی خەڵکەکەی، ئەویان بە خەمێکی قوڵ سپارد.. ئەو ئۆلیکساندەر زینچینکۆیە، بەرگریکارە جۆکەرەکەی ئێستای ئارسیناڵ.

دەیویست بچێتە جەنگ

ئەو دەڵێ، ئەو شەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستیپێکرد، هاوژینەکەم بەدەم گریانەوە لە خەو بەئاگای هێنام و گوتی وەرە تەماشاکە، وڵاتەکەمان بەرەو وێرانبوون دەچێت.. زینچینکۆ دواتر راشکاوانە گوتی، ئەگەر رێگرییەکانی هاوژینەکەم نەبووایە، بەدڵنیاییەوە دەگەڕامەوە ئۆکراینا و دەچوومە بەرەکانی جەنگ.

زینچینکۆ، ئەگەرچی جەنگ لە وڵاتەکەیدا زۆر ئازاریداوە وەکخۆی دەڵێ، بەڵام سوودی کەسیی زۆر پێگەیاندووە.. جەنگی پێشووی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2014دا، ماڵباتەکەی ئەو بڕیاریاندا وڵاتەکە بەجێبهێڵن و روویان لە رووسیا کرد، ئەو لەوێ یەکەم هەلی دەرکەوتنی وەک یاریزانی پیشەگەر بۆ هەڵکەوت و پەیوەندی بە یانەی ئۆڤای رووسییەوە کرد.

سەرەتای کاروانەکەی

زینچینکۆ لە تەمەنی 8 ساڵیدا لە شوێنی لەدایکبوونی خۆی، لە ناوچەی رادۆمیشل، هەرزوو پەیوەندی بە یانەی کارباتیا رادۆمیشلەوە کرد و لەوێ زۆری نەویست تاوەکو هەمووان بڵێن، ئۆکراینا دەبێتەوە خاوەنی شێفچێنکۆیەکی دیکە.. ساڵی 2010 بەهرەدۆزەرەوەکانی یانەی شاختار دۆنێسک، سەرنجی ئەویاندا و هەر زوو ئەو منداڵەی رۆژێک لە رۆژان لە ژوورە داخراوەکەی ماڵەکەی خۆیانەوە بەردەوام یاری بە تۆپ دەکرد، بووە یاریزانی گەورەترین یانەی ئۆکراینا.

راکردن لە شاختار

زینچینکۆ لە شاختار بەخت پشتی تێکرد، ئەو لە کاتێکدا خەونی بە یاریکردن بۆ تیپی یەکەمی یانەکەوە دەبینی، راهێنەرەکانی پێیانڕاگەیاند کە ئەو دەبێ لەگەڵ تیپی لاواندا بەردەوام بێت.. ئەگەر بە بڕیارەکەی ئەوانیشەوە پابەند نەبێت، گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێننەوە.. هەڵایسانی جەنگ لە 2014دا هەلی ئەوەی بۆ رەخساند، لەگەڵ ماڵباتەکەیدا روو لە رووسیا بکات.

لە ئۆڤا، گەنجە بێئومێدکراوەکەی شاختار، هەرزوو درەوشایەوە و سەرنجەکانی بۆخۆی برد.. ساڵی 2016 مانچێستەر سیتی، بەرامبەر تەنیا یەک ملیۆن و حەوتسەد هەزار پاوەند، گرێبەستیان لەگەڵدا کرد، بەڵام ناچاربوو بۆ ماوەیەک پەیوەندی بە ئایندهۆڤنی هۆڵەندییەوە بکات و دواتریش بگەڕێتەوە مانچێستەر سیتی.

ماڵباتەکەی

زینچینکۆ لە ماڵباتێکی هەژارەوە هاتووە، ماڵباتێک کە لەبنەماوە ئەوەیان لە رۆحدا چەسپییوە کە مرۆڤ بەرهەمی کارکردن و ماندووبوونەکانی خۆی دەخوات و پێویستی بە هەوڵدانی تاقەتپڕووکێن هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی، ئەو کاتێک چاویکردەوە، باوکی خۆی بینی سەرقاڵی جەنگان و کاری رۆژانەیە لەپێناو دابینکردنی قوتی رۆژانەی کوڕە تاقانەکەیدا.. باوک تەنانەت نەیدەتوانی تێچووی خوێندنی ئەو لە قوتابخانە دابین بکات.. کاتێک ئەو هەلەی بۆ هەڵکەوت بچێتە قوتابخانە و بخوێنێت کە یانەی کارباتیا رادۆمیشل، وەک بەهرەمەندێکی منداڵ گرێبەستیان لەگەڵداکرد و ئامادەبوون تێچووی خوێندنی ئەو دابین بکەن.

ئەو گوتوویەتی، رووداوەکان، ژیان و چەرمەسەرییەکان، فێریان کرد، مرۆڤ ئەگەر یەک لەسەدی جەستەی بەهرە بێت، دەبێ نەوەت و نۆیەکەی دیکەی بە هەوڵدان و کاری تاقەتپڕوکێن لەخۆیدا دروست بکات.

تۆپی پێ، زۆر گۆڕانکارییان لە ژیانی زینچینکۆدا دروستکرد، ئەوە تۆپی پێبوو، ئەوی لە برسێتییەوە بەرەو تێری برد.. هەر تۆپی پێ بوو، ئەوی لە بێئومێدییەکانی بێبەشبوون لە خوێندنەوە بردە سەر کورسییەکانی پۆل.. لە کۆتاییشدا تۆپی پێ، هاوژینەکەی پێناساند.

هاوژینەکەی

ساڵی 2020 کاتێک ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆکراینادا بەشداری لە سەرکەوتنی گەورەی ئۆکراینا بەرامبەر سڕبیا کرد لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ.. لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ فلادا سیدان، ئەو زۆر هەڕەمەکییانە ماچێکی قووڵی ئەو خاتوونە رۆژنامەڤانەی کرد و ئەوە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی نێوان ئەو دووانەیە بوو.

فلادا، ئێستا رۆژنامەڤانێکی بەناوبانگ و ناسراوی ئۆکراینایە، ئەو پێشتر مەلەزان بووە و چەندین میدالیای جیاوازی بەدەستهێناوە.. لەگەڵ زینچینکۆدا رۆژە رۆمانسییەکانی خۆی بەڕێدەکات، وەکئەو گووتوویەتی هەوڵدەدەین هاوئاهەنگ بین، کاتێک دەگەڕێینەوە ماڵەوە، ئارام بین و ژیانمان بە ئارامی بەڕێبکەین.. چونکە ئەوەی دەمانەوێت، سەرکەوتن و درەوشانەوەی زیاتری زینچینکۆیە.. هەردووکمان لە وڵاتێکەوە هاتووین، ئێستا بریندارە و خەڵکەکەشی، ئاوارە و دەربەدەرن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif