زەوییەک لە سلێمانی بۆ ئاوی دەربەندیخان دەفرۆشرێت

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێت، هەوڵەکەیان گەیشتە ئەنجام و بە بڕیارێکی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەوییەکی سلێمانی بە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێت و بەشێکی بودجەکەی بۆ تەواوکردنی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان تەرخان دەکرێت. قایمقامی شارەکەش دەڵێت: "کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە 55٪ی کارەکانی تەواوکردووە و پێی گوتووین ئەگەر پارەی بۆ خەرج بکرێت، ئەوە بە کەمتر لە ساڵێک کارەکانی دیکە تەواو دەکەن."

رۆژی 1ی ئەم مانگە هاونشتمانییانی دەربەندیخان دەستیان بە گردبوونەوە کرد و داواکاری سەرەکییان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کارەبایە. ئەو قەزایە گرفتی دابینکرنی ئاوی خواردنەوەی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام لەبەر خەرجنەکردنی تەواوی بودجە کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرت.

رۆژی دووشەممە 6-2-2023، سلێمانی محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگادار کراوینەتەوە کە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە شارەوانیی سلێمانی کردووە زەوییەکی نایاب بفرۆشن بۆ ئەوەی پارەکەی بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان خەرجبکرێت و کارکردن لە پڕۆژەکە دەستپێبکاتەوە."

بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە 2018ەوە رایگەیاندووە، "ئاوی دەربەندیخان شیاوی خواردنەوە نییە"، بۆیە گرنگە کارکردن لە پاڵاوگەکە دەستپێبکاتەوە بۆ دابینکردنی ئاوی پاک.

سلێمان محەممەد گوتیشی: "بودجەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان 19 ملیۆن دۆلارە و تائێستا چوار ملیۆن و نیو دۆلار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجکراوە و بەو بودجەیە 55٪ی کارەکانیان تەواوکردووە. کۆمپانیا پێی گوتووین ئەگەر پارەیان بۆ خەرجبکرێت بە کەمتر لە ساڵێک پڕۆژەکە تەواو دەکەن. بڕیارە دوای فرۆشتنی ئەو زەوییە بودجەیان بۆ خەرجبکرێت بۆ ئەوەی دەست بە کارەکانیان بکەنەوە."

هەر ئەمڕۆ، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گوتی، لە سەرەتای کاری پەرلەمانییەوە بەدواداچوونیان بۆ چارەسەری ئاوی دەربەندیخان کردووە و دەگوترا پێویستە لە داهاتی سلێمانی پارە بۆ پڕۆژەکە تەرخانبکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، چەند مانگێک لەمەوبەر بە فرۆشتنی زەوییەکی نایاب پێشنیازی چارەسەری ئاوی دەربەندیخانیان خستووەتە بەردەم جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی فرۆشتنی زەوییەکەی سلێمانی بۆ تەواوکردنی کاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان، عەلی حەمە ساڵح بە رووداوی گوت: "دوای گفتوگۆکەمان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت رەزامەندی کۆتاییمان وەرگرت و سەرۆکی شارەوانی راسپارد زەوییەکی نایاب کە دەوروبەری 20 ملیۆن دۆلار دەکات بفرۆشن و بەشێکی بۆ تەواوکردنی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان و بەشێکی بۆ خزمەتگوزاری بۆ سلێمانی تەرخان دەکرێت."

ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان سوپاسی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات کە بەدەم پێشنیازەکەیان هاتووە و دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، پێشتر زەوی بێبەرامبەر بردرابێت یان شەریکی بەرپرس و حیزب بێت، ئێستا بکرێتە خزمەتگوزاری بۆ خەڵک گرنگە، بۆ من تەواوبوونی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان، کارێکی گرنگە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif