'ئۆپەراسیۆنێکی نوێ'ی رووسیا بۆسەر دۆنێتسک

ليست هناك تعليقات


ئۆلێکسی رێزینکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا رۆژی 14ی شووباتی 2023 لەگەڵ گەیشتنی بە بارەگای سەرەکیی ناتۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بە دەستەسڕەکەی پەیامێکی بە گوێی هاوبەشە رۆژئاواییەکانی دا؛ ئەویش داواکاریی فڕۆکەی جەنگییە بۆیان.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەی ناتۆدا، نوێنەری 54 وڵاتی جیهان بۆ هاریکاریکردنی ئۆکراینا بەشدار بوون و دڵنیاییان بە ئۆکراینا دا بەوپەڕی توانایانەوە هەوڵی پڕچەککردنی سوپاکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا دەدەن.

هەر 14ی ئەم مانگە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەبارەی یەکخستنەوە و زیادکردنی پاڵپشتییەکەمان بۆ ئۆکراینا تاوەکو دڵنیابین ئۆکراینا هێزێکی بەتوانای هەیە. هەروەها فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەوروپا لەبارەی ئەو مەشقانەوە زانیاریی پێمان داوە کە لە تەواوی ئەوروپا دەکرێن. گفتوگۆ لەبارەی بەپیشەسازیکردنی هاریکارییەکانمان دەکەین تاوەکو یارمەتیمان بدات دوورمەودا هاریکاری بدەینە ئۆکراینا."

ئۆکراینا لە ماوەی رابردوودا تانک، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی دوورهاوێژی مۆدێرنی لە وڵاتانی رۆژئاواوە بەدەست گەیشتووە. وەکو سیستمی بەرگری و مووشەکهاوێژی هیمارس و ناسامس، تانکەکانی لیۆپارد، ئەبرامز و چاڵێنجەر؛ بەڵام ئەوە نزیکەی مانگێکە داوای فڕۆکەی جەنگی لە هاوپەیمانانی دەکات.

هەندێک لە وڵاتان راستەوخۆ دژی ئەو بیرۆکەیە وەستاونەتەوە. 30ی کانوونی دووەمی 2023 رۆژنامەڤانێک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای پرسی، "فڕۆکەی جەنگی دەدەنە ئۆکراینا؟" ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر."

بەڵام وڵاتانی وەکو فەرەنسا، پۆڵەندا، نەرویج، هۆڵەندا و بەریتانیا کە لە ئێستاوە دەستیان بە راهێنانی فڕۆکەوانانیی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لەسەر فڕۆکەی تایفوون کردووە و دەڵێن، گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن. ئۆکرایناش دەڵێت، بەرەوپێشچوون لە پرۆسەکەدا هەیە.

13ی ئەم مانگە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "لەگەڵ بەریتانیا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی ناردنی چەکی دوورهاوێژ و پێویستیی خێراکردنی ناردنی تانک. رێککەوتنی باشمان لەبارەی تۆپهاوێژ و تەقەمەنییەوە هەیە. تێگەیشتنێکی باشیشمان لەبارەی فڕۆکەی جەنگیی مۆدێرنەوە هەیە."

هەموو ئەو بەخۆکەوتنەی رۆژئاوا لە زیادکردنی هاریکارییەکان بۆ ئۆکراینا، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو "ئۆپەراسیۆنەی" رووسیایە کە گوایە لە کۆتاییەکانی شووباتی ئەمساڵ بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسک دەستی پێدەکات.

نەیارانی رووسیا دەڵێن، کرێملن هەرچی توانایەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆنێتسک خستوویەتیەگەڕ.

وڵاتانی رۆژئاوا تەنیا بە چەک بەرهەڵستیی رووسیا ناکەن. بەڵکو سزای ئابووری و دیپلۆماسیی فراوانیشیان بەسەریدا سەپاندووە. بەگوێرەی ئەنجوومەنی ئەتلانتیک، ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و ژاپۆن 11500 سزای جۆراوجۆریان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، کە 78%یان ئاراستەی کەسایەتی کراون و 22%یشی بەسەر دامەزراوە رووسیەکاندا سەپێندراون.

کەچی رووسیا دوای نزیکەی یەک ساڵی تەواو لە جەنگ، وا دەرناکەوێت مەیلی بەلای گفتوگۆی ئاشتیدا هەبێت، بەڵکو بەردەوام پەیامی تووند و هەڕەشەئامێز دەدات بە گوێی بەرپرسانی رۆژئاوادا. هەوڵیش دەدات، هاوپەیمان و هاوبەشی نوێ بۆ شاردنەوەی کاریگەریی ئەو سزایانە پەیدا بکات کە بەسەریدا سەپێندراون.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ رۆژی 13-02-2023 رایگەیاند، "پێموایە راستییەکە ئەوەیە، لە ئێستاوە دەست بە هێرشەکان کراوە، چونکە ئەوەی پووتین دەیکات ناردنی هەزاران سەربازی زیاترە بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕ کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانێکی زۆری ئەو سەربازانە. ئەمە گوشاریش دەخاتە سەر ئۆکراینییەکان."

ئەوەی ستۆڵتنبێرگ باسی دەکات، لەو ئامارانەی وڵاتانی رۆژئاوادا کە لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازانی رووسیا بڵاوی دەکەنەوە، رەنگدەداتەوە.

بەگوێرەی بەرپرسانی سەربازیی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە تێکڕا 824 سەربازی رووسی گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی رابردوودا رۆژانە تەنیا 172 سەربازی دەکوژران. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، سەربازانی رووسیا راهێنانیان پێنەکراوە و هاوئاهەنگی و سەرچاوەی مرۆییش لەنێو سەنگەرەکاندا لە کەمیدایە.

ئەوە نەبێت قوربانی و زیانەکان تەنیا لە یەک لاوە بن؛ سوپای ئۆکرایناش سەرباز و کەرەستەی جەنگیی زۆری لەدەستداوە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵگریی هۆڵەندی، ناسراو بە ئۆرێکس، لە سەرەتای جەنگەکەوە رووسیا 180 هەزار سەربازی کوژراو یان برینداربوون؛ ژمارەکەش بۆ ئۆکراینا 100 هەزار سەربازە.

هەر بەپێی ئەو ئاژانسە هۆڵەندییە، رووسیا 9,189 کەرەستەی جەنگیی تێکشکاون و ئۆکرایناش 2,941ی لەدەستداون. ئەو کەرەستانەش لە تانک، تۆپهاوێژ، زرێپۆش و فڕۆکە پێکدێن.

لێدوانەکان لە بەرەی رووسیاوە پێچەوانەن. مۆسکۆ دەڵێت، سوورن لەسەر دەستگرتن بەو سیاسەتەوە کە سەرۆکی وڵات دژی نەیارە رۆژئاوایی و تاک جەمسەریی جیهان بەرپای کردووە.

لە جەنگی رووسیاشدا، هیچ ترووسکاییەک لە هێورکردنەوەی گوژمەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەدی ناکرێت. رووسیا لە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی خەونی کۆنترۆڵکردنی تەواوی دۆنباس بەردەوامە کە نزیکەی 75%ی کۆنترۆڵ کردووە.

رۆژی 13-02-2022 ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "خۆبەخشانی یەکەکانی هێرشبەری بە ئاراستەی دۆنێتسک، بە هاوکاریی یەکەکانی مووشەکهاوێژیی باشوور، شارۆچکەی کراسنا هۆرای کۆماری دۆنێتسکیان ئازاد کرد."

رووسیا خوێندنەوەیەکی جیاوازیشی لەبارەی ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئۆکراینا هەیە و ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە دنەدەری جەنگ و هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی ماوەکەی تۆمەتبار دەکات. هاوکات باس لەوەش دەکەن، ئۆکراینا و ئەوروپاش بوونەتە داردەستی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە دژە رووسیاییەکەی.

ئەناتۆلی سیدۆرۆڤ، سەرۆکی رێکخراوی رێککەوتنی ئاسایشی کۆمەڵەیی رۆژی 14-02-2023 گوتی، "رۆژئاوا رۆڵی بنکەیەکی سەربازیی دژە رووسی داوەتە ئۆکراینا؛ ئەوێ بە تەواوەتی سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە و بووەتە گورزی ئاسنینی دەستی ئەمریکا بۆ لێدان لە رووسیا. هاریکاریی ئابووری و پڕچەککردنی ئۆکراینا، هەموو ئەو وڵاتە دەخاتە نێو چاڵێکی گەورە لە قەرز و درێژکردنەوەی مەودای جەنگەکە."

سێبەری ئەو دووکەڵەی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە بەرز دەبێتەوە، تەنیا ئەو دوو وڵاتەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەردەوام وڵاتی نوێ خەریکە دەست لە بێلایەنی هەڵدەگرن و دەچنە بەرەیەکی جەنگەکە.

هەربۆیە بەردەوامبوون یان نەبوونی ئەو قەیرانە جیهانییە، کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر ئاراستەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەتی جیهان دادەنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif