لە کاتی بەفر و بەستنی رێگەوبانەکاندا چۆن شۆفێری بکەین؟

ليست هناك تعليقات


 زەوی لە پلەی سفری سیلیزیدا دەبەستێت؛ ئەو کاتانەی بەفر دەبارێت و پلەی گەرما بۆ ئاستی خوار سفر دادەبەزێت، واباشە لە ماڵەوە بمێنیتەوە، بەڵام هەندێک جار بۆ کاری پێویست ناچار دەبیت بچیتە دەرەوە و ئۆتۆمبێل بەکاربێنیت. 

 
لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا لە پلەی گەرمیی خوار سفردا، چەند تێبینییەک هەن گرنگە رەچاو بکرێن بۆ ئەوەی سەلامەت بیت. 
 
یەکەم: خێراییت کەمبکەوە
 
لە کاتی بەستنی رێگەوبانەکاندا، پردەکان و ئۆڤەرپاسەکان خێراتر لە شەقامەکان دەیبەستن، بۆیە پێویستە کاتی پەڕینەوە بەسەریاندا رەچاوی کەمکردنەوەی خێرایی بکەیت. هەرچەند لە خێراییەکی بەرزتردا برێک بگریت و هەوڵی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەت بدەیت، مەترسیی پێکدادان و خزان لەسەر ئۆتۆمبێلەکەت زیاتر دەکات. هەوڵبدە خێراییەکەت لە 20 کم/کاژێر بهێڵیتەوە. 
 
دووەم: تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەت بپشکنە
 
هەر کاتێک پلەی گەرمی دابەزی بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی، باشترە تایەی تایبەت بە زستان بەکاربهێنیت، بەڵام لە ئەگەری ئەوەی تایەی چوار وەرزی بەکاردەهێنیت کە زۆربەی کات لە هەرێمی کوردستان وایە، تایەکان کەمتر شەقام دەگرن. بەوەش ئەگەری خلیسکان زیاددەبێت. لەم بارەدا وا باشترە تۆزێک هەوای نێو تایەکان کەمبکەیتەوە بۆ ئەوەی ئەگەری خلیسکان کەمتربێتەوە. جگە لەوەش، پێویستە پشکنین بۆ گوشاری تایەکان لای میکانیکێک بکەیت بە جۆرێک گوشارەکە گونجاو بێت بۆ سەرماوسۆڵە. 
 
سێیەم: مەودای نێوان ئۆتۆمبێلەکەت و ئۆتۆمبێلەکانی دیکە بپارێزە
 
لەکاتی دروستبوونی شەختە و بەستنی شەقامەکان، ئەگەر ویستت برێک بگریت، ئۆتۆمبێلەکەت دەخزێت و دەبێتە هۆی ئەوەی خۆت بە ئۆتۆمبێلی پێشەوەتدا بکێشیت. بە وەرگرتنی مەودایەک، بە جۆرێک لە 10 مەتر کەمتر نەبێت، دەتوانیت خۆت لە پێکدادان بپارێزیت. دوورییەکە بەگوێرەی خێراییەکەش دەگۆڕێت، واتە، کاتێک هەردوو ئۆتۆمبێلەکان بە خێرایی 80 کم/کاژێر لە رێگادا دەڕۆن، دەبێت دوورییەکە زیاتر بێت لەوەی کاتێک خێراییەکە 20 کم/کاژێرە، چونکە ئەگەر پێویستت بە برێکگرتن بوو، مەودای پێویستت دەبێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت بکەیت. 
 
چوارەم: ئۆتۆمبێلی دەبل ئەکسڵ
 
لە کاتی شەختە و بەستنی شەقامەکاندا، واباشە ئەگەر ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسڵت هەبێت، گێڕی دووەم بەکاربێنیت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەت بە قورسی رێگەکە بگرێت و کۆنترۆڵکردنی تۆکمەتر بێت. ئەوە لە هەڵبەز و دابەزەکانیشدا زیاتر یارمەتیت دەدات. 
 
پێنجەم: لایتەکانی ئۆتۆمبێلەکەت بپشکنە
 
لە کاتی سەرماوسۆڵەدا، زۆرجار تەمومژ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەودای بینین، بۆیە گرنگە لایتەکانی ئۆتۆمبێلەکەت بە‌هێز بن بۆ ئەوەی پێشەوەت بەباشی ببینیت. 
 
شەشەم: دەستگرتن بە سوکانەوە (ستێرن)
 
لە کاتی بەستنی شەقامەکاندا، کەمترین پێچ بەلای راست و چەپدا، دەکرێت وابکات ئۆتۆمبێلەکەت لە شەقام بچێتە دەرەوە یان تەنانەت ببێتە هۆی وەرگەڕانی، بۆیە گرنگە دەست بە سوکانەکەتەوە بگریت و بەشێوەیەکی راست و تۆکمە سوکان بگری. 
 
حەوتەم: لە پێچەکاندا بە هێواشی شۆفێری بکە
 
لە کاتی گەیشتن بە پێچێک یان U-turn، ئەگەری زۆرە تایەکانی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەت پێچی تووند بکەن و ببێتە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەت بە دەوری خۆیدا بخولێتەوە و لە شەقام دەربچێت یان وەربگەڕێت. لەم بارەدا، پێویستە خێراییەکەت زۆر کەمبکەیتەوە و بە هێمنی پێچەکە دەرباس بکەیت. 
 
هەشتەم: جلوبەرگی گونجاو لەبەربکە
 
مەبەست لێی ئەوەیە ئەو جلوبەرگەی لەبەر دەکەی، نەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانی بەباشی ئۆتۆمبێلەکەت کۆنترۆڵ بکەیت. بۆ نموونە، لەبەرکردنی جلی زۆر و چاکەت توانای گرتنی سوکانی ئۆتۆمبێلەکەت کەمدەکاتەوە. جگە لەوەش، هەرگیز بەبێ پێڵاو شۆفێری مەکە. ئەگەر لە شوێنێک وەستای کە بەفر و سەهۆڵی لێبوو، واباشە پێیەکانت لە بەفرەکە پاک بکەیتەوە بۆ ئەوەی خلیسکان لەنێوان پێیەکانت و پەیدانەکانی ئۆتۆمبێل (برێک، کلاچ و بەنزین) دروست نەبێت. 
 
نۆیەم: گڵۆپی ئاگادارکردنەوە پێبکە
 
لە کاتی هەستکردن بە مەترسیی خلیسکان، واباشە ئۆتۆمبێلی دوای خۆت لە مەترسییەکە ئاگاداربکەیتەوە. ئەوەش بە هەڵکردنی گڵۆپی چواری (رباعی) کە بۆ ئاگادارکردنەوەی لە کاتی وەستاندا بەکاردەهێندرێت. 
 
دەیەم: ئەگەر خلیسکای چ بکەی؟
 
گرنگترین شت لە کاتی خلیسکاندا، دەستگرتنە بە سوکانەکەتەوە و بە ئاراستەیەکی دروستدا بچیت. هەرگیز بە خێرایی پێچ مەکەوە، ئەوە ئەگەری وەرگەڕان زیاتر دەکات. هەوڵمەدە بە تووندی برێک بگریت، چونکە ئەوە تەنیا دۆخەکە خراپتر دەکات.هەوڵبدە بەشێنەیی خێرایی ئۆتۆمبێلەکەت کەمبکەیتەوە. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif