شازادە هاری: شەش ساڵە هەموو شتێکم کردووە بۆ گەڕانەوەم

ليست هناك تعليقات



لەدوای بڵاوبوونەوەی بابەتە هەستیارەکانی نێو کتێبەکەی شازادە هاری، میدیای بەریتانی و ئەمریکی هەڤپەیڤینەکانیان لەگەڵ شازادە بەریتانییەکە بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە هۆکاری نووسین و بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکانی دەکات. 

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2023، میدیای بەریتانی و ئەمریکی دوو هەڤپەیڤینی جیایان لەگەڵ شازادە هاری، شازادەی سەسێکسی بەریتانیا بڵاوکردەوە. تەوەرەکانی نێو کتێبەکەی شازادە هاری، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەشێوەیەکی فەرمی بڵاوبکرێتەوە، بابەتی سەرەکیی هەڤپەیڤینەکانی شازادە بەریتانییەکەن. 

چەند بابەتێکی مشتومڕهێنەر لە کتێبەکەیدا باسکراون؛ وەکو بەکارهێنانی کۆکاین لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یەکەم پەیوەندیی "ئابڕووبەرانەی" سێکسی لەگەڵ کەسێکی لەخۆی گەورەتر لە حەوشەیەکی پشتەوەی مەیخانەیەک و کوشتنی خەڵکی لەو کاتەی لە ئەفغانستان سەرباز بووە. 

بۆچی هاری کتێبەکەی نووسیوە؟

هاری لە کاتی هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، کە لە ماوەی تەمەنیدا، "زۆر کەس" چیرۆکی ژیانی ئەویان "بەشێواوی" گێڕاوەتەوە، بۆیە دەڵێت، ویستوویەتی ئەمجارە لە زمانی خۆیەوە و لە رێگەی کتێبی "سپێر"ـەوە چیرۆکەکەی بۆ جیهان بگێڕێتەوە.

هاری دەڵیت:"من ئێستا لێرە دانیشتووم و قسەت لەگەڵ دەکەم، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەمەوە کە تۆ لێمدەکەیت و وشە و راستییەکان لە دەمی من دێنە دەرەوە نەک خەڵکی دیکە. بەتایبەتی میدیای میللی." گوتیشی کە ئێستا شەش ساڵ بەسەر درزبردنی پەیوەندییەکەی لەگەڵ خێزانی شاهانە تێپەڕیوە "لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا، هەموو شتێکم کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە نێو خێزانەکەم. خەمبارترین شتیش لەم بارەیەوە، هەرگیز پێویستی نەدەکرد بەوجۆرە بووایە. هەرگیز نەدەبوو بەم شوێنە بگات." 

هاری لەبارەی خێزانەکەیەوە دەڵێت: "من باوکمم خۆشدەوێت. براکەمم خۆشدەوێت. خێزانەکەشم خۆشدەوێت. هیچ شتێکیش کە لەم کتێبەدا کردوومە، هەرگیز مەبەستم نەبووە زیانیان پێبگەیێنم یان ئازاریان بدەم." ئەوەش دوای ئەوە هات کە بەهۆی باسکردنی ژیانی نێوماڵی شاهاتە رووبەڕووی رەخنە بووەوە. 

شازادە هاری گوتیشی کە لە ماوەی 38 ساڵی تەمەنیدا، رووبەڕووی "ناوزڕاندنی بە مەبەست" بووەتەوە. گوتیشی کە پێویستی کردووە دەنگی هەڵببڕێت لەکاتێکدا چەند کەسێکی نێو خێزانەکەی هەوڵیانداوە بەسەر شانی خۆی و خێزانەکەی "لەگەڵ ئەهریمەن بچنە نێو جێگاوە، بۆ ئەوەی وێنەکەیان چاک بکەنەوە."

لەبارەی پرسەی دایکی

شا چارڵسی سێیەم، کە شوێنی شاژنە ئێلیزابێزی دایکی گرتووەتەوە، دوو ژنی هێناوە؛ دایانا کە شازادەی وەیڵز بووە و کامیلا کە شازادەی کۆرنوۆڵ بووە. شازادە هاری کوڕی دایانایە کە لە ساڵی 1997 لە تەمەنی 36 ساڵیدا بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا. ئەوکات، هاری تەمەنی 12 ساڵ بوو. 

شازادە هاری لە هەڤپەیڤینەکانیدا باس لەو کاتە دەکات بەبێدەنگی بەدوای تەرمی دایکیدا رۆیشتووە و دەڵێت: "بێدەنگیی تەواو، شتێکە کە تاهەتایە لەگەڵم دەمێنێتەوە." 

لەبارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ شازادە ویلیامی برای هەروەکو لە کتێبەکەیدا باسیکردووە، شازادە هاری باسی لە پەیوەندیی پڕ رکابەریی نێوان خۆی و شازادە ویلیامی برای کرد و گوتی، کاتێک منداڵ و هەرزەکار بوون شەڕیان کردووە. باسی لەوەشکرد، چۆن لە قوتابخانە ویلیام پشتگوێی خستووە و تەنانەت وەکو خۆی دەڵێت، هەوڵیداوە ریشی بتاشێت پێش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ مێگان بکات.

هاری دەڵێت: "من و ویلیام بەردەوام شەڕمان دەکرد. ئێستا جیاوازی لەگەڵ ئەوکات ئەوە بوو کە ئێمە منداڵ بووین، بە دەمانچەی ساختە تەقەمان لەیەکدی دەکرد. هەموو ئەو شتانە لە کتێبەکەدا باسی دەکەم. ئەوەی لێرەدا جیاواز بوو ئەم ئاستە لە بێزاری بوو. باسی ئەو تووڕەبوونەم کرد کە ساڵانێکی زۆر بوو هەمبوو، من ئەم تووڕەییەم لەودا بینی." 

لەو بارەیەوە، هاری لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئێستا ئەو و ویلیام پەیوەندییان پچڕاوە و "ماوەیەکیش دەبێت" لەگەڵ شا چارڵسی باوکی قسەی نەکردووە. 

لەبارەی ویلیام، کەیت و مێگان

کەیت یان کاترین هاوژینی ویلیامە. هاری دەڵێت، هەردووکیان هەواداری درامای "سووتس"ـی ئەمریکی بوون، کە مێگانی هاوژینی رۆڵی تێدا گێڕاوە. 

گوتیشی، هەردووکیان چاوەڕوانی ئەوەیان لەو نەکردووە پەیوەندیی لەگەڵ کەسێکی وەکو مێگان ببەستێت و دەڵێت، هەندێک لەو شێوازانەی کە شازادە ویلیام و کەیت مامەڵەیان دەکرد یان رەفتاریان دەکرد، ئەو هەڵسوکەوتەیان جۆرێک لە بەربەستی بۆ ئەوان دروستدەکرد، لەوەی مێگان وەکو ئەندامێکی خێزانی شاهانە قبووڵبکەن. 

هاری دەڵێت، پارەیەکی زۆری لەڕێی یاساوە خەرج کردووە بۆ دۆزینەوەی جۆرێک لە ئاشتبوونەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "من بڕوام وایە و هیواداریشم کە ئاشتبوونەوەی نێوان ئێمە و خێزانەکەم کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەموو جیهان دەبێت."

رەگەزپەرستی لەنێو خێزانی شاهانەدا

هاری رەتیدەکاتەوە ئەو یان مێگان خێزانی شاهانەیان بە "رەگەزپەرست" تۆمەتبارکردبێت، بەڵام گوتیشی، هەستێکی لایەنگری لەنێو کۆشکی شاهانەدا هەیە کە پێویست بە چارەسەرکردن دەکات. 

مێگان لە شاری لۆس ئەنجلیسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لەدایکبووە و گەورەبووە؛ پێش ئەوەی لە ساڵی 2018دا هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە هاریدا بکات، ئەکتەر بوو. 

هاری لەبارەی مێگان، بە میدیای ئەمریکی گوت: "پێش ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ مێگان ببەستم، من کەسێکی شەڕەنگێز بووم."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif