قایمقامی پێنجوێن: بەهۆی داخستنی ڕێگەی باشماخ، ئێران رۆژانە پەیوەندی پێوە دەکردین

ليست هناك تعليقات


 
قایمقامی پێنجوێن گەڕایەوە شوێنی کارەکەی و دەڵێت، لە ژێر گوشار و داوای خۆپێشاندەرانی قەزاکەدا گەڕاوەتەوە بۆ قایمقامیەت و دەشڵێت، خۆپێشاندەرانی پێنجوێن دوای کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکەیان پێیانگوتووە، ئەگەر لە دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەز نەبێتەوە، لەبەردەم ماڵەکەی خێوەت هەڵدەدەن. 

زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن لە بەرنامەیەکی ڕووداودا وتی: دوای خۆپێشاندانی دانیشتووانی پێنجوێن دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشکرد، بەڵام دانیشتووانی پێنجوێن رازی نەبوون.

قایمقامی پێنجوێن گوتی: "لەدوای 15-01-2023 ئەرکەکەم گۆڕاوە، ئەگەر پێشتر بە رێککەوتنی سیاسی یان بڕیارێکی فەرمی قایمقامی پێنجوێن بووبم، ئەوا دوای ئەوەی خۆپێشاندەران و خەڵکی پێنجوێن بەو شێوەیە گەڕاندیانمەوە ئەرکەکەم و دەستلەکارکێشانەوەیان رەتکردمەوە ئەرکەکەم گەورەتر و بەرپرسیارێتیم زیاتر بووە.

رۆژی هەینی 13-1-2023، زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن لە راگەیێندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدابوو: "بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوەستان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جیدی لە سنووری قەزای پێنجوێن بدەنەوە، بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان پێ گەیاندوون، بەهۆی بەردەوامیی ناڕەزایی خەڵکی قەزاکەوە وەک بەرپرسێک کە هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە، دەستبەرداری پۆستی قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم."

لەبارەی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی، زانا رەحمان گوتی: "شەرمم دەکرد کە من لە شوێنی گەرمدا دابنیشم و چا بخۆمەوە و هاووڵاتییانی قەزاکەشم لە 10 پلەی گەرمی ژێر سفردا لەسەر شەقام رۆژ بکەنەوە، بەهۆی نەبوونی نەوت و کارەبا و خزمەتگوزارییەوە."

دوانیوەڕۆی یەکشەممە 15-01-2023، دوای کۆتایی پێهێنانی خۆپێشاندانەکان کە پێنج رۆژ رێگەی سەرەکی قەزاکە و دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخیان داخستبوو، سەدان کەس لە هاونیشتمانییانی پێنجوێن چوونە بەردەم ماڵی زانا رەحمان و هەموویان پێکەوە چوون بۆ باڵەخانەی قایمقامیەتی شارەکە و داوایان لێکرد دەست بە دەوامی خۆی بکاتەوە.

دوای گەیشتنیان بە باڵەخانەی قایمقامیەت، زانا رەحمان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "خودا ئاگای لێیە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەم جیدی بووە و نەمویستووە بگەڕێمەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوو رۆژە خەڵک داوام لێدەکەن کە بگەڕێمەوە کە خۆم حەزم لێ نییە، بە ناچاری و لەسەر داوای ئەم خەڵکە بەڕێزە بەیانی دەست بە دەوام دەکەمەوە."

"رۆژانە ئێران پەیوەندی پێوە دەکردین"

قایمقامی پێنجوێن لەبارەی ئەو گوشارانەی کە لەسەریان بوو بۆ کۆتایهێنان بە خۆپێشاندانەکان ئاماژەی بەوەدا، چەند گوشارێکیان لەسەر بووە چ لەڕووی داخرانی رێگای سەرەکی پێنجوێن و چ لەڕووی وەستانی جووڵەی بازرگانی دەروازەی باشماخ و مانەوەی چەندین بارهەڵگر لە هەردوو دیوی سنوور.

زانا رەحمان گوتی: "رۆژانە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندی دەکرد و لە خەمی راوەستانی جووڵەی بازرگانیی باشماخ و مانەوەی بارهەڵگرەکان و بارەکانیاندا بوون و لە سلێمانیش بەرهەمی سەوزە و میوە رووی لە کەمی کردبوو، بەهۆی رێگەنەدان بە تێپەڕینی بارهەڵگرەکان."

دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە سنووری قەزای پێنجوێنە، بەڵام بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن "هیچ" داهاتێکی دەروازەکە بۆ پرۆژەکانی قەزاکە تەرخان ناکرێت. زانا رەحمان گوتی: "داهاتی باشماخ بۆ پێنجوێن نییە و هیچ بڕێکی دیاریکراو نییە لە داهاتی باشماخ کە تەرخان بکرێت بۆ قەزای پێنجوێن، تەنیا مانگانە پارەی مووچە لەو داهاتە دەخرێتە بانکی پێنجوێنەوە."

بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن هەشت ساڵە کە قایمقامە "هیچ" پرۆژەیەک بۆ پێنجوێن نەکراوە، هۆکارەکەشی بۆ ململانێی سیاسیی گەڕاندەوە و گوتی: "ململانێ سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر کاری حکومەت هەیە، چونکە سیستمی حکومڕانی هەرێمی کوردستان سیستمێکی یەکگرتوو نییە و قاسەی حکومەت قاسەیەکی یەکدەست نییە، بۆیە رەوشی سیاسی راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر کاروباری حکومی هەیە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif