باباجان: پلانمان بۆ خوێندن بە زمانی دایک هەیە

ليست هناك تعليقات


 
لە پرۆگرامی نیشاندانی پلانی پەروەردەیی پارتەکەیدا عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن، رۆژی دووشەممە 9-1-2023 وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی: "لەو پلانە پەروەردەییەماندا کە 500 لاپەڕەیە، کاری زۆر تێروتەسەل لەبارەی خوێندن بە زمانی دایک هەیە."

پلانی پەروەردەیی پارتی دێڤا رۆژی دووشەممە 9-1-2023 لە ئەنقەرە و بە ئامادەبوونی میدیاکاران خوێندرایەوە. پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە عەلی باباجانی پرسی کە "لە پرۆگرامەکەدا خوێندن بە زمانی کوردی هیچ ئاماژەیەکی بۆ نەکرا و لە ئەگەری وەرگرتنی دەسەڵات هیچ هەنگاوێک لەمبارەیەوە دەنێن؟"

باباجان گوتی: "لەو پلانە پەروەردییەماندا کە 500 لاپەڕەیە، کاری زۆر تێروتەسەل لەبارەی خوێندن بە زمانی دایک هەیە. ئەگەر سەیری بکەن بە وردی هەمووی دەبینن."

باباجان لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی کوردی، گوتی: "هەڵە نەبم ساڵی 2021 تەنیا یەک مامۆستای زمانی کوردی دامەزێندرا. ساڵی 2022 تەنیا دوو مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران. پێمانوایە ئەمە بەس نییە و بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر ئیرادەیەکی سیاسی پێویستە. هەروەها دەبێت ئازادی لە هەڵبژاردنی بابەتە بنەڕەتییەکانی پەروەردەدا هەبێت."

باباجان راشیگەیاند، پێیانوایە تورکیا کە وڵاتێکی خاوەن زۆرترین خاکە لە ئەوروپادا، "لەگەڵ پێکەوەژیانە." هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی پەروەردە گوتی: "دەسەڵات دەیەوێ گەنجانی یەکپۆش و وەکو یەک پەروەردە بکات. ئەگەر بەڕێز ئەردۆغان راستییەکانی ئەمڕۆی تورکیای ببینیایە، لەکاتی راگەیاندنی 100 ساڵەی تورکیادا لەلایەکی چیللەری دروستکەری قەیرانی ساڵی 1994 و لە لاکەی دیکەیدا باخچەلی نەدەبینران کە دەستی لە هەموو قەیرانەکاندا هەبووە. هەروەها لەولاشیەوە پەرینچەکی ئەندازیاری کودەتای پۆست مۆدێرنی 28ی شوبات نەدەبینرا. ئەو نازانێ و تێناگات. جا ئەوان بە هەمان دیدەوە لە سیستمی پەروەردە دەڕوانن."

لە باکووری کوردستان و تورکیادا یەک ملیۆن و 148 هەزار مامۆستا هەن. تەنیا 79یان مامۆستای زمانی کوردین. ساڵی 2018 سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران. ساڵی 2019 هیچ مامۆستایەکی زمانی کوردی دانەمەزرێندرا. هەروەها ساڵی 2020 یەک مامۆستای زمانی کوردی و 2021یش تەنیا سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران.

هەروەها دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی باباجان بوو و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە وەکو شەش پارتەکە گەیشتووینەتە قۆناخی تاوتوێکردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. وەکو پارتی دێڤا گوتمان دەکرێ بەربژێرەکە سەرۆکی یەکێک لە شەش پارتەکە بێت و دەشکرێ لە دەرەوە بێت. پارتی سیاسی هەن کە دیالۆگیان لەگەڵ هەدەپە هەیە. ئێمەش بە هەمانشێوە دیالۆگمان لەگەڵ هەدەپە هەیە. ئەم بابەتە تاوەکو ئەمڕۆ لە دیالۆگەکانماندا نەبووەتە رۆژەڤ. بەڵام بەو مانایە نایەت کە لەمەودواش نابێتە رۆژەڤ."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif