دڵشاد ئەنوەر
-
بڵاوبوونەوەی هەواڵی بڕیاردانی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر یەکلایی کردنەوەی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەنگۆی دروستکردووە، خەڵکانێکی خستووەتە گومانی خراپتر بوونی دۆخی دارایی هەرێم، بۆیە پێش قوڵبوونەوە لەهەندێ دۆسیەی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێم، کەمێک لەسەر بڕیارەکەی دادگا دەوەستم.
عێراق لە ساڵی ٢٠١٥ سکاڵایەکی دژی تورکیا لەسەر رێگەدان بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم تۆمار کردووەو داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبووی لە تورکیا کردووە، دۆسیەکە ٨ ساڵە لە دادگایە و هەڵبەز و دابەزی هاوکێشە سیاسییەکان ڕایگرتووە، بەڵام دواجار بڕیاری لەسەر درا.
ناوەڕۆکی بڕیارەکە هێشتا ڕوون نییە، چونکە کاری دادگا نییە بڕیارەکە ئاشکرا بکات، تورکیاش بێدەنگە و ڕەنگە دۆسیەکەی دۆڕاندبێ. بێ دەنگی عێراقیش لە بردنەوەی دۆسیەکە، ڕەنگە پەیوەندی بە فشاری تورکیاوە هەبێ، تا ئەوکاتەی کێشەکە بەدانوستان چارەسەر دەکەن.
دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، تورکیا لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە، یان ئەوەتا هەرێم ناچار دەکات لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێ، یاخود گوێ بە بڕیارەکەی دادگا نادات و لەگەڵ هەرێم بەردەوام دەبێ.
ئەگەری دووەمییان چاوەڕوانکراو ترە، بەوپێیەی کاتێک دۆسیەکە لەدادگا بوو، تورکیا دەیزانی براوە نابێ، بەڵام بە ئێستاشەوە لە مشتومڕدایە لەگەڵ عێراق و ئێران لەسەر غازی هەرێم.
عێراق لاوازە و سەروەری لەدەستداوە، تورکیاش بەهێزو کارەکتەرێکی سەرەکی ناوچەکەیە، گەر تورکیا گوێ بە بڕیارەکە نەدات، ڕاستە لە ڕوووی نێودەوڵەتییەوە دەبێتە خەرقێکی یاسایی و لەسەری دەکەوێ، بەڵام عێراق هیچی پێ ناکرێ بەرانبەری.
ئەم بڕیارەی دادگای ناوبژیوانی پاریس زیاتر پەیوەندی بە نێوان تورکیاو عێراقەوە هەیە، زۆر لە دۆخی هەرێم ناگۆڕێ، ئەوەی بۆ هەرێم مایەی گرفتە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقە دژی نەوتەکەی.
ڕاستە وەکچۆن تورکیا حساب بۆ عێراق ناکات، هەرێمیش گوێ بەبڕیاری دادگای عێراق نادات، بەڵام بڕیارەکانی دادگا گرفتی فرۆشی نەوتییان بۆ هەرێم دروستکردووە، کۆمپانیاکان بڕیارەکەیان کردووەتە بیانوو.
پێشتر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە پێنج شەش دۆلارێک کەمتر لە نەوتی برنت لە بازاڕدا دەفرۆشرا، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگا، نەوتی هەرێم بە ١٩ دۆلار کەمتر دەفرۆشرێ، واتە بڕیارەکەی دادگا نرخی نەوتی هەرێمی تەواو دابەزاندووە.
جاران بازرگانێکی پاکستانی نەوتی هەرێمی لە بازاڕدا ساغ دەکردەوە، ئێستا ئەو پاکستانیە نەماوە و کۆمپانیاکان کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، نەوتەکە ساغ دەکەنەوە.
یەکێک لەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێم ساغ دەکاتەوە، کۆمپانیای ترافیگۆرایە، ئەم کۆمپانیایە بڕێکی زور پارەی لای هەرێمە بەقەرز. بڕیار بوو نوێنەرانی کۆمپانیاکە لەداڤۆس مەسرور بارزانی ببینن بۆ قسەکردن لەسەر قەرزەکەیان، بەڵام مەسرور بارزانی کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش کۆمپانیاکەی توڕە کردووە و بڕیاری کشانەوەیداوە، ئەمە کێشە نابێ و کۆمپانیای تر دەدۆزرێتەوە.
ئەوەی کێشەیە دۆسیەی نەوتی هەرێمە، کە لە ژێر فشاری ئەمەریکا، بەغداو هەولێر ڕێککەوتوون ئەم کێشەیە هەڵنەدەنەوە تا کاتی دەرچوونی یاسای نەوت و گاز، بەڵام عێراق لە ژێر فشاری ئیقلیمی دا لە رێککەوتنەکە تاڕادەیەک کشاوەتەوە، بۆیە ئێستا چاوەکان زیاتر لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەن کە عێراق لەبەرامبەر نەوتی هەرێم بۆ لەمەودوا دەیانگرێتە بەر.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق