کڵچدارئۆغڵو: 13ـی شوبات بەربژێری سەرۆککۆمار رادەگەیێنین

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە رایگەیاند، وەک شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن لە 13ی شوباتی داهاتوودا بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رادەگەیێنن و وەڵامی پرسیارێکی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەشی دایەوە.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەربژێری پارتەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار گوتی، "هەر حیزبێک بە سرووشتی خۆی دەیەوێت سەرۆکەکەی خۆی وەک بەربژێر ببینێت."

کڵچدارئۆغڵو لە هەمانکاتدا جەختی لەوە کردەوە کە بەربژێرەکە بە هاوبەشی دیاری دەکرێت و ئاماژەی بەوەدا، وەک مێزی شەش حیزبی، رۆژی 13ـی شوبات بەربژێرەکەیان رادەگەیێنن.

کۆبوونەوەی شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی کڵچدارئۆغڵو رۆژی 13ـی شوباتی 2023 لە ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت. سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەدا، ئەردۆغان دەیەوێت هەڵبژاردن لە کەشێکدا بکرێت کە خۆی دەیەوێت، "ئەردۆغان دەستیکردووە بەو کارانەی کە ئێمە گوتمان کاتێک دەسەڵاتمان گرتە دەست دەیانکەین."

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر گوتەکانی ئەردۆغان کە لەبارەی بەربژێربوونییەوە دەڵێت، "تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا گۆڕاوە بۆ سیستمێکی نوێی بەڕێوەبردن، بۆیە هەژمارەکانی بەربژێربوونیان سفر کردووەتەوە و ئەو سەرۆککۆمارەی لە 2018دا هەڵبژێردرا، یەکەمین سەرۆککۆمارە لە سیستمی نوێدا." کڵچدارئۆغڵو گوتی، "ئەردۆغان زۆر باش دەزانێت سفرکردنەوە چییە. لە بابەتی سفرکردنەوەدا یەکەم شارەزایە. پێم نەگوت رۆڵە تۆ پارەکانت سفر کردووەتەوە؟ هیچ پارێزەرێکی دەستووری ئەمە قبووڵ ناکات جگە لە ئەندامەکانی خۆی."

سەرۆکی جەهەپە لە بەرنامەکەدا وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە خەڵک ئاراستەی کردبوون و یەکێک لە پرسیارەکان لەلایەن سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەوە لێی کرابوو. دەمیرتاش لە کڵچدارئۆغڵو دەپرسێ، "بە بۆچوونی ئێوە باش نابێت ئەگەر کۆشک بۆ وەزارەتی ژنان، بۆ چارەسەرکردنی ژنانی قوربانی تووندوتیژی، بۆ سەنتەری چارەسەرکردن و چاکسازی، بەشەناوخۆییەکانی کچان، میوانخانە بۆ ژنانی کرێکار، سەندیکا بۆ کرێکارانی ژنی ماڵ، داڵدەدانی ژنان، رێکخراوە ناحکومییەکانی ژنان تەرخان بکرێت؟"

کڵچدارئۆغڵو لە وەڵامدا گوتی، "بە بۆچوونی من پێشنیازێکی زۆر باشە، سوپاسی دەکەم و لێرەوە سڵاوی لێ دەکەم، دەزانم بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە راگیراوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif