گەر ئەم نەخۆشیانە نەبا ژیان ڕیتمێکی دیکەی ئەبوو

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی

کاتێک مرۆڤ ئەندامێکی جەستەی نەخۆش دەکەوێ ئەوە هەر ئەو ئەندامەی جەستە نیە ناچارمان دەکات کە بچینە لای پزیشك، بەڵکو ئەندامەکانیتری جەستە فشار دەکەن، کە بەدوای چارەسەردا بچیت نەوەک کاربکاتە سەر ئەمانیش، بەڵام کارەسات لەوەدایە بەدوای چارەسەردا نەڕۆیت هەتاکو ئەندامەکانیتری جەستەش گرفتاردەبن.

ئەی ئەگەر کۆمەڵگایەک نەخۆشکەوت ڕوو لەکوێ دەنێیت بۆ چارەسەر، دکتۆر یان سەر مەرقەدێک؟ کە لە ڕاستیدا هەرکات کۆمەڵگا بوو بە نەخۆشخانەیەکی گەورە ئەوە بێ دوودڵی مەناعەی پەروەردە و فەرهەنگی وسیاسی دابەزیوە و خەلەلەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتوو.

لێرەدا مەبەستمە کە بەشێك لە نیشانەکانی کۆمەڵگای نەخۆش بخەمە ڕوو.

١- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری ئەوەی بە دوای ڕاستی و دادپەروەریدا بگەڕێت، تاکەکانی هەر خەریکی گەمەی دەمامکدارن.

٢- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش حەوسەڵەی بینینی سەرکەوتن و جوانی باڵایی ئەوانی دیکەیان نیە، بۆیە لێی دەدەن و تۆمەتی دەدەنە پاڵ هەتا ئەوانیتریش دەهێننەوە ئاستی خۆیان

٣- لە کۆمەڵگای نەخۆشدا ناوبانگ و بیرکردنەوە لەبری ئەوەی ببێتە مایەی پێزانین و هاندان، بە پێچەوانەوە دەبێتە دەردەسەری بۆ مرۆڤ.

٤- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی لەبری ئەوەی سەرقاڵی ژیانی خۆیبێت، سەرقاڵە بە تێکدانی ژیانی دەوروبەرەکەی بزانێ چی دەکات چی دەخوات لەتەک کێ هاوڕێیە.

٥- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی ئەوەندە هەوڵ بۆ شکاندنی ئەویتر دەدەن، ئەوەندە بیر لەو گەمژەییە ناکاتەوە کە لە نێویدایە.

٦- زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش لە ڕەفتاردا هێندە لەیەک دەچن دەڵێی ئاسنگەرێکی نەزان پەنجەرەی لێدروستکردون.

٧- کۆمەڵگای نەخۆش هەمیشە لە نێوان درۆو ڕاستیدا، بە درۆکە خەنی دەبن و چەپڵەت بۆ لێدەدەن، بە پێچەوانەوە لە وتنی ڕاستیەکاندا دژایەتیت دەکەن و ڕوو بەڕووت دەوەستنەوە

٨- کۆمەڵگای نەخۆش خائین و نیشتمانپەروەر لەیەک جیا ناکاتەوە و پێوەرەکانی لێ تێکەڵ دەبن

٩- کۆمەڵگای نەخۆش بە درێژایی مێژوو گومان لەسەر خەڵکە باشەکەی خۆی دادەنێ نمونە لای کۆمەڵگای ئێمە (مەولانا خالد ، گۆران ، جەمال عیرفان ، ئەحمەد موختار جاف) دواتر.

۱۰- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری ئەوەی قوربانی خۆشبوێت کەچی خۆی دەبێتە نۆکەری جەلادەکانی.

١١- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش هەمیشە بە دڵ و میزاجی ئەوانە وەڵام دەدەنەوە کە پرسیارەکانیان دەکەن جارێک ناڵێن نا وانیە.

١٢- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری خۆپەروەردەکردن بۆ سەرکەوتن، دێت و هەموو توانای خۆی دەخاتە کار بۆ ڕێگەگرتن لە سەرکەوتنی دەوروبەرەکەی بۆ ئەوەی خەڵک بکاتە پەیژە بۆ کەمێک ئیمتیازی ناڕەسەنانە. کێشەکە لەوەدایە گوێشیان لێدەگیرێت.

١٣- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش هەرگیز خۆیان نین، بەڵکو کەسێکی دیکەیان داناوە حوکمی بیرکردنەوەیان بۆ بدات و لە زیهنی خۆیاندا جگە لە خودای تاک و تەنها دێن بتێکیش دروست، کە ئەمە نیشانەی تاکێکی لەرزۆکن.

١٤- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی حەزیان لەکارکردن بە تیم نیە، بەڵکو هەوڵدەدەن بە تەنها کارێک ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی مەرامی خۆیان جێبەجێببکەن.

١٥- کۆمەڵگای نەخۆش خۆشحاڵ نیە بە هاوڕێیەتی دوو کەس و دێت کەسی سێهەم دروستدەکات بۆ تێکدانی ئەو هاوڕێیەتیە.

١٦. تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش زۆر بێبەزەییانە یەکتردەشکێنن ئەمەش دەبێتەهۆی دروست بونی کۆمەڵگایەکی ستەمکار.

١٧. لە کۆمەڵگای نەخۆشدا هاوڕێیەتی هەتا ئەو شوێنە بڕ دەکات کە بەرژەوەندی لەتەکدا هەیە بە چرکە دوردەکەویتەوە دەکەوێتە لێدانت .

ئەمە نەخۆشخانەیەکی گەورەیە یا کۆمەڵگا، چونکە ئەمە مشتێک بوو لە خۆڵی چیایەک، شاخێک لە خراپەو نەخۆشی کۆمەڵگادا، ئیتر بڕیار لای خوێنەرە کام خاڵی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەم نەخۆشیانە نەبا ئەوا ژیان ڕیتمێکی دیکەی دەبوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif