کاکا: لە بەرازیل رۆناڵدۆ تەنیا پیاوێکی قەڵەوە

ليست هناك تعليقات



ریکاردۆ کاکا، ئەفسانەی بەرازیلی رەخنەی لە هەڵسوکەوتی هاندەرانی بەرازیلی بەرامبەر هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان گرت و جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی زۆری بەرازیلییەکان بەشێوەیەکی باش پاڵپشتی تیپەکەیان ناکەن و بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەفسانەکانیان ناکەن کە شایەنینە.

ئەفسانەی هەڵبژاردەی بەرازیل کە نازناوی مۆندیالی 2002ـی بەدەستهێناوە، لەسەر سەماکارانی سامبا قسەی کردووە، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا کە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، کاکا باسی هاوکارەکەی کردووە کە رۆناڵدۆی دیاردەیە.

کاکا نموونەیەکی بۆ گرنگی نەدانی بەرازیلییەکان بە ئەفسانەکانیان هێنایەوە و گوتی "رۆناڵدۆ لە بەرازیل تەنیا وەک پیاوێکی قەڵەو سەیردەکرێت کە بە شەقامدا دەڕوات".

کاکا ئاماژەی بەوەشکرد، سەیرە ئەمە بڵێین، بەڵام زۆر لە بەرازیلییەکان پاڵپشتی بەرازیل ناکەن، هەندێجار وا روودەدات. ئەو زیاتر گوتی "ئەگەر خەڵکی لێرە رۆناڵدۆ ببینن بەدەوریدا دەسوڕێنەوە و دەڵێن واووو، ئەو لێرە شتێکی جیاوازی هەیە، لە بەرازیل وانییە، تەنیا پیاوێکی قەڵەوە کە بە شەقامەکەدا دەڕوات".

ئەفسانەی بەرازیلی سەبارەت بەو رەخنانەش قسەی کرد، کە بەرازیلییەکان ئاراستەی نەیماریان کرد، لەو بارەیەوە گوتی "ئێستا زۆر کەس لە بەرازیل باسی نەیمار دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی نەرێنی، لەوانەیە بەهۆی سیاسەتەوە بێت، بەڵام بەرازیلیەکان هەندێکجار دان بە بەهرەکانیاندا نانێن".

هەڵبژاردەی بەرازیل لە قۆناخی هەشتی کۆتایی مۆندیالی 2022 لەگەڵ هەڵبژاردەی کرواتیا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر کرد، هەرچەندە یەکێک بوو لە بەربژێرە بەهێزەکانی بردنەوەی نازناوەکە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif