چوارچێوەی هاوئاهەنگی: گەڕانەوە بۆ عەقڵی دەوڵەتداری!

ليست هناك تعليقات


  

سەرەتا

لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021وە تاوەکو ساتەوەختی کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرقاڵی بیناکردنی گوتاری دەستێوەردانی وڵاتانی کەنداو، تورکیا، ئەوروپا و ئەمریکا بوو. ئامانجی ئەم گوتارە بریتیبوو لە کێشانی وێنەی سەدر و هاوپەیمانەکانی وەک بەکارهێنراوێک لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە لەپێناوی کۆمەڵێک ئامانجی ناعێراقیدا. 

لەنێو ئەم گوتارەدا، وێنەی سەدر وەک وێنەی ناهۆشیارێک دەخرایە سەر شانۆکان کە لە رێگەیەوە هەژموونی شیعە بەسەر عێراقدا نەک هەر کاڵدەکاتەوە، بەڵکو بەرەو کۆتاییش دەچێت. سەدری هاوپەیمانی کورد و سوننە، سەدری بێ ئەکتەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یەکسان دەکرا بە سەدرێکی لاواز لەبەردەم کورد و سوننە لەلایەک و وڵاتانی کەنداو و رۆژئاوادا لەلایەکی دیکەوە. بەڵام پاش کشانەوەی سەدر، ئیدی کۆتایی بەم گوتارە دێت و گوتارێکی دیکەی بیناکراو لەسەر عەقڵی دەوڵەت بینادەکرێت.

رەهەندەکانی ئەم گوتارە چین؟ چۆن خۆی مانیفێست دەکات؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ دووژمنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دوێنێدا دەکات؟ بە دیوێکی دیکەدا، چۆن ئەمریکا و ئەوروپا و کەنداو لەگەڵ ئەم گوتارە نوێیەدا مامەڵەدەکەن. هەوڵدەدەم لەم وتارە کورتەدا لەسەر ئەم پرسیارانە رابوەستم.

کرانەوەی دەرگە گەورەکە 

لەنێو کێڵگەی سیاسیی شیعیدا دوو بلۆکی سەرەکی هەن. بلۆکێکی شۆڕشگێڕ و بلۆکێکی عەقڵانی. بلۆکی یەکەم سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر نوێنەرایەتی دەکات و بلۆکی دووەمیش نووری مالیکی و هاوڕێکانی گوزارشتی لێدەکەن، جیاوازی لەنێوان ئەم دوو بلۆکەدا لە چەندین ئاستدایە، بەڵام هەرە سەرەکییەکەیان بریتییە لە سرووشتی ئەو دوو جیهانبینییەی کە ئەم دوو بلۆکە دەجوڵێنێت.

سەماحەتی سەید هەموو شتێکی دەوێت و ئامادەی هیچ جۆرە دانوستاندنێک نییە لەسەر ئەو هەموو شتە و ئەویتری تەنها وەک تەواوکەرێک بۆ خواست و پڕۆژەکانی خۆی دەوێت. چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە عەقڵە پراگماتیکییەکەیەوە لەگەڵ دنیادا مامەڵەدەکات و هەناسەیەکی یەکجار درێژی هەیە لە ئیدارەکردنی پەیوەندییەکانی هێزدا. 

ئەمە یەکێکە لەو رەگەزە هەرە گرنگانەی کە دیمەنی ئێستا و ئێرەی عێراقی سیاسی پێکدەهێنن: هەناسەی کورتی سەدر لە ئیدارەکردنی پەیوەندییەکانی هێزدا، وایکرد کە دەرگەیەکی یەکجار گەورە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکرێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

لە هەمان کاتدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریکا و ئەوروپا بەتایبەتی، پاش ساڵێک لە پشێویی دوا هەڵبژاردنەکان، دەیانویست هەرچۆنێک بووە عێراق سەقامگیر بکرێت.

لە چوارچێوەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و بەرزبوونەوەی یەکجار زۆری نرخی نەوت، خواستی سەقامگیری لە عێرقدا لای وڵاتانی سیستمی جیهانی، رۆژ لەدوای رۆژ بەرزتر دەبووەوە و چەندین جار و لە چەندین کۆبوونەوەدا من ئەمەم لێ بیستوون و تەنانەت ئامادەش بوون لەسەر چەندین پرەنسیپی دیکەی گرنگ دانوستاندن بکەن، بە مەرجێک دەرەنجامەکەی سەقامگیریی عێراقی لێبکەوێتەوە.

لە ئاستێکی دیکەدا، ئەم وڵاتانە تەواو هۆشیارن بەوەی کە رێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، کۆتایی بە زۆر شت دەهێنێت، لەوانە پەلامارەکانی سەر ناوچەی سەوز، پەلاماری بنکەی سەربازیی حەریر، پەلاماری بنکەی عەین ئەسەد، پەلاماردانی هەولێر، پەلاماردانی وڵاتانی کەنداو. بێگومان هەر یەکێک لەمانەش بایەخی تایبەتی بۆ ئەوان هەیە.

سوودانی وەک بژارەیەکی پراگماتیک 

بۆ چوونە نێو ئەم مێژووە نوێیەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبوو کەسایەتییەک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت بەربژێربکات کە کۆکەرەوە بێت و کەمترین گومانی لەسەر بێت و لە کەمترین ئاستدا بەر هەستیاریی ئەوانی دیکە بکەوێت.

لێرەوە محەممەد شیاع سوودانی عەقلانیترین بڕیارە کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابێتی، چونکە سەرەڕای بەشداریی لە چەندین حکومەتدا، بەڵام کەسایەتییەکی مشتومڕکەری نییە، نە لای سوننە، نە لای کورد، نە لای شیعە، نە لای وڵاتانی کەنداو، نە لای وڵاتانی رۆژئاوا.

لای سوننە، چونکە نە لە دوور و نە لە نزیک پەیوەندیی نییە بەو تراژیدیایانەی کە لە 2003وە بەسەر پێکهاتەی سوننە لە عێراقدا هاتووە.

لای کورد، چونکە هیچ رۆڵێکی سەرەکیی نەبووە لەو گرفتانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدادا دروستبوون: نەوت و غاز، کەرکووک، ناوچە جێناکۆکەکان، پێگەی پێشمەرگە و بڕینی مووچە.

لای شیعە، چونکە بەشێک نەبووە لە ململانێ خوێناوییەکانی نێوان رەوتی سەدری و رکابەرەکانی و لای مەرجەعییەت و ئێرانیش ڤیتۆی لەسەر نییە.

لای کەنداو، چونکە نە راستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ بەرپرس نییە لەو هێرشانەی کە لە عێراقەوە کراونەتە سەر سعودیە و ئیمارات.
لای رۆژئاواش، سوودانی ئەکتەرێکی نەناسراوە و خواستی مامەڵەکردن لەگەڵیدا و تاقیکردنەوەی بەڕوونی تێبینی دەکرێت و سەردانی باڵیۆزەکان و تەلەفۆن و بانگهێشتنامەکانیش ئەمە دەردەخەن.

دوو مۆدێلی مامەڵەکردنی رۆژئاوایی لەگەڵ سوودانیدا

لە ساتەوەختی دەستنیشانکردنییەوە وەک سەرۆکوەزیران، ئێمە تێبینیی دوو مۆدێلی سەرەکی لە مامەڵەکردن لەگەڵ سوودانیدا دەبینین. مۆدێلێکی ئەمریکی و مۆدێلێکی فەرەنسی و هەر یەکێک لەم دوو مۆدێلەش گوزارشت لە دوو ستراتیژیی جیاواز دەکەن. 
لە مۆدێلی ئەمەریکیدا، هەست بە کاڵبوونەوەی رۆڵی راستەوخۆی کۆشکی سپی دەکەین و لەبەرامبەریشدا تێبینی بەناوەندکردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکی دەکەین. ئێمە چیدی مانگی جارێک برێت مەکگۆرکێک نابینین، بەناوی سەرۆکی ئەمریکاوە سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ یەک بەیەکی ئەکتەرە باڵاکاندا کۆببێتەوە. ئەوەی دەیبینین باڵیۆزی ئەمریکایە کە لە ماوەیەکی کورتدا سێ جار لەگەڵ سوودانیدا کۆبووەتەوە و پێکەوە سەرقاڵی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدان و پاش ئەم رێکخستنەوانەش و بەپێی هەموو پێشبینییەکان، رۆمانۆڤسکی بانگهێشتنامەیەک بۆ سەردانی ئەمریکا و کۆشکی سپی بە سوودانی دەگەیێنێت.

بەڵام لە مۆدێلی فەرەنسیدا تێبینی ئەوە دەکەین کە کۆشکی ئێلیزێ خواستی پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بەهێز و کارای لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانیدا هەیە و نوێنەری تایبەتی سەرۆک ماکرۆنیش سەردانی بەغدای کرد و بەدەستی خۆی بانگهێشتنامەی فەرمی بە خودی سوودانی گەیاند. ئەم بانگهێشتنامەیە واتە پێشوازیکردن لە سوودانی لە کۆشکی ئێلیزێ لەلایەن خودی سەرۆک ماکرۆنەوە، بەپێی هەموو پرۆتۆکۆڵە فەرمییەکانی کۆماری فەرەنسا. لەوەش زیاتر، باس لەوە دەکرێت کە تەنانەت خودی سەرۆک ماکرۆنیش سەرلەنوێ سەردانی عێراق بکاتەوە! 

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە بەڕێز سوودانی چۆن لەگەڵ ئەم مۆدێلە فەرەنسییەدا مامەڵە دەکات؟ هێندەی من ئاگاداربم، سوودانی خواستێکی بەهێزی هەیە بۆ وەڵامێکی ئەرێنی، بەڵام هەموومان دەزانین خواستی بەهێز بەس نییە و بەبێ بوونی تیمێکی کارا بۆ دانانی ستراتیژییەتێکی تۆکمەی مامەڵەکردن، عێراق ناتوانێت وەک پێویست کەڵک لەم دەستپێشخەرییە فەرەنسییە ببینێت. 

کۆتایی

ئێستا بەڕاستی چی روودەدات؟ 

لە 2003وە تاوەکو 2019 عێراق لەلایەن ئیدارەیەکی هاوبەشی ئەمریکی-ئێرانییەوە بەڕێوەدەبرا. لە 2019دا، دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بەم ئیدارە هاوبەشە هێنا. 

ئەم بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ عێراقی رووبەڕووی گرفتی زۆر گەورە کردەوە و خراپترینیان بریتی بوو لەوەی کە چیدی عێراقییەکان نەتوانن ئیدارەی دەوڵەتەکەیان بدەن. لە نێوان 2019 و 2022دا، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی هەڵوەشایەوە، 600 کەس لە بزووتنەوەی ناڕەزایی کوژران، حکومەتە کاتییەکەی کازمی دروستبوو کە نەیتوانی هیچ یەکێک لە گرفتەکانی عێراق چارەسەر بکات، هەڵبژاردن کرا و تاوەکو ساڵێک حکومەت دروست نەبوو، لە 29ی مانگی هەشتدا، عێراق لە لێواری جەنگێکی براکوژی نزیکبووەوە... 

بەڵام ئەو مامەڵەیەی کە ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانیدا دەیکات، لە ئاستێکی دیکەدا و بەشێوەیەکی دیکە، گەڕانەوەیەکی بابەتییانەیە بۆ هەمان ئیدارەی هاوبەشی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ کاروباری عێراقی و رەنگە ئەمەش رێگە بدات بۆ ماوەیەکی دیکە و تاوەکو سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکە، تەمەنی سەقامگیریی دەوڵەت لە عێراقدا درێژببێتەوە.

گەر ئەم سیناریۆیە سەربگرێت، ئیدی ئەو وەهمە کۆتاییدێت کە حکومەتێکی عێراقی دۆستی رۆژئاوا، دەتوانێت هەژموونی ئێرانی لە ناوچەکەدا لە قاڵب بدات. لە قاڵبدانی هەژموونی ئێرانی لەلایەن حکومەتێکی عێراقییەوە نەک هەر بەدی نایەت، بەڵکو دەکرێت ببێتە سەرەتای هەڵوەشانەوەی عێراقیش وەک دەوڵەت!

عێراقێکی ئەمریکی پەتی یان عێراقێکی ئێرانی پەتی مومکین نییە؟ بۆئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت، عێراق دەبێت لە یەک کاتدا هەم ئەمریکی بێت و هەم ئێرانیش.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق