بوەستە کاك فاروقی مەلا مستەفا، وا نیە

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
لە ساڵیادی سلێمانیدا دیمانەیەکی بەڕێز فاروقی مەلا مستەفا زۆرترین بایەخی پێدرا، کە لە ڕاستیدا بەڕێزیان سەرمایەدارێکن لە پێناو سەرمایەداراندا و باوەڕیشم وایە ئەمە هەڵقوڵاوی خودی بیرکردنەوەیەتی.

ئەم سەرمایەدارە شانازی بەوەوە کرد کە تەواوی سەرمایەکەی خستۆتە خزمەت سلێمانی بەبێ ئەوەی بڵێت ئەوە سلێمانی و نزیکی بوو لە حیزبی حاکم کە ئەویش سەرمایەکەی قەبە ببێ، لە کاتێکدا ڕوونە کە هەموو پرۆژەکانی ئەم سەرمایەدارە لە پێناو توێژی خوا پێداواندایە، واتە نە چینی مامناوەند و نە چینی هەژار سودمەندیان نیە لە پرۆژەکانیدا، بەتایبەت باسی ئاسیا سێڵ و شاری جوان و نەخۆشخانەی فاروقی کرد،

ئاسیاسێڵ

لە راستیدا پرۆژەیەیەکی گەورەی قازانج ویستی تارادەیەک سیاسیشە، تەنانەت دەتوانی بڵێی لەسەرەتادا پرۆژەیەکی قۆرخکاری بوو، چونکە یەکیەتی بە تەواوی پشتیوانی ئاسیا سێڵ بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانی هێڵی تلفونی ناوچەکەی و پارتیش بۆ کۆڕەك، تەنانەت هێندە ڕەهەندی سیاسی هەیە کە تا یەکیەتی و پارتی رێکنەکەوتن ئەو دوو هێڵە نەیانتوانی سنوری یەك ببڕن و تەنانەت بە ژمارە تلفۆنی ئاسیا دەوتوانی بۆ هەموو دنیا تێل بکەیت بۆ کۆرەك نەبێ، ئەوە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، وە بە ئێستاشەوە ئاسیا بە هۆی بەهیزی هێڵەکەیەوە یەکێکە لە هێڵە گرانەکان بەراورد بە زۆر هێڵی پەیوەندیتر و ئەمەشی لە بێ منەتی زۆری بەشدار بوانیەوەیە، لەبەر ئەوە ئەم هێڵە لە بەسرەوە داهات بۆ سلێمانی ناهێنێ بەڵکو بۆ کاک فاروق و شەریکەکانی دەهێنێ نەك سلێمانی، کە من پێموایە خەلکی سلێمانی بە ئەندازەی کازم ساهیر سودمەندی داهاتی ئاسیاسێڵ نەبوە، کە وێنەکانی لە شارەکانمادا نمایش دەکرێن بە هۆی ریکلامی ئاسیاوە، ڕەنگە ئێستا تۆی خوێنەر بڵیی ئەو سەدان کارمەندەی سلێمانی خزمەت نیە بەخەڵك، لە راستیدا ئەوە خزمەتی دوو ئالایەنەیە، ئاسیا سێڵ بەبێ ئەو کارمەندانە کارەکانی ناکرێن و هەموانیش لەبەرامبەر ئەرکێکدا مووچە وەردەگرن و پێویست بە منەتی خاوەن کار ناکات، چونکە ئاسیا چەند کارمەندی پێویستە ئەوەندە و بە پێی کارەکەی موچە دەدات نەك زیاتر. وە هیچ ولاتێک نیە بێ هێڵی تلفونبێ لەبەر ئەوەی کەس نیە ئەو پڕۆژە بکات، بە پێچەوانەوە لە زۆربەی ولاتان کەرتێکی قۆرخکاریە.

نەخۆشخانەی فاروق

لە راستیدا بوونی نەخۆشخانەیەکی کوالیتی بەرزی لەو جۆرە بۆ سلێمانی گرنگە تەنانەت بۆ خودی تەندروستی کاک فاروق خۆشی لەگەڵ بەرپرسەکان، هەر لە پێناو ئەوەشدا دروستکراوە، چونکە ئەم نەخۆشخانەیە بۆ توێژی داهات بەرزی کۆمەڵگەیە، واتە ئەوانەشی توانای داراییان مام ناوەندە، کاتێك دەوترێت چارەسەرت لە فاروقە یان بیبەن بۆ فاروق ترس دایدەگرێت بە هۆی بەرزی نرخەکانیانەوە و دواتر ناچارە چونکە تەندروستیبلە پێش هەموو شتیترەوەیە، واتە مامناوەندەکان رێیان بکەوێتە فاروق بە هەژاری دێنە دەرەوە و هەژارەکانیش ناتوانن ڕووی لێ بکەن، لە کاتێکدا ئەو نەخۆشخانەیە لەسەر زەوی هەژارەکان لە پێناو بەرپرس و سەرمایەدارەکاندا دروست بوە، لە یەکێک لە باشترین شوێنەکانی سلێمانیدا و لەسەر زەویەکی فراوان، کە بەشێکی ئەو زەویە گرانبەهایە کراوەتە گەراجی ئۆتۆمبێل کە من پێموایە ئەو گەراجە فراونەی نێوان نەخۆشخانەی فاروق و ئوتێلەکەی کە خراونەتە ناو یەك پرۆژەوە ئامانجەکەی دەستخستنی زەویەکە بوە نەك خودی زەروربونی گەراجەکە، کە تەواوی زەویەکە وەرگیراوە و ئەو نەخۆشخانەیەی لەسەر دروستکراوە، ئەمە لە کاتێکدا هیچ نەخۆسخانەیەکیتری نیە بۆ خەلکی مامناوەند یان چینی هەژار، تا ئەم نەخۆشخانەیە بکاتە منەت بەسەر من و تۆی هەژارەوە، لە کاتێکدا تەنها خودا پێداوان و بەرپرسەکان بێ ترس خۆیان دەکەن بە نەخۆشخانەی فاروقدا

شاری جوان

ئەم شارە جوانەی کە کاك فاروق دروستی کردوە و بە ئوتێل شاری جوان ناوی دەرکردوە و خەریکە دەبیتە ناونیشانی سلێمانی و نکۆڵی ناکرێ کە جوانی زیاتری بە سلێمانی بەخشیوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیەش بۆ توێژی مامناوەند و خوارتری کۆمەڵگە نیە، بۆیە پێویست ناکات پێمان بڵێ(کفن گیرفانی نیە و قەبریش قاسەی نیە) ئەوە بۆ سەرمایەدارێك دەبێت پرۆژەکانی لە خزمەت هەژاراندابن و چەندین نەخۆشخانە و قوتابخانە و باخچەی بۆ سودمەندبونی هەژارەکان دروست کردبن، نەک هەموو پرۆژەکانی بۆ خزمەتی خوا پێداوان بێت و بە هەژارەکانی بفرۆشێتەوە، کە من پێموایە تەواوی دیمانەکە لە چوارچێوە خۆ شیرینکردنەوە بوو لای کوڕانی تاڵەبانی و هەندیک پرۆژەشی هەر لەو چوار چێوەدا دەبێت

ئەم نوسینە کەمکردنەوەی کارەکانی ئەو سەرمایەدارەنیە و من تەنها زاهیر بینم ( خودا ئاگای لە چاکەکانە لە ئاشکراو نهێنیدا) بەڵکو دەمەویت بڵێم کاتێك سەرمایەدارێک لە پێناو سەرمایەکەیدا پڕۆژەیەك دەکات، پێویست ناکات وەک خزمەت بە خەڵکی ئاسایی بیفرۆشیتەوە، چونکە کەم نین ئەوانەی دەستیان لە دروستکردنی چەندین پڕۆژەدا هەیە بۆ هاوڵاتیان بەبێ ئەوەی ئەو پرۆژانە پڕۆژەی قازانج ویستبن و هیچ داهاتێکیان هەبێت.

هەموو پڕۆژەکانیتر کە دەبنە دەستی کار، پڕۆژەی بازرگانی و قازانج ویستن و سودی دولایەنەیان هەیە بۆ دەستی کارو سەرمایەداریش


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif