سوریا و توركیا به‌ره‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان

ليست هناك تعليقات



بورهان شێخ رەئوف

میدیاكان و ناوه‌نده‌كانی‌ هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان توركیا و سوریا گه‌یشتۆته‌ قوناغی‌ كۆتایی‌ و ته‌واو له‌ یه‌ك نزیك بوونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رز ئاشكرای‌ كرد كه‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ نیشتمانی‌ توركیا (میت) هاكان فیدان له‌گه‌ڵ هاوتا سورییه‌كه‌ی‌ عه‌لی‌ مه‌ملوك له‌ دیمه‌شق به‌م دواییانه‌ گه‌ڕێكی‌ وتوێژییان كردووه‌ .

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ رۆژنامه‌ی‌ حوریه‌تی‌ توركی‌ لێدوانێكی‌ ئه‌ردۆگانی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ لووتكه‌ی‌ شانگهای‌ له‌ سه‌مه‌رقه‌ندی‌ پایته‌ختی‌ ئۆزبه‌كستان وتبوی به‌وه‌ی‌ خۆزگه‌ ده‌خوازێت به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی‌ سوریا له‌وێ بووایه‌ تاوه‌كو له‌گه‌ڵیدا كۆبووایه‌ته‌وه‌ .

(عومه‌ر ئۆنهۆن)ی دوا باڵوێزی‌ توركیا له‌ سوریاش، له‌ كتێبێكدا به‌ناونیشانی‌ (سوریا له‌چاوی‌ باڵوێزێكه‌وه‌) ده‌پرسێت، ئایا ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ سوریا و توركیا كۆتایی‌ دێنێت به‌ ده‌یه‌یه‌ك له‌ حوكمڕانی‌ و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ كورده‌كانی‌ سوریا ؟

ئۆنهۆن لێدوانه‌كانی‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆگان و به‌ دوایشیدا لێدوانه‌كانی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ مه‌ولوود چاویش ئۆغلوی‌ روون كردۆته‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان سوریا و توركیادا ده‌ستی‌ پێكردووه‌، وه‌كو چۆن له‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت له‌ ئه‌مساڵدا پێشنیار كراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، كه‌ رێڕه‌وی ئاساییكرنه‌وه‌كه‌، گه‌یووه‌ته‌ قۆناغی‌ كامڵ بوون دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ نێوان سه‌رۆكی‌ هه‌ردوو ده‌زگای‌ هه‌واڵگری كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر كراوه‌و به‌ هه‌ند وه‌رگیراوه‌ ، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ له‌ هه‌مانكاتیشدا ناتوانن بڵێن ئه‌وه‌ كارێكی ئاسانه‌، چونكه‌ زۆر كێشه‌ و به‌ربه‌ستی‌ گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌میدا هه‌یه‌، كه‌ به‌ ئاسانی‌ چاره‌سه‌رناكرێ و رێگه‌یه‌كی‌ سه‌ختی‌ له‌ پێشه‌.

به‌ربه‌سته‌كانی‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ سوریا و توركیا زۆرن،له‌وانه‌ هاوكاری‌ و پشتیوانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا بۆ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا و هه‌موو تاقمه‌ چه‌كداره‌كان، بوونی‌ سوپای‌ توركیا له‌سه‌ر خاكی‌ سوریا، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ دیمه‌شقه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌توندی‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كێشه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ سوریا كه‌ زیاتر له‌ یازده‌ ساڵه‌ له‌ توركیان كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ سیاسه‌تی‌ ناوخۆی‌ توركیا و گێڕانه‌وه‌یان كارێكی‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌ قۆناغێكه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن مادام خواستیان هه‌یه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ و سه‌ره‌تاكه‌شی‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌ .

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ پێشوودا بڵاوی‌ كردۆته‌وه‌، پێشنیاری‌ هاوكاری‌ خستۆته‌ روو كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ وه‌زاری‌ بۆ هه‌ردوو وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سوریا و توركیا رێكبخرێت، ئاماده‌یی‌ خۆشیان ده‌ربڕیووه‌ بۆ هه‌ر یارمه‌تییه‌ك پێویست بكات له‌و پێناوه‌دا، له‌وه‌ش زیاتر جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا (میكائیل بوگدانۆف) رایگه‌یاندووه‌، وڵاته‌كه‌ی‌ پشتگیری‌ بیرۆكه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سوریا و توركیا ده‌كات ئه‌گه‌ر پێویست بكات، مۆسكۆ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ زۆر به‌سوودن، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا كۆبوونه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌واڵگری‌ و سه‌ربازی‌ به‌ڕێووه‌ ده‌چن و مۆسكۆ پشتیوانی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات و هانیان ده‌دات تا ئاسایی‌ بوونه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق