سەرکردەکانی جیهان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکان، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاری خۆیان لە بارەی ئەو قەیرانانەوە پێشكێش دەکەن کە بەرۆکی جیهانیان گرتووە. جەنگ، ئاوارە و پەنابەر، قەیرانی خۆراک، قەیرانی وزە، برسیەتی، هەژاری، گۆرانی کەشوهەوا و ژمارەیەک پرسی دیکەی جێی نیگەرانیی جیهانی لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێن.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بابەتی سەرەکیی گوتاری ئەمڕۆی سەرکردەکانی جیهان دەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگێک کە لێکەوتەکانی بە تەنیا لەو دوو وڵاتەدا نەماونەتەوە بەڵکو بەشێکی زۆری جیهانی رووبەڕووی ناسەقامگیریی نرخی وزە و خۆراک کردووەتەوە.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان:
- لە ئەنجامی جەنگەکە، 7.3 ملیۆن دانیشتووی ئۆکراینا بوونەتە پەنابەر؛ 8 ملیۆنی دیکەش لە نێوخۆی وڵاتەکە ئاوارەبوون.
- پێنج هەزار و 767 کەسی سڤیل بەهۆی جەنگەکەوە کوژراون و نزیکەی 8 هەزار و 300 کەسیش برینداربوون.
بەو پێیەی کە ئۆکراینا و رووسیا بە سەبەتەیەکی گرنگی خۆراکی جیهانی دادەنرێت، جەنگی نێوانیان لە شوێنەکانی دیکەی جیهان ئەم کاریگەریانەی بەدوای خۆیدا هێناوە:
خۆراک گران بووە
پێنوێنی نرخەکانی خۆراکی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی 20٪ بەرزتربووەتەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
سووتەمەنی گرانبووە
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: نرخی وزە، واتە نەوت و گاز بەراورد بە ساڵی 2021، لەم ساڵدا 50٪ بەرزبووەتەوە.
- نرخی گازی سرووشتی ئەوروپی بەراورد بە ساڵی 2020، 10 هێندە بەرزبووەتەوە.
- نرخی پەین بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر، دوو هێندە زیادبووە.
- نرخی گواستنەوەی دەریایی، بەراورد بە پار، سێ هێندە زیادبووە.
- هەر بەهۆی جەنگەوە، بەهای دراوی 142 وڵاتی تازە گەشەسەندوو بە تێکڕا 2.8٪ بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە.
هەموو ئەم هۆکارانە بوونەتە بارگرانی بەسەر خێزانەکانەوە، وای کردووە کە تێچووی ژیان زیاتر بێت و داهاتیان وەکو پێویست بەشیان نەکات.
ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەژاری و برسێتی، مەترسیدارن:
- لە ساڵی 2019ـەوە تائێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەژاریی سەختدا دەژین، واتە ئەوانەی رۆژانە کەمتر لە دوو دۆلاریان دەستدەکەوێت، 77 ملیۆن کەس زیادبووە.
- هەر لەو ماوەیەدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە رووبەڕووی تێکچوونی مەترسیداری ئاساییشی خۆراک بوونەتەوە، واتە ئەوانەی بەهۆی دەستنەکەوتنی خۆراک مەترسی ئەوەیان لەسەرە لە برسا بمرن، 193 ملیۆن کەس زیادبووە.
- لە کیشوەری ئەفریقا، 58 ملیۆن کەس مەترسی ئەوەیان لەسەرە بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکرایناوە بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
- لە سەرانسەری جیهان، ساڵانە زیاتر لە 20 ملیۆن کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارە دەبن.
- نزیکەی 90 ملیۆن کەس لە ئاسیا و ئەفریقا ناتوانن پارەی کارەبا بدەن.
- لە سەرانسەری جیهان 2.4 ملیار کەس وەکو پێویست سووتەمەنیی پاکیان بۆ چێشتلێنان دەستناکەوێت.
- نزیکەی 568 ملیۆن کەس لە وڵاتانی خوار بیابانی گەورەی ئەفریقا کارەبایان نییە.
قەیران و کێشە ئابووریەکانی جیهانیش ئەمانەن:
- ئەمساڵ گەشەی ئابووریی 143 وڵات پاشەکشە دەکات
- 311 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەر وڵاتانی تازە گەشەسەندوو کەوتووە کە دەکاتە 13.6٪ی تێکڕای کۆی بەرهەمی نێوخۆیان
- 60٪ی وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان مەترسیی ئەوەیان لەسەرە نەتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
- نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، جیهانی پێویستی بە 4.3 ترلیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی ئابووریەکەی سەقامگیر بێت.
- کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ساڵانە 520 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق