زه‌نگی پێشهاتێكی مه‌ترسیدار

ليست هناك تعليقات


عارف قوربانی
-
سێشه‌ممەی هه‌فته‌ی رابردوو له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌ترسییه‌كانی داعش سازكرا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڤلادیمیر ڤۆرۆنكۆڤ، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتیی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، راپۆرتێكی پێشكێش كرد و تێیدا كۆمه‌ڵێک زانیاری و ئاماژه‌ی مه‌ترسیداری سه‌باره‌ت به‌ داعش خسته‌ڕوو.

له‌ ژماره‌ی چه‌كداره‌كانیان، شوێنی مانه‌وه‌یان، جۆری چەک و سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردنیان، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌و نه‌وه‌ تازه‌یه‌ی داعش، كه‌ ئێستا له‌ قۆناخی پێگه‌یاندندان. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی له‌و راپۆرته‌دا خرایه‌ڕوو، مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، جێی گومان و پرسیاره‌.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌وه‌، دوو شت بۆ من جێی پرسیار بوو، یه‌كه‌میان ناسنامه‌ی داعش، دووهه‌میان جۆری مامه‌ڵه‌كردنی زلهێزه‌كانی دونیا و وڵاته‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ داعشدا. له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ چه‌ندین وتار و دیداری رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنی و له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا سه‌رنج و گومانی خۆم خستووەته‌ڕوو كه‌ داعش ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆش دروستكراوی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان نه‌بووبێت، به‌شی ئه‌وه‌ خه‌ڵكیان خزاندووەته‌ ناوییه‌وه،‌ تا به‌پێی خواست و ئامانجی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان ئاراسته‌یان بكه‌ن و به‌كاریان به‌رن.

گوێبیستی تێبینی خه‌ڵكانی دیكه‌ش بووم ‌و گوتاری كه‌سانی دیكه‌شم له‌وباره‌یه‌وه‌ خوێندووەته‌وه،‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ گومانیان له‌ ناسنامه‌ی داعش هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆچوون و سه‌رنجی نوخبه‌یه‌كی كه‌م بوو. رای گشتی به‌جۆرێكی دیكه‌ له‌ داعش و له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به ‌داعش و سیاسه‌تی وڵاتانی ناوچه‌كه‌یان ده‌ڕوانی و هه‌ندێكیان تا ئێستاش وه‌ك داعشبه‌زێن وێنا ده‌كرێن، له‌كاتێكدا خۆیان هه‌ڵسوڕێنه‌ر و به‌كاربه‌ری داعش بوون.

دوای ئه‌م راپۆرته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هه‌ق وایه‌ ئه‌وانه‌ی تاوەکو ئێستا له‌باره‌ی ناسنامه‌ی داعشه‌وه‌ هیچ ختوكه‌یه‌ك به‌ مێشك و ئه‌ندێشه‌یاندا نه‌هاتووه‌، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ن و خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م هه‌ندێك پرسیاره‌وه‌. ئایا داعش چی به‌سه‌رهات؟ چه‌كداره‌كانی له‌ كوێن؟ كێ‌ چه‌ك و خواردن و پێداویستییان بۆ دابین ده‌كات؟ له‌كوێ‌ حه‌شاردراون؟ به‌تایبه‌ت ئه‌و ژمارانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هه‌ندێ‌ ناوه‌ندی هه‌واڵگری له‌ راپۆرته‌كانیاندا ژماره‌ی له‌وه‌ زیاتریش ده‌ڵێن.

ئایا جێی هه‌ڵوه‌سته‌كردن نییه‌ بگوترێت نزیكه‌ی 10 هه‌زار چه‌كداری داعش به‌ نهێنی له‌ ناوچه‌كانی نێوان عێراق و سووریان؟ له‌كاتێكدا دەگوترێت داعش مه‌ترسییه‌كی جیهانییه‌، ئایا جێی تێڕامان نییه‌ 10000 چه‌كدار كه‌ مه‌ترسیبن بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی، خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ په‌لاماردان و كاری تیرۆرستی، به‌م هه‌موو ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی زانیاری و سه‌رچاوه‌ی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه‌، نه‌یاندۆزینه‌وه‌؟ له‌ كاتێكدا له‌ رێگه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ جووڵه‌ی هه‌ساره‌كانی ناو گه‌ردوون و كانزاكانی ژێر زه‌ریا و ده‌ریاكان ده‌دۆزنه‌وه‌، به‌ڵام چه‌كداره‌كانی داعش نابیننه‌وه‌؟

ئاسمانی سووریا له ‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی سووریا و وڵاتی رووسیادایه‌، ئاسمانی عێراق له‌ ژێر كۆنترۆڵی به‌غدا و تا راده‌یه‌ك ئه‌مریكادایه‌، رۆژانه‌ گوێبیستی هه‌واڵی دڵته‌زێنی ئه‌وه‌ ده‌بین توركیا به‌ درۆن له‌ گه‌رمه‌سێری باشووری كوردستانه‌وه‌ تا كوێستانه‌كانی قه‌ندیل و ده‌شت و هه‌رده‌كانی رۆژئاوای كوردستان، كچ و كوڕی كورد به‌ ئامانج ده‌گرێت، كه‌ لایه‌نگر یا ئه‌ندام، كادر و فه‌رمانده‌ی په‌كه‌كه‌ن. بێگومان ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات به‌ هاوئاهەنگی و پێدانی زانیاری ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و رۆژئاوا و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ رووسیا و ئه‌مریكایه‌. جاری وایه‌ له‌ناو شاری سلێمانی له‌ كه‌لار، له‌ چه‌مچه‌ماڵ، له‌ شنگال، له‌ قامیشلۆ، گه‌ریلایه‌ك به‌ نهێنی و به‌بێ‌ چه‌ك و ره‌نگه‌ بۆ سه‌ردانی پزیشكێك چووبێت، ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان شوێنپێی هه‌ڵده‌گرن و ده‌كرێته‌ ئامانج. به‌ڵام 10 هه‌زار، به‌ڵێ‌ 10 هه‌زار چه‌كداری داعش به‌ نهێنی ماونه‌ته‌وه‌ و گوایه‌ جیهان به‌ شوێنیاندا ده‌گه‌ڕێت، ئایه‌ هه‌ر ئه‌م به‌راورده‌ به‌س نییه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی؟

راپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ندین ئاماژه‌ی مه‌ترسیداری تێدایه‌، ده‌ڵێت له‌ شه‌ش بۆ 10 هه‌زار چه‌كداریان هه‌یه‌ له‌نێوان عێراق و سووریا، 10 هه‌زار چه‌كداری دیكه‌یان ده‌ستبه‌سه‌رن له‌ زیندانه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات 30 هه‌زار گه‌نجی خوار ته‌مه‌ن 12 ساڵ له‌ كه‌مپ و زیندانه‌كان له‌ قۆناغی مێشك شۆردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردندان. ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئێستا داعش خاوه‌نی درۆنه‌.

ده‌بێت راستییه‌ك هه‌یه‌ وه‌ك خۆی ببینرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ داعش هه‌ر ناو و ناسنامه‌یه‌كی هه‌بێت، بریتییه‌ له‌ ده‌ستكه‌لایه‌ك به‌ده‌ستی ده‌زگای هه‌واڵگریی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌، كه‌ی و له‌ كوێ‌ پێویستیان بوو، چۆنیان بوێ‌ به‌و جۆره‌ به‌كاری ده‌به‌ن. هێشتنه‌وه‌ی 10 هه‌زار چه‌كداریان له‌ نێوان سووریا و عێراق، هه‌روه‌ها یه‌كلایینه‌كردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی 10 هه‌زار چه‌كداری دیكه‌یان وه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر له‌ زیندان، كه‌ هه‌ر چركه‌ساتێك پێویست بێت به‌ سیناریۆیه‌ك ئه‌وانیش ئازاد ده‌كه‌ن، رێگه‌دان به‌پێگه‌یاندنی 30 هه‌زار مێردمنداڵی خوار 12 ساڵ، چاوپۆشیكردن له‌ ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به‌ (درۆن). هه‌موو ئه‌م پێدراوانه‌ پێمان ده‌ڵێن داعشێكی به‌هێزتر له‌وه‌ی پێشوو ئاماده‌یه ‌و له‌ چركه‌ساتی پێویستدا له‌و شوێنه‌ی بۆیان دیاری ده‌كرێت، ده‌رده‌كه‌ون.

هیچ ئاماژه‌ و هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراو نییه‌ تا بزانرێت كام جوگرافیا بژارده‌ی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی داعش ده‌بێت، به‌ڵام به‌ حوكمی جوگرافیا ئه‌و نزیک به‌ 10 هه‌زار چه‌كدارەی باسی ده‌كه‌ن، ده‌كه‌ونه‌ نزیكی هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و 10 هه‌زاره‌ی دیكه‌یان كه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن له‌ رۆژئاوای كوردستانن. ئه‌و 30 هه‌زاره‌ی له‌ قۆناغی پێگه‌یاندندان ئه‌وانیش هه‌ر له‌ ده‌وروبه‌ری كوردستانن. هێزه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كانیش له‌مێژه‌ خه‌ریكی مشتوماڵی پلان و پیلانن له ‌دژی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان. كورد بۆ خۆیشی له‌به‌ر هۆكاری ناوخۆیی ئاگای له‌وه‌ نه‌ماوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی چی ده‌گوزه‌رێت، بۆیه‌ به‌ دوور نازانرێت له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوودا، داعش بكرێته‌ سه‌رئێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ كورد و كوردستان بكرێته‌ مه‌نزڵی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یان.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ رێكخراو و هێزه‌ په‌ڕگیر و گرووپه‌ تیرۆریستیانه‌، زۆرتر وابه‌سته‌ن به‌ ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه‌، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستانه‌ ئاگایان له‌ یارییه‌ موخابه‌راتییه‌كان بێت. له‌م رووه‌وه‌ وه‌ك زۆر لایه‌نی دیکە، كوردستان گیرۆده‌ی ئه‌وه‌یه‌ ده‌زگای ئه‌منی و هه‌واڵگریی نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌زگای ئه‌منی حیزبه‌كانن (پارتی و یه‌كێتیی). ده‌زگای ئه‌منی یه‌كێتیی له‌سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی باڵی ریفۆرمه‌وه،‌ كه‌ وا بۆ دوو ده‌یه‌ ده‌چێت سه‌رقاڵه‌ به‌ناوخۆی یه‌كێتییه‌وه ‌و خه‌ریكی خۆیه‌تی، له‌پێش كۆنگره ‌و دوای كۆنگره‌ش چاوێكیان كردبووه‌ هه‌زار چاو بۆ چاودێری كادیره‌كانی یه‌كێتیی، له‌ 8ـی ته‌ممووزی ساڵی رابردووشەوە‌ حاڵی مه‌علومه‌ بۆ خه‌ڵكی. ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارتی له‌ رابردوودا نه‌ك هه‌ر ئاگای له‌و یارییانه‌ هه‌بوو، بگره‌ به‌شێك بوو له‌ یارییه‌كان، به‌ڵام پێده‌چێت ئێستا ئه‌ویش په‌تای نه‌خۆشییه‌كه‌ی یه‌كێتیی گرتبێت. كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات كورد ئاگای له‌وه‌ نه‌بێت چی ده‌گوزه‌رێت له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌ش روونه‌ كاتێك ئاگایی پێشوه‌خته‌ی نه‌بوو، ناتوانێت خۆی بۆ ئه‌گه‌ره‌كان به‌ باشی ئاماده‌ بكات.

له ‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش زیاتر ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، ئاماژه‌دان بوو به‌وه‌ی داعش له‌ باكووری عێراق له‌ رێگه‌ی درۆنه‌وه‌ خۆی چالاك كردووه‌. باكووری عێراق مه‌به‌ستیان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمه‌. ئه‌وه‌ی تا ئێستا به‌ درۆن له‌ باشووری كوردستان ئه‌نجام دراوه‌، توركیایه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م، ئه‌و هێرشانه‌ی دیكه‌ش بۆ سه‌ر هه‌ولێر ئێران و گرووپه‌ وابه‌سته‌كانی ئێرانن. تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌و كرده‌وانه‌ی به‌ درۆن ئه‌نجام دراون داعش بووبێت. ئه‌م ئاماژه‌یه‌ی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان زه‌نگی پێشهاتێكی مه‌ترسیداره‌ و پێویستی به‌ بیری ورد هه‌یه‌. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبه‌كانی هه‌رێمی کوردستان هه‌موو سه‌رنجیان له‌سه‌ر ململانێی یه‌كترییه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکكۆمار.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق