رێكکەوتنی 'نەوت بەرامبەر بیناسازی' و هەژموونی چین لە عێراقدا

ليست هناك تعليقات



لە چەند ساڵی رابردوودا چین پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێز کردووە و هەوڵیداوە جێگەی هەژموونی وڵاتانی رۆژئاوا بەسەر کەرتەکانی وزە تاوەکو بیناسازی بگرێتەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی هۆشداریی دەدرێت کە "دەکرێت" پڕۆژەی ژێرخان لە عێراقدا بەغدا بخاتە ژێر باری "قەرزێکی گەورەوە."

جۆن کالابرێس، تو‌ێژەر لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بنکەکەی لە واشنتنی ئەمریکایە دەڵێت، دوای چەند دەیەیەک لە شەڕ و پێکدادان، "عێراق زۆر پێویستی بە وەبەرهێنانی دەرەکییە و بە دیاریکراویش وەبەرهێنان لە کەرتی ژێرخانیی وزەدا."

چین تادێت پێداویستیی وزەی زیاتر دەبێت، هەنگاوی ناوە و هاتووەتە گۆڕەپانەکە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی لە کەرتی وزەکەیدا هەیەتی، پڕی بکاتەوە. هەروەها لە ژێر چەتری رێککەوتنێکی ساڵی 2019دا بە ناوی "نەوت بەرامبەر بیناسازی،" چین هەوڵیداوە هەژموونی خۆی لە عێراق بەهێزتر بکات.

چین 44٪ـی نەوتی عێراق هاوردە دەکات

مەزهەر ساڵح، راوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە ساڵی 2021دا چین 44٪ـی بەرهەمی نەوتی عێراقی هاوردەی وڵاتەکەی کردووە.

کۆمپانیای پیترۆ چاینای سەر بە حکومەتی چین، هاوبەشی لەگەڵ هەریەکە لە کۆمپانیاکانی تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی و پیترۆناسی مالیزی هەیە بۆ ئەوەی نەوت لە کێڵگەی حەلفایەی پارێزگای میسانی باشووری عێراق دەربهێنن.

تسوی وی، باڵیۆزی چین لە عێراق دەڵێت، چین لە عێراق "تازە دەستپێدەکات" و دەشڵێت، لەگەڵ لایەنی عێراقی و کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە لە عێراق کاردەکەن.

وەکو کالابرێس دەڵێت، ئەوەی پەکین دەیەوێت، زیاترە لە سوودوەرگرتن لە توانای بازرگانیی عێراق و ئاماژە بەوەش دەکات کە: "لەودیوی پاڵنەری بازرگانییەوە، خواستی چین بۆ قووڵبوونەوە بەنێو وڵاتەکە و ناوچەکەدا هەیە کە رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا قۆرخی کردووە." 

پشتێنە و رێگە

عێراق یەکێکە لە ژمارەیەکی گەورەی هاوبەشانی دەستپێشخەرییەکی بەرفراوانی چین بەناوی "پشتێنە و رێگە" کە سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوایی دەڵێن، وڵاتانی هەژار دەخاتە ژێر باری "قەرزێکی گەورەوە."

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چینیش دەڵێت، بەغدا "هاوبەشێکی گرنگی" ئەوانە لەو پڕۆژەیەدا و ئاماژە بەوەش دەکات کە پەکین "بەشێوەیەکی کارا بەشداری لە بونیاتنانەوەی ئابووریی عێراقدا دەکات."

ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی کریستۆف نێدۆپیل، بەڕێوەبەری 'ناوەندیی دارایی و گەشەپێدانی سەوز' لە زانکۆی فیودانی چین، لە نێوان ساڵانی 2013 و 2022دا عێراق سێیەم گرنگترین هاوبەشی ئەو دەستپێشخەرییەی چین بووە لە بواری هاوئاهەنگیی وزەدا.

بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2019ـی 'نەوت بەرامبەر بیناسازی'، چین پڕۆژەی بیناسازی لە عێراق لە بەرامبەر هەناردەی 100 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکە، جێبەجێ دەکات.

بەشێکی رێککەوتنەکە، کە لە میانی سەردانێکی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بۆ پەکین واژۆکراوە، بریتییە لە دروستکردنی قوتابخانە لە شارەکانی عێراقدا.

لەو کاتەوە دوو کۆمپانیای چینی بە ناوەکانی پاوەر چاینا و سینۆتێک دەستیان کردووە بە دروستکردنی قوتابخانە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، کۆمپانیا چینییەکان 8 هەزار قوتابخانە لە شارەکانی عێراقدا دروستدەکەن. هاوکات، کارکردن لە فڕۆکەخانەی ناسرییەی باشووری عێراقیش دەستیپێکردووە، کە ئەویش لەلایەن کۆمپانیای ئەندازیاریی چینەوە جێبەجێ دەکرێت.

زمانی چینی لە زانکۆکان

حەیدەر مەجید، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، لە ژێر چەتری ئەو پڕۆژانەشدا، کۆمپانیا چینییەکان دەبێت لەگەڵ وەبەرهێنەرە نێوخۆییەکان کاربکەن بۆ ئەوەی دەستی کار و کەرەستەی خاو بۆ عێراق فەراهەم بکەن.

یاسر مەلەکی، شرۆڤەکار لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت: "نیشانەیەکی پرسیار لەسەر چۆنییەتی هەڵبژاردنی وەبەرهێنەرەکان هەیە" و ئاماژە بەوەش دەکات کە ژمارەیەکی زۆری ئەم کۆمپانیانە "بەو جۆرە ناویان دەرکردووە کە بەشێوەیەکی سیاسی بەیەکەوە بەستراونەتەوە و بەوشێوەیە گرێبەستەکان وەردەگرن." ئەو شرۆڤەکارە هۆشداریش دەدات لەوەی کە دەکرێت عێراق لە کۆتاییدا "خۆی لە ژێر بارێکی قورسی" قەرزدا ببینێتەوە.

لە کاتێکدا هەژموونی چین لە عێراقدا گەشەدەکات، ژمارەیەکی زیاتری عێراقییەکانیش دەستیان بە بزنسی تایبەتیی خۆیان لە چین کردووە. لەسەر بنەمای ئەوەش، دامەزراوەی هاوڕێیەتیی چین و عێراق لە بەغدا دەستیکردووە بە پێشکێشکردنی وانەی فێربوونی زمانی مانداری، کە زمانی فەرمیی چینە.

سەجاد قەزاز مامۆستایەکە و لە بەغدا وانەی زمانی مانداری دەڵێتەوە و گوتی: "کاتێک لە چین گەڕامەوە بۆ عێراق، بینیم کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەیانەوێت زمانی چینی فێرببن." زۆربەی فێرخوازانیشی ئەوانەن کە بازرگانی لەنێوان عێراق و چین دا دەکەن.

یەکێک لە فێرخوازەکانی ئەو مامۆستایە ناوی ئەحمەدە. ئەو باس لەو زەحمەتییە دەکات کە لەگەڵ بازرگانە چینییەکان تووشی هاتوون و دەڵێت: "زۆربەیان نازانن بە ئینگلیزی قسە بکەن"؛ بۆیە دەیەوێت زمانی چینی بێت تاوەکو وەکو خۆی دەڵێت، رێگەی بازرگانییەکەی ئاسانتر بێت.

ویستی فێربوونی زمانی مانداریش لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە. بەشی زمانی چینی لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵی 2019 دامەزراوە و ساڵی خوێندنی 2019-2020 یەکەمین ساڵی وەرگرتنی خوێندکاران بوو.

بارزان شێخ جەعفەر، سەرۆکی بەشی زمانی چینی رۆژی 22-8-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پلانی خۆیاندا بۆ ساڵی نوێی خوێندن داوای 30 خوێندکاریان کردووە. 

سەرۆکی بەشی زمانی چینی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی چین بە هیچ جۆرێک دەست لە کاروباری خوێندنی بەشەکەی وەرنادات، بەڵام لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە لە دابینکردنی مامۆستا و پێداویستی خوێندن بۆ بەشەکەیان یارمەتیدەرە و گوتیشی، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر هەیە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif