لەجیاتی یەکپۆشی، زانکۆ چی بکات باشە؟

ليست هناك تعليقات


توانا ئیبراهیم
-
یەکپۆشی قوتابیان چەند رۆژێکە بۆتە هەواڵی گەرمی میدیا و قوتابیانی زانکۆ هەروەک سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژە بەوە دەکات کەوا ئەو هەوڵە لەپێناو کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتیە، وە زۆربەی قوتابیان بەگوێرەی راپرسیەکی زانکۆکە بریارەکەیان پێ باشبووە تاکو جێبەجێبکرێت. سەرەتا راپرسیەکە راپرسیەکی هەڵەیە و کێشەی زۆرە و ناتوانێت داتای راستەقینەمان پێبدات دەربارەی بیر و رای قوتابیان چونکە راپرسیەکە گشتیە و هەموو کەسێک دەتوانێت بەژداری بکات. یەکپۆشی قوتابیان لەزۆر زانکۆ جێبەجێکراوە بەڵام توێژینەوە نوێکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکپۆشی هیچ گۆرانکاریەک لە ئاستی قوتابی درووست ناکات بەڵکو پێشێلی مافی سەرەتایی و ئازادی قوتابیشە. گەر نیەتی زانکۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و خزمەتکردنە بە قوتابیان دەکرێ لە زۆر لایەنەوە زانکۆ خزمەتی جیاواز پێشکەش بکات. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمە روو کە لەجیاتی یەکپۆشی، زانکۆ چی بکات تا خزمەتی زیاتر بە قوتابیانی بکات؟

یەکەم: سیستەمی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان سیستەمێکی کۆنە و بەهیچ شێوەیەک لەگەل ئەمرۆی بازاری کار هاوتەریب نیە، قوتابیان بەدەگمەن ئەو بابەتانە دەخوێنن کە حەزیان پێیە یاخود لەگەڵ بازاری کار و دوای دەرچوون لە زانکۆ بەکاریان دێنن. نوێکردنەوەی بەشەکانی خوێندن و زیادکردنی بەشی نوێ کە لەگەڵ بازاری کار و ئەمرۆی واقعی کوردستان بگونجێت. بۆ نموونە لەگەڵ بوونی دەیان و سەدان رێکخراوی مرۆیی ناوخۆیی و جیهانی لەکوردستان تا ئێستا هیچ زانکۆیەک بەشێکی نیە یاخود بەدەگمەن دەبینین کە بەشێک هەبێت تایبەت بەخوێندن لەوبوارە.

دووەم: پێویستە قوتابیان لە سەرجەم زانکۆکان بە چاوێکی جیاواز لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە سەیر بکرێن و مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ بکرێت بەتایبەت لە رووی پاڵپشتی ئابوریەوە، بۆ نموونە داشکاندنی تایبەت لە نرخی پێویستیە تایبەتیەکانیان وەکو (کتێب، جل و بەرگ و گواستنەوە و ئینتەرنێت) بە پلانێلی تۆکمە لەلایەن حکومەتەوە رێکبخرێت.

سێیەم: گۆرینی شێوازی سیستەمی پارالێل چونکە ئەو سیستەمە بەو فۆرمەی ئێستای جیاوازیەکی تەواوی چینایەتی لەنێوان قوتابیان درووستکردوە. ئەو سیستەمە دەکرێت نوێبکرێتەوە بە فۆرمێکی نوێ کە سەرجەم قوتابیان بەبێ جیاوازی هەژار و دەوڵەمەند بتوانن سوودمەندبن لێی.

چوارەم: دوورخستنەوەی دەستی حیزب و رێکخراوە حزبیەکان لەناو زانکۆ و رێگریکردنیان لەوەی دەستوەردەنە کاری خوێندن، نموونەی زۆر بەردەستن و دەرچوواندنی ئەندامی رێخراوە حزبیەکان بەبێ بەژداریکردن لە وانەکان یاخود زیادکردنی نمرەی ئەندامەکانیان لەسەر حسابی قوتابیانی تر.

پێنجەم: گرنگیدان بە ناوەندەکانی توێژینەوە و نەهێشتن و رێگریکردن لە توێژینەوەی ئامادەکراو و کۆپی، کە ئەم بابەتە لە حالەت تێپەریوە و بۆتە دیاردە، ئەم دیاردەیە یەکجار مەترسیدارە و قوتابی و زانکۆ بەرەو پوکانەوە دەبات و کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاستی زانستی و بیرکردنەوەی قوتابیان.

لەکۆتاییدا قوتابی پێویستە تەواو ئازادبێت چی دەپۆشێت و چی لەبەردەکات و چۆن بیردەکاتەوە لەچوارچێوەی سیستەمی خوێندن تاکو کۆمەڵگایەکی فرە رەنگ و فرە بیرکردنەوەمان هەبێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif