کوردستان ئەحمد
-
سەید سەدر،كایە سیاسیەكەی بەجێهێشت، دوورنییە بە تویتێك بێتەوە ناو كایە سیاسیەكە، بەڵام ئێستا ئیدی دۆخەكە لە تویتێك و لە گفتوگۆیەكی سیاسی و لە دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق تێپەڕییوە و بڕیاری كۆتایی تفەنگەكان دەیدەن لە عێراقدا، چونكە هیچ كەس خۆی بەخاوەنی ئەو هێزە توند ئاژوە ئایدیاڵیستە نازانێت كە لە شەقامەكانی عێراقدا بە برسیەتی و بە بێ جل و بەرگ و بە چەكەوە دەسوڕێنەوە.
دۆخەكە بەرەو هەرشوێنێك بڕوات عێراقیەكان باجی سەرەكی دەدەن كە بە خوێن كۆتایی بە یارییەكە دێت، لە راستیدا عێراقییەكان ئەو راستییەیان لە یاد كردووە كە خوێنی ئەوان ئیدی هیچ بەهایەكی نەماوە و تەنها چەكی دەستی هێزە گەورە عێراقی و دەرەكیەكانن بۆ یكلایكردنەوەی هاوكێشەكانی ژیانی سیاسی خۆیان.
عێراق تا ئۆكتۆبەر وەك مەنجەڵی بوخاری پڕ لە گۆشت دەكوڵێت و بەوزوانەش مەنجەڵەكە بە شێوەیەك دەتەقێتەوە هیچ كەس ناتوانێت پارویەك لەو گۆشتە پڕخێر و بێرە بخوات كە بووە بە بەڵا بەسەر ژیانی عێراقیەكانەوە، چونكە كەس نازانێت بۆچی بەو چەشنە عێراقییەكان دەبنە قوربانی، بەڵام كۆی گشتی هاوكێشەكە لە عێراقدا تەنها سەر بۆ سێ هاوكێشە دەكێشێت و دەشبێت ئەو سێ خاڵە بە تەواوەتی جێبەجێ ببن.
یەكەم: بەهەرێم بوونی عێراق
خەریكە دۆخەكە بە شێوەیەكی لێدێت كە عێراقییەكان بە هیچ شێوەیەك ناتوانن پێكەوە لەسەر یەك سفرە بژین، بنواڕە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كە لە ٢٠٠٣ وە نەیانتوانیوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن بەهۆی بەسیاسی كردنی كێشەكانەوە لە لایەن عێراقیەكانەوە، لەلایەكی دیكەشەوە بنواڕە ئەو كێشە گەورانەی كە سونەكان لە عێراقدا هەیانە هەر لە پشگوێ خستنیان لە كایەی سیاسەوە تا دەگاتە نەبوونی خزمەتگوزاری و وێرانەی نیشتیمانەكەیان، لەلایەكی دیكەوە ئەو ئاڵۆزییە نەگریسەی كە لەنێوان شیعە و شیعەدا هەیە كە دوور نییە شەرەكە بگاتە ئاستێك ئیدی نەجەف پڕنەبێت لە خوێن.
هەموو ئەو ئاڵۆزیانە پێماندەڵێن كە عێراق ئامادەیە بۆ سێ هەرێمی باش كە بەغداد ناوەندەكەی بێت و هەروەها هەرێمەكان بەسەربەخۆیانە بتوانن بەدەوری یەكتردا بسوڕێنەوە ئەوەش لە قازانجی كوردە و سونە و خودی شیعەشە، بەڵام گرفتێكی گەورە دەخاتە بەردەم شیعەكان كە ئایا هەرێمەكەی ئەوان دەبێتە ناوچەیەكی كۆنترۆڵكراوی دەستی ئێران یان دەكەونە ژێر ركێفی بیركردنەوەكانی سەید سەدرەوە و ئیدی ئێرانیەكان ناتوانن لە ناو شیعەكانی خۆیاندا ماڵێكیان هەبێت.
لە هەموو حاڵەتەكەدا ئەگەری بەهەرێم بوونی عێراق لە قازانج هەموو لایەكدایە و ئاوێك بە ئاگری سەدساڵەی شەی تایفی عێراقدا دەكات، بەڵام جارێكی دیكە ئەو عێراقەی كە هەمووان دەیانویست لە یەك سنور و یەك ئاراستەدا بمێنێتەوە بێگومان نامێنێت و ئەگەر شوشەیەك لە عێراق بشكێت هێز نییە بتوانێت چاكی بكاتەوە.
دووەم:دیكتاتۆریەتی مۆدێرن
هێزە سەربازیەكانی عێراق بێسەروبەرییەكی زۆر گەورەیان پێوەدیارە و لەراستیدا هیچ دەستێك لە عێراقدا ناتوانێت فەرمانێك بەسەر هێزەكانی عێراقدا بكات چونكە هەر هێزە و سەر بەشوێن و لایەنێكە، ئەوەش وادەكات كە چەند هێزێك مەترسی هەڵوەشانەوەیان هەبێت و بەتەواوەتی نەمێنن، كە بریتین لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و چەند بەشێك لە هێزەكانی عێراق، ئەوەش هۆكارێكی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی داعش لە ناوچەكانی خواروو بەتایبەتی ناوچەی هێڵێ ٣٦ چەندین هێرشی گەورە و تاقەتپڕوكێن بكەن.
پێدەچێت وەك كودەتایەكی بەهێز چەند هێزێك بتوانن بە تەواوەتی كۆنترۆڵی هێزەسەربازیەكانی عێراق بكەن، خۆ ئەگەر كازمی نەتوانێت ئەو كارە بكات بێگومان ئەوە كەسێكی دیكە ئەتوانێت لە كودەتایەكی گەورەدا بەتەواوەتی عێراق كۆنترۆڵبكات، گرفتەكە ئەوەیە كە هەر كەسێك هێزی عێراقی كۆنترۆڵبكات مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق دروستدەكات ئەگەر لایەنگری ئێران بێت بەڵام ئەگەر لایەنگری ئەمریكا بێت ئەوا ئاهێك بە دۆخەكەدا دەهێنێت.
سێیەم: ملكەش كردن بۆ سەدر
سەید سەدر لە ناكاودا بڕیاری گەورە دەدات، بۆ نموونە دوێنێ دووشەممە ٢٩ی ئۆگەست گوتی تەواو ئیدی ئەو سیاسەت ناكات و تۆزێكی دیكەش گوتی ئیدی مان لە خواردن دەگرێت، دوور نییە لە كاتژمێری كۆتاییدا هەمووان داوا لەسەید سەدر بكەن بگەرێتەوە كایەكە وهەموو شتێك بەدەستی خۆی یەكلای بكاتەوە، لەراستیدا هیچ كەس بەوە قایل نییە كە سەید سەدر یەكەم م هەموو كەس بێت لە عێراقدا چونكە كەسانێكی دیكە هەن كە پێیان وایە جەبێت لە عێراقدا ئەوكارە بكەن كە دەبێت بكرێت.
دۆخێكی تایبەت لە عێراقدا ئەگەر هەبێت ئەوەیە كە هیچ كەس سەید سەدری بەو شێوەیە قبوڵنییە كە خۆی دەیەوێت، سەدریش لەسەر ئەو بیركردنەوە وازناهێنێنت كە بڕیاری لەسەر داوە و ئەگەر ئەوەش هەیە كە رێگری بكەن لەوەی كە سەید سەدر دەیەوێت، بەڵام گەر خوێنی زیاتر بڕژێت هەمووان بە ناچاری دەستدەگرن بەسنگیانەوە بۆ سەید سەدر و هەموو شتێك بە دڵی سەید بڕوات، ئەوەش واتە كۆتای مالكی و ئێران و بیركردنەوەی ئێرانیزم.
كورد لە ئاڵۆزیەكاندا دەبێت چی بكات؟
ئاڵۆزییەكان لە هەر شوێنێكی عێراق بێت راستەوخۆ كاریگەری گەورەی ئابوری و سیاسی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، لە كاتی باشبوونی دۆخەكەدا كوردەكان دەبێت ئامادەبن بۆ هەر گرفتێك، لە كاتی خراپتربوونی دۆخەكەدا دەبێت كورد هەر ئامادەبێت، ئێستا لە كوردستان گرفتێكی گەورە هەیە كە یەك دەنگ و یەك ریز نیین، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە زۆرینەی رەها لە كوردستان گوێ لەسەرۆك بارزانی دەگرن بەتایبەتی یەكێتی كە بافڵ تاڵەبانی خۆی وەك سەرۆكی یەكێتی دەڵێت ئەو بارزانی بە مامی خۆی دەزانێت.
سەرۆك بارزانی بڕیاری كۆتایی دەدات
سەرۆك بارزانی لە دوای ئاڵۆزیەكان بەیانێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: ئەوان نیگەرانن لە دۆخەكە و دەیانەوێت گرفتەكان چارەسەر ببێت، عێراقیەكان قسەكانی سەرۆك بارزانی وەك قسەی تەواوی گەلی كورد دەبینن و دەیبیستن، هەرچەندە دەشزانن ئەو نارێك و پێكییە هەیە لە نێوان ماڵی كورددە، بەڵام لە راستیدا كوردەكان بە هەڵوێستی یەك نەبوونیان لە عێراقدا دوو ئامانجی سەرەكی دەپێكن
یەكەم: ئەوەی كە هەموو سێوەكانیان ناخەنە سەبەتەی سەدرەوە
دووەم: ئامادەكاریی دەكەن بۆ ئاڵۆزییەكان
تاكە شتێك لە باشوری كوردستان زۆر گرنگ بێت ئەوەیە كە كاتێك مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دروستدەبێت هەموو هێزەكان دەبنە یەك دەنگ و تەنانەت كوردەكانی پارچەكانی دیەكەش یەكسەر دێنە پاڵ ئەو بۆچوونەی كە دەیەوێت كوردستان بپارێزرێت.
سەرۆك بارزانی كار لەسەر ئەوەدەكات كە كوردەكان هەموویان یەك بۆچونیان هەبێت لە ئایندەدا لە دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەوە بۆ نموونە ئەگەر دەستكاری دەستوری عێراق بكرێت ئەوا كوردەكان بەیەك دەنگ و یەك رەنگ دەچنە عێراق بۆ ئەوەی هیچ مافێكی گەلی كوردیش نەفەوتێت، ئەگەریش عێراقیەكان بیانەوێت مافەكانی گەلی كورد زەوت بكەن ئەوا پرۆژەی بەدیلیان هەیە كە ئەویش ریفراندۆمە.
سەرۆك بارزانی زۆر بەباشی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا دەكات، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە ئامادە سازبكات بۆ هەر رووبەرووبوونەوەیەكی مەترسیدا لەگەڵ هەر هێزێكدابێت، وە یەك دەنگی سیاسی دروستببێت لە پێناو مافەكانی گەلی كورددا، هەروەها شەقامی كوردی ئارام بكاتەوە بە چارەسەر كردنی گرفتەكان و ئامادەسازییەكان بۆ ئەودۆخەی كە هەیە.
بڕیاری كۆتای گەلی كورد لەلای سەرۆك بارزانییە، ئەوەش هەمیشە حەكیمانە بووە بۆ گەلی كورد چونكە بارزانی هەرگیز رێگەی نەداوە مافەكانی گەلی كورد لە عێراقدا بفەوتێت و ئێستاش ئیدی كاتی ئەوەیە كە بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە دۆخی عێراق بدات، لەراستیدا كوردەكان لە عێراق ئامادەی هەموو شتێكن، بەهەرێم بوون یان داعشێكی دیكە یاخود یەك خستەنەوەی عێراق، تەنها لەژێر بنەمای ئەوەی كە گەلی كورد مافەكانی لەدەستنەدات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق