لە شەش ساڵدا داهاتی گومرگی حکومەت چەند زیادیکردووە

ليست هناك تعليقات


 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داهاتی باج لەساڵی 2016دا 179 ملیار دینار بووە، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 418.8 ملیار دینار؛ هەروەها داهاتی گومرگ لە ساڵی 2016دا 563 ملیار دینار بوو، بەڵام ساڵی رابردوو گەیشتە نزیکەی یەک ترلیۆن و 700 ملیار دینار. بەڕێوەبەری گشتیی گومرکیش دەڵێت: "ژمارەیەک رێوشوێن گیراونەتەبەر و هۆکاری زیادبوونی داهاتن."

رۆژی هەینی، 5ـی ئابی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی زیادبوونی داهاتی باج و گومرکەوە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "چاکسازییەکان کاریگەری زۆریان لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان هەبووە، بە تایبەت لە بواری باج و گومرگ و ئێستاش داهاتی باج و گومرگ بەراورد بە ساڵانی رابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بێ ئەوەی هیچ بڕێک لە وەرگرتنی باج زیاد کرابێت."

بەپێی راگەیێندراوەکە، داهاتی گومرک لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە:

- لە ساڵی 2016دا 563 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2017دا 746 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2018دا 956 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2019دا یەک تریلیۆن و 566 ملیار دینار بووە. 
- لە ساڵی 2020دا یەک تریلیۆن و 408 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2021دا یەک تریلیۆن و 691 ملیار دینار بووە. 
- لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 848 ملیار دینار بووە. 

بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی زیادبوونی داهاتەکانی گومرکی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندوەتەوە، کە ئەمانەن:

- ئازادکردنی کاری بازرگانی و ترانزێت.
- نەهێشتنی قۆرخکاری.
- بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی گومرگ لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان.
- کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی گومرگ.

رۆژی هەینی، 5ـی ئابی 2022، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، لەبارەی زیادبوونی داهاتی گومرگ بە رووداوی رایگەیاندوە، داهاتی گومرگ بەهۆی گرتنەبەری ژمارەیەک رێکارەوە زۆر زیادیکردووە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەو ئاسانکارییانەی لە کەرتی گومرگدا کراون، لەگەڵ ئەو شەفافییەتەی لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، جگە لە رێکخستنەوەی پێناسی گومرکی و بە سیستمکردنی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان و لابردنی ئەو تەگەرە و رۆتین و کێشانەی لەبەردم گومرگەکان هەبوون لە رابردوودا، هەموویان هۆکار بوون بۆ زیادبوونی داهات، سەرباری زیادبوونی جووڵەی بازرگانی."

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ زیادبوونی داهاتی باجەکانیش کردووە و دەڵێت، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە بڕەکەیدا بکرێت زیادبووە، ئەوەشی بۆ رێکخستنەوەی باج و پابەندکردنی کۆمپانیا گەورەکان بە پێدانی باج گەڕاندووەتەوە.

بەپێی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیادبوونی داهاتی باج بەمشێوەیە بووە:

- لە ساڵی 2016دا 179 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2017دا 206.6 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2018دا 308.5 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2019دا 627.4 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2020دا 578 ملیار دینار بووە.
- لە ساڵی 2021دا 796.2 ملیار دینار بووە.
- لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 418.8 ملیار دینار بووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان زیادبوونی داهاتی باج بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانەش:

- هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەکان.
- میکانیزمی نوێ بۆ رێگریکردن لە نەدانی باج.
- دەرکردنی رێنمایی و دیاریکردنی سزا.
- جێبەجێکردنی یاسای باج وەك خۆی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق