ئێران مەرجی قورس بۆ بارمتە ئەمریکییەکان دادەنێت

ليست هناك تعليقات



سارا کچی یەکێک لەو گیراوە ئەمریکییانەیە کە لە ساڵی 2007 لە لایەن ئێرانەوە لە دوورگەی کیش دەستگیرکرا و دواتر دەنگی نەما و دەڵێت، ئێرانییەکان لە گفتوگۆ نهێنییەکاندا بە بەرپرسە ئەمریکییەکانیان گوتووە، باوکیان لە چەند ساڵی رابردوودا گیانی لەدەستداوە.

بەگوتەی سارا، حکومەتی ئەمریکا وەک پێویست هەوڵنادات بۆ ئازادکردنی گیراوەکان و هێنانەوەیان بۆ ئەمریکا و ئێرانیش مەرجەکانی زۆر قورسن.

سارا مۆرارتی، کچی یەکێک لە بارمتەکانی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەمیشە پێموانییە کە وەک پێویست کاربکەن، پێموایە کە شتی زیاتر هەیە کە ئەوان دەتوانن بیکەن، هەوڵدەدەن، بەڵام رژێمی ئێران مەرجی قورس دادەنێت. پێموایە ئەوان رێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ پرسی ئەو بارمتانە کردووە بەیەک پاکێج، ئێمە پێمان خۆشە بکرێن بە پاکێجێک، بەڵام ئێستا ئەم گفتوگۆیانە چەقیان بەستووە، بۆیەش دەبێت شتێکی دیکە بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکییەکان، چونکە گفتوگۆی ئەتۆمی وەستاون، خێزانەکانیش لە ناڕەحەتیدا دەژین. ئەو کەسانە لە دژی خواستەکانی خۆیان گیراون و زۆر بە زەحمەت پەیوەندی بە خێزانەکانیان دەکەن و پێویستان بەوەیە بگەڕێنەوە ماڵەوە.''

پێنج ئەمریکی لە ئێران دەستگیرکراون کە ئەمریکا وەک بارمتە ناویان دەبات، ئیدارەی بایدن بەشێوەیەکی نهێنی گفتوگۆ دەکات بۆ ئازادکردنیان، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکاش بۆ کاروباری بارمتەکان دەڵێت، ناتوانن وردەکارییەکان ئاشکرابکەن، سەلامەترین و خێراترین رێگەش بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، بەردەوامبوونە لە گفتوگۆکان.

رۆجەر کارستنس، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بارمتەکان گوتی: "سەلامەترین رێگە بۆ گەڕاندنەوەیان بە خێرایی ئەوەیە، لەسەر ئەم رێگەیەی ئێستامان بەردەوامبین، وەک ئەوەی لەسەر پۆدیۆمەکەش باسم کرد، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆمان هەیە و بەردەوامن، هیواخوازین بگەنە ئەنجام، بەداخەوە ناتوانم هیچ زانیارییەک و وردەکارییەک لەبارەی دانوستاندنەکان باس بکەم، چونکە هەمیشە باشترە بە ئاشکرا دانوستاندن نەکەیت. کورتەی قسەکانیش ئەوەیە کە ئێمە لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین، چ لەگەڵ ئێران بێت یان وڵاتێکی دیکە کە ئەمریکییەکان بە هەڵە گیرابن، ئێمە ئەو گفتوگۆ و دانوستاندنانەمان هەیە و هیواخوازیشین لە کۆتاییدا گفتوگۆکان سەرکەوتووبن.''

ئێران چەند مەرجێکی خستووەتە بەردەم ئەمریکا بۆ ئازادکردنی گیراوەکان، یەکێک لەو مەرجانەش ئاڵوگۆڕپێکردنی زیندانییەکانە، ئەمریکاش دەڵێت، ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران گیراون، بارمتەن، بەڵام هیچ ئێرانییەک لە ئەمریکا بە بارمتە نەگیراوە، بەڵکو لەسەر تاوانێک دەستگیرکراون و بۆیەش تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم خاڵە نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.

رۆجەر کارستنس، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بارمتەکان هەروەها باسی لەوە کرد: "باشترە ئەم پرسیارە لە ئێرانییەکان بکەیت، بەڵام وەڵامەکە نەخێرە، کاتێک کەسێک لە ئەمریکا دەستگیردەکرێت، ئەوان بە پڕۆسەیەکی دادگاییکردندا تێپەڕدەبن، بەڵگە هەیە و دەچنە بەردەم دادوەر، هەروەها میراتی سەروەری یاسایی لەم وڵاتەدا واتە ئێمە تەنانەت شتێکیشمان نییە نزیکبێت لە بارمتە، بۆیە وەڵامەکەم نەخێرە، ئێمە خەڵکمان لە هەموو چینەکاندا هەیە کە تاوانیان کردووە، ئەوانیش بە پڕۆسەیەکی شەرعیی دادوەریدا تێپەڕبوونە و لەسەر ئەمەش سزا دراون، ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ ئەو پرسیارە.''

ئەمریکا لەسەر دوو ئاست لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆدایە، یەکێکیان پرسی ئەتۆمییە و ئەوەی دیکەش پرسی دەستگیرکراوەکانە، کە هەردوو پرسەکە پەیوەندی زۆریان بەیەکەوە هەیەوە و ئیدارەی بایدن ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدات لەسەر هەردوو پرسەکە لەگەڵ ئێران بگاتە رێککەوتن.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif