بەناز حەمە
-
ئەگەرچى توندوتیژییەکان لە حاڵەت دەرچون و بونەتە دیاردەیەکى مەترسیدار، تێپەڕبونى هەر رۆژێکمان بە بیستنى کارەساتێکى دڵ تەزێنە، ڕووداوى کوشتنى دوو مامۆستاکەى زانکۆ کە هەموانى توشى شۆککرد ، بەراستى پرسیارێکى لاى هەموان دروستکرد ئاخۆ ئەوکێشەیە ئەوەندە گەورەبو قابیلى چارەسەر نەبو تا ئەوکارەساتەى لێکەوتەوە ؟ دەبوو زانکۆکان ببنە شوێنى چارەسەرکردنى کێشەکان مەخابن ناخۆشترین روداو لەناو زانکۆ ڕایچڵەکانین ، بۆیە هەر لەدواى رودانى ئەم توندوتیژیە بریارى دەستگرتن بەسەر چەکى بێ مۆڵەت درا ، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئایا تەنها بونى چەک سەرچاوەى رودانى ئەو توندوتیژیانەیە ؟ لەراستیدا سەرچاوەى توندوتیژییەکان تەنها خۆى لە بونى چەکدا نابینێتەوە بەڵکو چەک ئامرازە بۆ ئەنجامدانى توندوتیژی ، بەڵام چەندان هۆکاریتر بەرۆکى هاوڵاتى ئەم هەرێمەى گرتووە کە دەبنە پاڵنەرى سەرهەڵدانى کێشەکان و دواتر بە ئەنجامدانى توندوتیژییەک کۆتایی دێت ..
کاتێک تاک بارى گوزەران و بژێوى ژیانى لەسەرشان قورس دەبێت تواناى هەڵگرتنى ئەوقورساییەى نابێت پاڵە پەستۆیەک لەسەرى دروستدەبێت و دەرەچەیەک نادۆزێتەوە بۆ دەربازبون لەو حاڵەتە بۆیە دواتر بەتوندوتیژییەک کۆتایی دێت ، ئەم گرانییەى لە ئێستادا بەرۆکى هاولاتى گرتووە قورسە لاى زۆر لەوخێزانانەى خاوەن داهاتێکى دیاریکراون بتوانن پێداویستیەکانیان دابینکەن ، کاتێک لەخێزانێکى کەمدەرامەتدا ئەندامانى خێزان چاوەڕێن دایک وباوکیان بە دەستى پرەوە بگەڕێتەوە ماڵەوە ، کاتێکیش کەئەمە ڕونادات بێگومان توندوتیژى سەرهەڵدەدات یان لەناو خودى خێزانەکەدا یان بەلاڕێدا رۆشتن و ئەنجامدانى توندوتیژییەک و تاوانێک لەدەرەوەى خێزان ، نادادى و نایەکسانى کۆمەڵایەتى لە نێوان تاکەکان و سەرهەڵدانى ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکانێک کە بەسەرمیللەتەوە بونەتە خاوەنى داهاتێکى زۆر و خۆشگوزەرانى بۆئەوان حەڵاڵەو بۆ ئەمان حەرامە، کاتێک گەنجێک دەبینێت منداڵى بەرپرسێک خاوەنى چەندین کۆمپانیاو ڤێلاو خۆشگوزەرانیە ئەمیش لەتوانایدا نیە ژیانێکى ساکار بژى ئیدى چۆن توندوتیژ نابێت ..
هۆکارى زیادبونى توندوتیژییەکانى کوشتن خۆکوشتن دەرەنجامى بونى فشارێکى زۆرى کۆمەلایەتى و دەرونی و ناسەقامگیرى سیاسیە لەسەر هاولاتى ، دەسەلات بارگرانیەکى زۆرى خستۆتەسەر ژیانى هاولاتیان باجێکى زۆر لەسەر هاولاتى زیادیکردووە ، رۆتیناتى دام و دەزگاکان زۆرن ، داواکارییەکانى ژیان زۆرن ، خەڵکانێکى زۆر بێکارن بەتایبەتى گەنجان ، نادادى و نایەکسانییەکى زۆر لەنێوان چبن و توێژەکاندا بونى هەیە ، نەبونى زمانى گفتوگۆو لەیەک تێنەگەیشتنى نێوان تاکەکان و بونى زمانێکى زبر ئەمەش داهێنانێکى ترى حیزبەکانە بەخستنەگەرى بەلێشاو لاپەرەى تۆرە کۆمەلایەتیەکان و شەرەجنێوى نێوان حیزبەکان و سەرقاڵکردنى تاک بەشتى لاوەکى و لەبیربردنەوەى بابەتە سەرەکیەکان ، بونى ناسەقامگیرى سیاسى و زۆرى ململانێکان وەک بیرمەندى کۆمەلناسى (ئمیل دورکایم) دەڵێ"لەهەرکۆمەڵگەیەک شەڕو ململانێ بونى هەبێت ئەوا کوشتن زۆردەبێت و پێچەوانەکەشى ڕاستە " بۆیە کۆمەڵگە پەرتەازەدەبێت و یەکانگیرى کۆمەڵایەتیش .
مامۆستاى زانکۆ
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق