یەکگرتوو کۆمەڵ خەریکی چین؟

ليست هناك تعليقات



-
عوسمان گوڵپی
-
کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیاندا پرسی وانەی پەروەردەی ئیسلامیان لە ناوەندەکانی خوێندن کردۆتە چەقی کۆبوونەوەیەکی باڵایان، لە ڕاستیدا من نامەوێ لەسەر ئەو پرسە قسەبکەم بەڵکو پێموایە زیاتر لە بیست ساڵە وانەی پەروەردە لە قوتابخانەکاندا کەنار خراوە و کراوەتە بابەتێکی ناکاریگەر.

ئەوەی مەبەستی منە خودی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیە کە دەبوو بەرلەوەی ڕووبکەنە حکومەت و دەسەڵات و هيزە غەیرە ئیسلامیەکان، ڕوو بکەنە خۆیان و کەمێك لۆمەی خۆیان بکردایە، لۆمەیەك کە دەبێت ڕایانگرێت و ببێتە جێی گۆڕانکاری، گەر ئەوان بەراستی لە خەمی پەروەردە و پەروەردەیەکی دروستی ئاینی ئەم کۆمەڵگەیەدان، بە ئەندازەی زەرورەتی بوون و بەرپرسیارێتیان، 

من پێموایە لە قۆناغەکانی سەرەتادا ڕەوتە ئیسلامیەکان هەنگاوێکی باش بوون لە بواری پەروەردە و پێگەیاندندا بە تەواوی کەموکورتیەکانیشەوە، بەتایبەت ڕەوتی یەکگرتووی ئیسلامی کە بە چەندین فاکتەر پشکی شێری لە ڕووی پەروەردەییەوە بەردەکەوێت و جێ پەنجەی جێ هێشتوە ، لەبەر ئەوەی بەبێ هیچ ترسێک خەڵک مناڵەکانی دەناردە مزگەوت و ماڵەکانیان بۆ کۆڕی وانەکانیان و ئەمەش بە ڕوونی کاریگەریەکانی بە کۆمەڵگەوە دەرکەوتبوون بەتایبەت ئەو جیلەی تەمەنی پێگەشتنیان لە نێوان ١٩٨٠ بوو بۆ ٢٠٠٠، هەر بۆیە لە چەندین ڕوەوە فشاری ئەو هێزانەی چاویان بە کۆڕە پەروەردەییەکان هەڵنەدەهات زیاتر دەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا لە دوای ساڵانی دوو هەزارەوە ئەوەی بەرپرسە لە لاوازی پرسی پەروەردە و پەروەردەی ئاینی، خودی ئەم حیزبە ئیسلامیانەن و پشکدارن تێیدا، کە ڕوویان لە مزگەوت و کۆڕی پەروەردەیی وەرگێڕا و چاویان بەتەواوی خستە سەر فراوانکردنی بازنەی حیزبی، حیزبایەتیەك هێشتا لێکەوتە سلبیەکانی بەتەواوی دەرنەکەوتوونو درێژخایەنترن.

ئەوان لە بازنە پەروەردەییەکانەوە بازیاندا بۆ ململانێی نێو قوتابخانە ناوەندیەکان و بەریەک کەوتنی نێو مزگەوتەکان و من و من و تۆتۆ کردن، لە پێناو بەهێزکردنی بازنەی حیزبی، چاویان لەسەر عەلقەی زیکرو وانەی پەروەردەیی لابرد و خستیانە سەر ڕێکخراو و شانەی حیزب و دەنگ و هەڵبژاردن و کورسی، وردە وردە بارەگا حیزبیەکانیان ئاوەدان کردنەوە و بەمەش بازنەی وانەکانیان لە مزگەوتەوە و بۆ هەموان تەسک کردەوە بۆ ئەندامەکانی خۆیان.

حیزبایەتی وەک شێرپەنجەی جەستەی پەروەردە، تەواوی ناوچەکانی گرتەوە، دەیان مامۆستای ئاینی باشیان لە مزگەوتان دوور خستەوە بۆ کاری حیزبی و پاساوێکیشیان دایە دەسەلات بۆ فشار، بانگخواز و مامۆستایانیان لەبری ئەوەی کەرەستەی پەروەردەیەکی فراوانتربن بۆ ئەم کۆمەڵگەیە، کەچی کردنیانە کەرەستەی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ پەرلەمان، مامۆستا پەروردەییەکانیان پەلکێشی لق و ناوچە و مەڵبەندکردن و خستنیانە نێو بازنەی ململانێ ناپێویستە نێوخۆیی و دەرەکیەکانەوە، میمبەرو مزگەوتەکانیان چۆڵکرد و بارەگاکان ئاوەدان، 

دەیان مامۆستای کاریگەری ئاینی و کۆمەڵایەتی بەهۆی حیزبایەتی و سیاسەتەوە لە ئامانجی خۆیان لایاندا و نەک ئامانجە حیزبیەکەیان نەپێکا بەڵکو بوونە نمونەیەکی خراپی دنیا ویستی و ئەوەی خەڵک بە کردار لێی بینین رێک پێچەوانەی تەواوی بانگەشەکانی ڕابردوی وتارەکانیان بوو، بەمەش کۆی پرسەکە زەرەر مەند بوو.

ئەوان شەریان لەسەر هەموو وەزارەتێک ئەکرد ئەوقاف نەبێ، وەزارەتێک کە تەواوی کایەکەی کایەی ئەوان بوو و یەکیەتی و پارتیش زۆر بۆیان گرنگ نەبوو، هەر بۆیە دووجار وەک پشکێکی لاواز داویانەتە بزووتنەوە بەڵام ئەوانیش وەک پۆستیکی وزاری بێ کاریگەر مامەڵەیان لەگەڵ کرد.

گەر یەکگرتوو کۆمەڵ وەک دوو هێزی ئیسلامی بەتەنیشت کاری حیزبیەوە بوارە پەروەردەییەکەیان پەرە پێ بدایە، ئێستا مەیدانی پەروردەی ئیسلامی تەسك نەدەبوویەوە تەنها بۆ قوتابخانە، تا لە ئەگەری لابردنیشیدا مەترسی هەبێ، بەڵکو لە هەر ناوچەیەکدا زیاتر لە قوتابخانەکان مزگەوتەکان جمەیان دەهات لە مندالان بۆ پەروەردەیەکی دروستی ئاینی دوور لە توندرەوی و حیزبایەتی.

لە ئێستادا دۆخی یەکگرتوو کۆمەڵ لە ڕووی پێگەیان لە نێو کایە پەروەردەییەکاندا زۆر لاوازە، ئەمە مانای ئەوە نیە ئەم حیزبانە خەڵکی باشی پەروەردەییان نیە بەڵکو بەمانای ئەوەی ئەوان وەک ستراتیج مامەڵەیان لەگەڵ ئەو بوارە فراوانە نەکرد بەلکو لە پەراوێزی کاری سیاسی و حیزبی و حکومی و پەرلەمانیدا دایان نابوو.

دەبوو تەواوی تواناو ململانێکانیان لەسەر پەرورەردە و ئایندەی بنیادنانی تاك بوایە، نەك لەسەر یاسای بودجەی ئەحزاب و هەلبژاردن و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و چی و چیتر، خەڵک لە پەروەردەدا لەگەڵیان دەبوو، بەڵام نەیانکردوو و دوور کەوتنەوە، وێڕای دوور کەوتنەوەیان لە عەلقە پەروەردەییەکان کەچی لە سیاسەت و ململانێ سیاسیەکاندا نەیانتوانیوە وەك پێویست سەرکەوتووبن، کە زەمینەی سەرکەوتنی گەورە هەبوو گەر ئەوان کەرەستەیەکی باشی سەرکەوتن بوونایە.

بۆیە هیوادارم یەکگرتوو و کۆمەڵ بەرلە هەر کەسێکیتر سەرزەنشتێکی ڕابردووی خۆیان بکەن و لەبەر خۆیانەوە بڵێن (لە فەراغی نەبوونی حکومەتێکی تەندروستدا) بەڵێ ئێمەش پشکێکمان لەو فەوزایە بەردەکەوێت کە لە پەروەردەی ئەم کۆمەڵگەیە بوونی هەیە، پشکدارین بەوەی خەریکە کۆمەڵگە بەتەواوی بەرەو هەڵدێر دەچێت و ئێمە وەک ئەوەی پێویستە ببین نەبووین، دەتانتوانی بەدوو باڵی پەروەردە و سیاسەت بەرز بەرز بفڕن بەڵام بەیەک باڵ فڕین و نزم نزم نیشتنەوە

تێبینی

ئەم جۆرە بابەتە بە ڕەهایی قسەی تێدا ناکرێ و قسەکانم رێژەیی وەرگرن، وە ئەم دوو حیزبە جیاوازیان هەیە لەو پرسانەدا و پێموابێ یەکگرتوو لە کۆتا کۆنگرەیەوە هەڵوێستەیەکی بچوکی کردوە، هەڵوێستەش هەنگاوی بەرلە بەخۆداچونەوەیە!، هیوادارم ئەم نوسینە بە چاوی ڕەخنەیەکی بنیادنەرەوە لێی بڕوانن نەك رق.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif