قەیرانی بەها

ليست هناك تعليقات


"لەتۆقاندنی تاقیکردنەوەوە بۆ شکاندنی کەسایەتی قوتابی و خوێندکار"
-
سەلام عەبدولکەریم
-
ئەو رووداوەی ئەمڕۆ روویداو رێگە بەخوێندکارێک نەدراوە پێویستی تایبەتی خۆی ئەنجام بدات و بەو شێوەی خۆی باسی دەکات جێبەجێیکردووە پرسێکی ئێجگار گەورەی هەنووکەیی نێو سیستەمی پەروەردەو فێرکردن و زانستە، کەهەڵگری زیاتر لەگرفتێکە. 

ئەم رووداوە بەرلەوەی پرسێکی تایبەتی خوێندکارەکە بێت، پرسێکی دەستەجەمعی و پرسیارو گومانکردنی گەورەیە لەکۆی پرۆسەی خوێندن و پەروەردەو فێرکردنی ئێمە. هاوکات رەخنەیەکی جدییە لەبەهاو نۆرم و ئەوەی ناونراوە بنەماو پرەنسیپەکانی پەروەردەو فێرکردن و زانست و مەعریفە لەدایەنگە و باخچەو قوتابخانەو خوێندنگەکانەوە تادەگاتە پەیمانگەو زانکۆکان، بەجۆرێک ئەم ناوەندانەی پەروەردەو فێرکردن و مەعریفە هەگری گرفتی گەورەن لەڕووی بێتوانایی لەدروستکردنی بەهای مرۆیی و رێزگرتن لەپێداویستییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ و بەرهەمێنانی مرۆڤێک، کەخۆی بەها جوانەکانی وەک متمانەو بڕوابەخۆبوون و گزینەکردن لەناخیدا دروست بکات.

ئەم سیستەم و پرۆسەو پیواژۆیانە تائێستا توانای دروستکردنی متمانەیان لای قوتابی و خوێندکار نەبووە، تەنانەت ئەو تێگەیشتن و هەستەشی لای مامۆستا و کتۆرو پەروەردەکاران دروستنەکردووە، کە حاجەی مرۆڤ زۆرجار لەدەرەوەی کۆنترۆڵی خۆیەتی. هاوکات دەبێ لێرە بەدواوە کار لەسەر ئەو جۆرە متمانە بکرێت، کەقوتابی و خوێندکار ئەسڵەن نەک تا تەوالێت بەڵکو لەهۆڵی تاقیکردنەوەش پێویستی بەمامۆستا و چاودێرو رەقیب نەبێت. ئەم متمانەو بەها دروستکردنە لای قوتابی و خوێندکار بەچەند میکانیزمێک دروست دەکرێت، 

یەک: نمرە پێوەر نەبێ بۆ وەرگرتن لەزانکۆو پەیمانگاکان.
دوو:قوتابی و خوێندکار بەشداری پێبکرێن لەدانانی پرۆگرامەکانی خوێندن.
سێ: فێرکردن و بەشداریکردن قوتابی و خوێندکار لەدانانی پرسیاری تاقیکردنەوە.
چوار: دروستکردنی متمانەو کەسایەتی بەرز لەناخی قوتابی و خوێندکار، کەبێ مامۆستا و چاودێر بچێتە هۆڵی تاقیکردنەوەو خۆی چاودێر بێت بەسەر خۆیەوە.
پێنجەم: وازهێنان لەپرسیاری هەڵبژاردن و دەرخ و لەبەرکردن و دانانی پرسیاری کراوەو وەڵامدانەوەی تێگەیشتن و لێکدانەوە. ئەمانەو زۆر ئامرازی دیکە یارمەتیدەر دەبن لەهێنائارای سیستەمێکی تەندروست کەقوتابی و خوێندکار هانبدات پێویستیان بەم کەش و هەوا پڕ لەترس و تۆقاندن و پڕ لەسترێس و خەمۆکییە نەبێت، کەهێندەی لەکاتی خوێندکاری و ئێستاش تا ئاستی زانکۆکان تێبینیم کردوە سیستەم و کەشوهەوایەکی تەواو پۆلیسی و تۆقاندن و فۆبیایە، کەدەرئەنجامی زۆر خراپی لێکەوتۆتەوە. ئەڵبەت چۆنێتی مامەڵەکردن و ئەتەکێتی مامۆستایان و چاودێرانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە پێویستی بەلێوردبوونەوەو لەسەر راوەستانی زیاتر هەیە، تاحاڵەتێکی ناپەروەردەیی وەک ئەوەی ئەمڕۆی لێنەکەوێتەوە.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif