سەبارەت بە بنبەستی سیاسی

ليست هناك تعليقات


 









بورهان ڕەئوف‌

دوای‌ هه‌شت مانگ له‌ بنبه‌ست و چه‌قبه‌ستنی‌ سیاسیی له‌ عیراقدا، ته‌واو بوون و به‌سه‌رچوونی‌ هه‌موو ماوه‌ ده‌ستووری‌ و یاساییه‌كان نه‌توانرا و نه‌كرا سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵببژێردرێت و حكومه‌ت پێكبهێنرێت .

هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ ناكۆكی‌ ناو ماڵی‌ شیعه‌, ره‌وتی‌ سه‌در و چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نه‌یانتوانی‌ بگه‌نه‌ فۆڕمێكی‌ هاوبه‌ش و كابینه‌ پێكبهێنن، پریشكی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ناو ماڵی‌ كوردیشی‌ گرته‌وه‌ و یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش تا هه‌نووكه‌ له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار پێك نه‌هاتوون، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك كۆمار پشكی‌ یه‌كێتییه‌ به‌ گوێره‌ی‌ رێكه‌وتنامه‌كانی‌ پێشووی‌ نێوان هه‌ردوولا و عورفی‌ سیاسی‌ عیراقیش.

سوننه‌كان ئه‌مجاره‌ جیا له‌ جاره‌كانی‌ پێشوو بێ كێشه‌ بوون و به‌هه‌ر هۆكارێك بێت پێكهاتن له‌نێوان خۆیاندا و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیان خێرا یه‌كلایی‌ كرده‌وه‌ بۆ خۆیان.

دۆخی‌ ناسك و ئاڵۆزی‌ عیراق به‌رگه‌ی‌ ململانێی‌ زیاتر ناگرێت، دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌در له‌ په‌رله‌مان به‌ كۆمه‌ڵ، به‌ دڵنییایه‌وه‌ ململانێكان قووڵتر ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ كاتی‌ موجامه‌له‌ و موزایه‌ده‌ و خۆنمایشكردن و دروشمی‌ پۆپۆلیستی‌ نه‌ماوه‌، ده‌رد و مه‌ینه‌تییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ عیراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ وه‌ك مانگی‌ چوارده‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ دیارن، مه‌گه‌ر گێله‌كان نه‌یانبینن، گه‌نده‌ڵی‌ په‌تا گه‌وره‌ و شێرپه‌نجه‌ییه‌كه‌ی‌ عیراق جه‌سته‌ی‌ وڵاتی‌ ته‌نیوه‌ و مه‌ترسی‌ و زیانه‌كانی‌ له‌ تیرۆر زۆر زیاترن و خه‌ڵكی‌ نه‌دار به ‌هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ باجه‌كه‌ی‌ ده‌ده‌ن .

چاره‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ چییه‌؟

له‌ بیرمه‌ كاتی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ تشرینی‌ 2019 هادی‌ عامری‌ ئه‌مینداری‌ رێكخراوی‌ به‌در له‌ وتارێكدا داوای‌ لێبوردنی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ خۆیان كرد و وتی‌ ده‌مانتوانی‌ زۆر بكه‌ین، به‌ڵام نه‌مانكرد، بۆیه‌ بڕیاری‌ ئازایانه‌ و دروست داوای‌ لێبوردن و به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌، چۆن بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ تیرۆری‌ داعش، مه‌رجه‌عی باڵای‌ شیعه‌ سه‌ید عه‌لی سیستانی‌ فتوای‌ جیهادی‌ كیفائی‌ دا، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش زۆر گرنگ و پێویسته‌ فتوای‌ جیهاد دژ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ بدرێت .

چونكه‌ تیرۆریستان له‌ كووچه‌ و كۆڵانێكدا ته‌قینه‌وه‌یه‌كیان دەکرد، یان هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیان به‌ ئامانج ده‌گرت و داموده‌زگایه‌كی‌ ده‌وڵه‌تیان تێك ده‌دا، به‌ڵام گه‌نده‌ڵكاران ده‌ستیان خستۆته‌ بیناقاقای‌ به‌شی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ عیراق و پارووی‌ ده‌میان ده‌دزن، هیچ حزب و لایه‌ن و پێكهاته‌یه‌كیش خۆی‌ نه‌كات به‌ فریشته‌، چونكه‌ گه‌نده‌ڵكاران دابه‌شبوون به‌ سه‌ر هه‌موویاندا.

بۆیه‌ هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی و ئه‌وانه‌ی‌ نزیكن لێیانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌خوازن حكومه‌ت پێكبهێنن و سه‌قامگیری‌ سیاسی‌ له‌ وڵاتدا بێننه‌ ئاراوه‌، با به‌ڵێن بده‌ن له‌ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا نان و ئاو ئارامی‌ و كاره‌با و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و یاسا و ده‌وڵه‌تی‌ قانون دابین ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندیی‌ هاوسه‌نگ له‌ ته‌ك ده‌ر و دراوسێدا ده‌به‌ستن، ئه‌وكات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گه‌لی‌ عیراق پشتیوانییان ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌می‌ عه‌وله‌مه‌ و سۆشیال میدیایه‌دا زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت حوكمڕانی‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بكرێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق