شاندێکی ئێران بۆ پرسی خۆڵبارین سەردانی عێراق دەکات

ليست هناك تعليقات

 

بڕیارە شاندێکى کۆمارى ئیسلامیی ئێران، بۆ تاوتوێکردنى کاریگەرییەکانى خۆڵبارین و چۆنێتى چارەسەرکردنى، سەردانى عێراق بکات.

عەلى بەهادورى جەهرومی، گوتەبێژى حکومەتى کۆمارى ئیسلامیى ئێران رایگەیاند؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، دوو بەرپرسی حکومەتى راسپاردووە بۆ ئەوەى سەردانى عێراق و چەند وڵاتیکى دیکە بکەن، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی خۆڵبارین.

گوتەبێژى حکومەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە توێتیکدا کە لە 26ى ئایارى 2022 بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت شاندێکى هونەریى بە سەرۆکایەتى عەلى سەلاجقە، یاریدەدەرى سەرۆکۆمار و سەرۆکى رێکخراوى پارێزگارى لە ژینگەى ئێران، سەردانى عێراق دەکەن.

بەپێی ئاماری دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 10 شەپۆلی خۆڵبارین لە عێراق تۆمارکراون. بەشێک لەو شەپۆلانە کاریگەرییەکەیان لەسەر پارێزگاکانی خۆرئاوای ئێران هەبووە.

رۆژی 25ى ئایارى 2022 وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەى کردووە، هەردوولا باسیان لە گۆڕانى کەشوهەوا و گۆڕانکارییەکانى ژینگە و خۆڵبارین لە ناوچەکە کردووە.

هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوولا رێککەوتوون، کە شاندەکانی هەردوو وڵات کۆبوونەوەیەکی هونەری بکەن، ئەویش بە مەبەستی تاوتوێکردنى ئەو ئاڵنگارییە ژینگەییانەى، کە لە ئایندەدا رووبەڕووى هەردوو وڵات دەبنەوە، بەتایبەت ئەوەى پەیوەندارە بە خۆڵبارین، وشکەساڵی و بە بیابانبوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق