دانیا سیتی، تکایە کارەکەت ڕاگرە

ليست هناك تعليقات


‎یەكێك لە چالاكوانەكانی سلێمانی لە بابەتێكدا باس لە بێهەڵوێستی دامەزراوەكانی حكومەت دەكات بەرامبەر بەو تەجاوزانەی كە سەرمایەدار و بەرپرسەكان لە پرۆژەكانیان دەیكەن

‎عوسمان گوڵپی لە بابەتێكدا داوای دەكات كە چالاكوانان و خەڵك بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو تەجاوزانە و وەك نمونەش لە نوسینەكەیدا باسی لە دانیا سیتی كردوە و بەڕوونی باس لە ڕاگەیاندنی كەمپەین و دروستكردنی فشار دەكات لەسەر هەندێك پرۆژەی نزیك لە بەرپرسەكان

دەقی نوسینەكە وەك خۆی

من ڕۆژانە چەند جارێك دەدەم بە بەردەم دانیا سیتی دا و دڵنیام ئێوەی خوێنەریش ڕۆژانە چاوتان بە چەندین پرۆژەی نیشتەجێبوون و مەغزەنی تەجاوز دەکەوێت، وێڕای بوونی چەندین گەندەڵی و سەرپێچی کەچی بۆ تەنها جارێکیش لەسەر لەوحەی پرۆژەیەك نەمانبینی شارەوانی و بەشی زیادەڕەوی بنوسێت

( تکایە کارەکەت ڕاگرە زیادە ڕەوی تێدایە)، کەچی لە هەر کۆڵانێکی ئاساییدا تێدەپەڕی لەسەر دیوار و لە جامخانەی دووکان و لەسەر حەوشە دەنوسرێت( تکایە کارەکەت ڕاگرە و سەردانی شارەوانی بکە)، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم حکومەتە و بەشی زیادە ڕەوی و دامەزراوەکانی تەنها بۆ خەڵکی ئاسایی و هەژار جێبەجێکەری یاسان، لەوەش گەڕێ چ گەندەڵیەك لە بواری زیادەڕەویدا هەیە.

پرۆژەی دانیا سیتی بەرلە گۆرینی بەشێكی بۆ بازرگانی 

گەر سەنجی دانیا سیتی بدەین لە سلێمانی، ئەوا چەندین پێشێلکاری ڕوون لەم پرۆژەیەدا دەبینین، ئەگەرچی لە چەندین باڵەخانەی کوالیتی بەرزی جوان پێکهاتوە کە پرۆژەیەکی جوانە بۆ وەبەرهێن و بەرپرسە شەریکەکانیان (بۆ هەر شوقەیەك نرخەكەی نزیك بە ٢٥٠٠٠٠ دووسەدوپەنجا هەزار دۆلارە، هەر باڵە خانەیەك نزیك بە ١١٥ شوقە پێكهاتوە) ، بەتەنیشت باڵەخانەکانی دانیا سیتیەوە دوو باڵەخانەی بچوکتر و کوالیتی نزمتر بوونیان هەیە، کە لە بەرامبەر وەرگرتنی زەویەکەدا دروستکراوە لە لایەن دەستی دووەمەوە بۆ دەستی یەکەم كە بازرگانێكی نزیك لە بەرپرسانە (قسەی زیاتر هەڵدەگرێت و بۆ کاتێکیتر، بۆ کێ کراوە و لەبەرامبەرچیدا و چۆن و بۆ)

دانیا سیتی سەرەتا تەنها پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بوو، دواتر لەسەر جوتسایدی داغڵ بوون بەرەو ئیبراهیم ئەحمەد لە تەنیشتی نەخۆشخانەی فارووقەوە، ئەم پرۆژە نیشتەجێبوونە کە بەپێی نەخشەی سەرەتای چەند ڤێلاو خانویەکی پێشکەوتوون، کەچی لە ئێستادا کراونەتە شوێنی بازرگانی و نرخی هەر یەکێکیان سەروو یەك ملیۆن دۆلارەوەیە(نرخی هەر شوقەیەک و باڵەخانەکان و کۆی پرۆژەکە و شەریك و خاوەن و چۆنیەتی وەرگرتنی قسەی زیاتری دەوێ)

لابردنی شۆستەكانی شەقامەكە و كردنیان بە شوێنێ وەستانی ئۆتۆمبێل

بەردەم ئەم بازاڕە بازرگانیە، شۆستەیەکی پانی شەقامە گشتیەکانە، کەچی ئەم کۆمپانیایە بەسودی پرۆژەکەی خۆی شۆستەکانی لابردوە و بەردەمەکانی کردۆتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و شۆستەکان و درەختەکانی تەنیشتی شەقامەکان هیچ بوونێکیان نەماوە، یانی گەر هاوڵاتیەك پێڕەوی بکات لەو بەردەمەوە کە چەند سەد مەترێکە، شۆستەیەك بوونی نەماوە بەسەریدا بڕوات. کەچی بۆ تەنها یەك جاریش شارەوانی و زیادەڕەوی و وەبەر هێنان قسەیەکیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نەکردوە و بە کاکی خاوەن یان بەرپرسە شەریکەکانی بڵێن زەویەکەت چۆن وەرگرت و کێ شەریکتانە قەینا، گۆڕینی ڤێلاکان بە بازار و شوێنی بازرگانی ئەویش قەینا، بەڵام لابردنی شۆستەکە و کردنی بە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل نایاساییە و ڕێ پێنەدراوە، لا بردنی هەموو درەختەکانی تەنیشت شەقامەکە و سەر شۆستەکە نایاساییە و تەجاوزە و فەرموو دروستیان بکەرەوە، لابردنی مۆقیفی پاسی بەردەمەکەت تەجاوزە و داینێرەوە، تەنها دێڕیكم نەبینی لەسەر دیوارەکەی بنوسرێ کارەکەت ڕاگرە و سەردانی شارەوانی بکە، جەنابی دانیا سیتی

هەر بۆیە کاتێك حکومەت و دامەزراوەکانی ناتوانن بە ئەرکی خۆیان هەستن و ڕێگری لە هەموو تەجاوزاتە بکەن و بە مەبەست توانای ڕێگریان نیە لە بەرپرس و شەریکەکانیان، ئەوا پێویستە هاوڵاتیانی ناوچەکە و چالاکوانان ببنە بەرگریکار لە بەرژەوەندی گشتی و ببنە ڕێگر لەسەر ئەو هەموو زیادەڕەویانەی لە ناوچەکانیان دەکرێن، دەزانم دەستی بەرپرسەکان بە ئاسانی ناشكێتەوە، بەڵام کاری تیم و کۆدەنگی و ڕاگەیاندنی کەمپەین و گردبوونەوە و دروستکردنی ڕای گشتی لەسەر پرسێك یان زیادە ڕەویەك کاریگەری خۆی دەبێت و چیتر دەبێت باشتر لەسەر ئەو هموو زیادەڕەویانە بێینە دەنگ کە بەرژەوەندی گشتیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی.

عوسمان عبدلڵە



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif